Tuesday, June 9, 2009
ئاڵای ئازادی : خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان گله‌یی و ناڕه‌زایی زۆریان له ئه‌دای کاری په‌رڵه‌مان و حکومه‌ت هه‌یه ، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پێشکه‌شکردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری ، ئایا ئه‌و گله‌یی و ناڕه‌زاییه‌ی خه‌ڵک تا چه‌ند لیسته جیاوازه‌کان ده‌توانن ئه‌و هه‌له بقۆزنه‌وه ، هه‌روه‌ها حزبه باڵاده‌سته‌کان چۆن ده‌توانن کاری بۆ بکه‌ن ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : له‌ڕاستیدا دانانی به‌رنامه کارێکی زه‌روورییه بۆ خه‌باتی سیاسی و په‌ڕله‌مانی ، دانانی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر بنچینه‌ی گله‌ییه‌کان ، ره‌نگه مه‌ودایه‌کی کورتی هه‌بێت و دوای بڕینی ئه‌و مه‌ودایه کاریگه‌رێتی نه‌مێنێت . ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات که‌مێک وریابێت و بتوانێت به‌شێک له‌و شتانه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای گله‌یی دروست ده‌بێت چاره‌سه‌ربکات ، گله‌ییه‌کان پووچه‌ڵده‌کاته‌وه‌و ، ده‌ورو کاریگه‌رێتی ئه‌و لیستانه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای گله‌یی کارده‌که‌ن کلۆرو مایه‌پووچ ده‌کات . له‌م پڕۆسه‌یه‌دا ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی جێگیر کاربکرێت .
ئاڵای ئازادی : بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای هه‌ڵبژاردن ، به لیستی کراوه بێت یان داخراو ، کامیانت پێباشتره ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : ئه‌و شێوازه باشتره که نوێنه‌رایه‌تیی حه‌قیقی لێده‌که‌وێته‌وه ، بۆیه له هه‌موو هه‌ڵبژاردنێکدا ، ئاسایی وه‌ها ده‌بینم که به لیستی کراوه بێت . ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندیی نوێنه‌رایه‌تیی راسته‌قینه‌یه بۆ خه‌ڵکی ، نه‌ک هه‌ر بۆ لیسته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ڵکو بۆ ئه‌و حزبانه‌شی ئێستا له‌ده‌سه‌ڵاتدان . پێویسته له‌هه‌موو ئاسته‌کاندا به‌پێی ناو ، به‌پێی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن ، کاندیده‌کان ده‌نگیان پێبدرێت ، ئه‌مه باشتره له‌وه‌ی له‌لایه‌ن حزبه‌کانه‌وه لیستی کاندیدکراوه‌کان ده‌ستنیشانبکرێت ، ئه‌وه‌ی که خه‌ڵک ده‌نگ به نوێنه‌ری خۆی بدات کارێکی زۆر گرنگه ، چونکه ئه‌وه یه‌کێکه له پرنسیپه‌کانی دیموکراسیی بۆرژوازی که تۆ به‌شداریی بکه‌ی له هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ری خۆت بۆ په‌ڕله‌مان نه‌ک حزب به‌ناو نوێنه‌رت بۆ دیاری بکات و ، ئه‌و کاته‌شی که ده‌نگ ده‌ده‌یت نازانیت دوایی حزب کێ ده‌کاته " نوێنه‌رت " له په‌ڕله‌ماندا ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ پێشه‌کی حزبت کردووه به نوێنه‌ری خۆت و ئیتر مه‌رج نییه ئه‌ندامه‌کانی په‌ڕله‌مان که حزب دایان ده‌نێت خه‌ڵک لێیان رازیبێت و دوور نییه که‌سانی وه‌هاشی تێبکه‌وێت که پێشینه‌ی نیشتمانیبوونیان نه‌بێت یان رابردوویه‌کی باشیان نه‌بێت . بۆیه دووپاتی ده‌که‌مه‌وه که لیستی کراوه باشتره و پێویسته خه‌ڵک ده‌نگی راسته‌وخۆی خۆی به نوێنه‌رانی ناسراو ، به ناو‌و به‌پێی بازنه بدات ، واته ده‌بێت خه‌ڵک بزانێت ئه‌و که‌سانه کێن که ده‌نگیان پێ ده‌دات ، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه وه‌ک ئه‌وه‌کانی پێشووبێت و حزب لیسته‌کان دابنێت ئه‌وا به هه‌مان هه‌ڵه‌کانی رابردوودا ده‌چینه‌وه‌و شتێک به شتێک ناکه‌ین .
ئاڵای ئازادی : له وڵاتانی تردا‌و له کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بانگه‌شه‌یه‌کی روون بۆ پاڵێوراوه‌کان ده‌کرێت و له هه‌ندێک شوێنیش پاڵێوراوه‌کان له مونازه‌ره‌کردندا رووبه‌ڕووی یه‌کتر ده‌بنه‌وه‌و قسه له‌سه‌ر رابردوو و ئه‌و به‌رنامانه ده‌که‌ن که دوای وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات جێبه‌جێیده‌که‌ن ، ئه‌م حاڵه‌ته بۆچی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا بوونی نییه ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : به‌ده‌ر له‌و به‌راوردکردنه ( که مه‌رج نییه هه‌موو کاتێک به‌راوردکردن راست بێت ) ده‌ڵێم : به‌هۆی ئه‌وه‌ی بارودۆخێکی تایبه‌تی له کوردستاندا هه‌یه ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک پاڵنه‌ر ( دوافع ) ی سیاسییه‌وه که کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر تێکڕای وه‌زعه‌که داده‌نێن ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاسه‌واری شه‌ڕی ناوخۆ ماوه که دوو لایه‌نی سه‌ره‌کیی ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌شدارییان تێداکردووه‌و رابردوویه‌کی له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی چه‌کداریی کوردستاندا هه‌بووه ، دوو لایه‌ن که هه‌ردوولایان جه‌ماوه‌رو به‌رنامه‌و هێزی چه‌کداری خۆیان هه‌بووه‌و هه‌یه . پێموایه ئه‌وه بۆ گشتمان روونه که کوردستان به‌و بارودۆخه تایبه‌ته‌دا هاتووه‌و بۆیه ئه‌و شێوازانه‌ی له پرسیاره‌که‌دا هاتوون بۆ ئیمڕۆی وه‌زعی ده‌سه‌ڵاتداران نه‌گونجاوه‌و دوور نییه شه‌ڕیتری لێبکه‌وێته‌وه ؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شێوازی مونازه‌ره - له‌ڕووی بابه‌تییه‌وه - شێوازێکی راست و گونجاوه که حزبه‌کان ، لیسته‌کان ، کاندیده‌کانی په‌ڕله‌مان په‌یڕه‌ویی بکه‌ن و له‌و رێیه‌وه کێبه‌رکێی یه‌کتری بکه‌ن . کاتێک دوو پاڵێوراو بۆ یه‌ک پۆست خۆیان کاندید ده‌که‌ن مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه قسه بۆ خه‌ڵک بکه‌ن و خه‌ڵکیش ره‌خنه‌یان لێبگرێت ، هه‌ریه‌که‌یان لایه‌نی به‌هێزیی خۆی ولاوازیی به‌رامبه‌ره‌که‌ی نیشان بدات تا خه‌ڵکی بتوانێت بڕیاری هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ری خۆی بدات ، چۆن خه‌ڵک ده‌توانێت نوێنه‌ری خۆی هه‌ڵبژێرێت کاتێک بۆی روون نه‌بێت که نوێنه‌ره‌که‌ی کێیه ؟ حزبه‌کان یان لیسته جیاوازه‌کانیش ده‌توانن له هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا شێوازی مونازه‌ره به‌کاربهێنن ، نوێنه‌ره‌کانیان باسی به‌رنامه‌ی خۆیان بۆ خه‌ڵکی بکه‌ن . له‌ڕاستیدا ئه‌م شێوازه تائێستا له‌لای ئێمه وجوودی نه‌بووه‌و نییه ئه‌وه‌ش ره‌نگه په‌یوه‌ندی به پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستانه‌وه هه‌بێت ، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی واقیعی ئیمڕۆ وه‌هایه که خه‌ڵک ئه‌وه‌نده‌ی سه‌یری حزبه‌کان و که‌سانی ناسراوی حزبه‌کان ده‌که‌ن ، ئه‌وه‌نده گوێ به‌وه ناده‌ن به‌رنامه‌کان چین و له ئاینده‌دا چۆن حوکم ده‌کرێن .
ئاڵای ئازادی : ئه‌گه‌ر ئه‌و لیسته نوێیانه‌ی بڕیاره دروست ببن و به‌شداریی له هه‌ڵبژاردندا بکه‌ن ، له‌بارێکدا نه‌یانتوانی سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن و لیستی حزبی باڵاده‌ست سه‌رکه‌وت ، پێتوایه هیچ گۆڕانێکی سیاسی له هه‌رێمی کوردستاندا رووبدات ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : من پێموانییه ئه‌و لیسته نوێیانه‌ی به‌شداریی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌که‌ن و وه‌ک ئۆپۆزسیۆن کارده‌که‌ن هیچ ده‌نگێک به‌ده‌ست نه‌هێنن ، چونکه ئۆپۆزسیۆن ته‌نها کۆمه‌ڵێک که‌سی رۆشنبیر نین که به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات راوه‌ستابن ، به‌ڵکو جه‌ماوه‌رێکیشه که ناڕازییه له بارودۆخی سیاسی و ئابووریی کوردستان . کۆمه‌ڵێک چین و توێژی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه به‌رژه‌وه‌ندییان نه‌پارێزراوه‌و ده‌یانه‌وێت که‌سانێک بهێننه سه‌رکار که به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان بپارێزن ، بۆیه ئه‌و لیستانه‌ی ده‌یانه‌وێت وه‌ک ئۆپۆزسیۆن به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بکه‌ن ، به‌ده‌ستی به‌تاڵ ده‌رناچن ؛ خۆ ئه‌گه‌ر گریمان که‌سیشیان ده‌رنه‌چوون ، ئه‌وه ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت له ده‌ره‌وه‌ی په‌ڕله‌مان و حکومه‌ت کاریگه‌ریی هه‌بێت ، له هۆیه‌کانی راگه‌یاندن و سه‌رشه‌قامه‌کاندا ده‌ور ببینن هه‌روه‌ک چۆن له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان ده‌وریان هه‌بووه‌و چوونه‌ته به‌رده‌م بینای پارێزگاکان و په‌ڕله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ... هتد و داواکانی خۆیان پێشکه‌شکردووه ؛ هه‌ر ئه‌م خۆپیشاندانه‌ش که‌له‌رابردوودا کراون بۆ خۆیان به‌ڵگه‌ی جووڵانه‌وه‌یه‌کن که ده‌کرێت تا راده‌یه‌ک وه‌ک پشتگیریی بۆ لیسته‌کانی ئۆپۆزسیۆنی له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین . له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتنی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیش ( راستتر دوو حزبه‌که ) له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌که‌وێته سه‌ر پێشبینی کردن ، ئه‌وه‌ش به پشت به‌ستن به پڕاکتیکی رابردوو ، ئه‌و پڕاکتیکه‌ش مژده‌ی چوونه‌پێشه‌وه نادات ، به کورتی و پوختی من به گۆڕانی بارودۆخه‌که یان هیچ پێشکه‌وتنێک له واقیعی ئیمڕۆی کوردستاندا گه‌شبین نیم .
ئاڵای ئازادی : بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای هه‌رێمی کوردستان ، هه‌ڵپه‌ساردنی ده‌نگ چۆن ده‌بینیت ، کاتێک هاوڵاتییان نه‌چوونه سه‌ر سه‌ندووقه‌کانی ده‌نگدان و به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردندا نه‌کرد ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : هه‌ڵپه‌ساردن یان بایکۆتکردنی ده‌نگدان په‌یوه‌ندی به‌بارودۆخه‌وه هه‌یه ، ناتوانین بڵێین : له هه‌موو حاڵه‌تێکدا بایکۆتکردن دروسته . بایکۆتکردن هه‌موو کاتێک به موتڵه‌قی دروست نییه ، ئه‌وه ده‌که‌وێته سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و بارودۆخه له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نه‌ی بڕیار ده‌دات بایکۆتی هه‌ڵبژاردن بکات یان نه‌یکات ، له‌به‌ر ئه‌وه وه‌ک بۆچوون و پرنسیپ بایکۆتکردن ئه‌گه‌رێکه له ئه‌گه‌ره‌کان که به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت په‌نای به‌رێته‌به‌ر به مه‌رجێک ئه‌و بایکۆتکردنه خزمه‌ت به‌بارودۆخه‌که‌و گه‌شه‌کردنی بزووتنه‌وه‌یه‌ک بکات که ئه‌و لایه‌نه تیایدا نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات ؛ ئه‌گه‌ر بایکۆتکردن خزمه‌ت به گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌ک نه‌کات ، ده‌بێته هه‌ڵوێستێکی سه‌رپێیی و هه‌ڵه له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا.
له ئیمڕۆی وه‌زعی کوردستاندا بایکۆتکردن کارێکی دروست نییه ، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌شداریی بکه‌یت باشتره ، به‌مه‌رجێک بزانیت ده‌نگ به‌کێ ده‌ده‌یت و چۆن نوێنه‌رانێک ده‌گه‌یه‌نیته په‌ڕله‌مان ، چه‌نده ئه‌و نوێنه‌رانه که‌میش بن .
بایکۆتکردن بارودۆخی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌و له‌و بارودۆخه تایبه‌ته‌دا ده‌توانرێت بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت ، نموونه‌یه‌کت بۆ ده‌هێنمه‌وه له‌سه‌ر مێژووی شۆڕش له روسیا : ساڵی 1905 بۆ په‌ڕله‌مانی روسیای تزاری که پێیان ده‌گوت ( دۆما ) هه‌ڵبژاردن ده‌کرا ، ئه‌و کاته حزبی به‌لشه‌فی حزبێکی به‌هێز بوو پێشڕه‌ویی حه‌ره‌که‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریی فراوانی ده‌کرد ، بزووتنه‌وه‌یه‌کی شؤڕشگێڕانه له ئارادا بوو بۆیه بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌و ساڵه‌ی کرد ، ئه‌و بایکۆته چووه خزمه‌تی بزووتنه‌وه‌که‌وه‌و راپه‌ڕین روویدا به‌ڵام به شکست کۆتاییهات ؛ دواتر هه‌ر هه‌مان حزبی به‌لشه‌فی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 1912 نه‌کرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌ی ئه‌و کاته له‌بار نه‌بوو و بایکۆتکردن خزمه‌تی به حزبه‌که‌یان و بزووتنه‌وه‌ی شؤڕشگێڕانه نه‌ده‌کرد و پێیان باشتر بوو که چه‌ند ئه‌ندامێکیان بگه‌یه‌ننه په‌ڕله‌مان و له‌وێ به‌رنامه‌ی خۆیان پێشکه‌ش بکه‌ن و له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات و قه‌یسه‌ردا رایبگه‌یه‌نن ، بۆیه دیسان ئه‌وه دووپاتده‌که‌مه‌وه که ئێستا بایکۆتکردن راست نییه‌و خزمه‌ت به‌خه‌ڵک و ئاینده ، لانی که‌م له چه‌ند ساڵی داهاتوودا ، ناکات .
ئیمڕۆ کوردستان به بارودۆخێکی تایبه‌تیدا تێده‌په‌ڕێ ، وه‌زعی عێراق ناجێگیره ، ئاینده‌ی روون نییه ، شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی خه‌ریکی خۆکۆکردنه‌وه‌یه ، هه‌ڕه‌شه‌ی جیددی له‌سه‌ر دۆزی ره‌وای کورد هه‌یه ، دراوسێکانی کوردستان هه‌ڵوێستی تاکتیکی و دووفاقانه‌مان له‌گه‌ڵدا په‌یڕه‌وده‌که‌ن ، گه‌نده‌ڵی تا سه‌ر ئێسقان کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی داڕزاندووه ، له‌به‌ر ئه‌وه مانه‌وه‌ی حکومه‌ت و په‌ڕله‌مان – به که‌موکورتییه‌کانیشیه‌وه - زه‌رووره‌تی خۆی له‌ده‌ستنه‌داوه‌و نابێت ده‌ستبه‌رداری ببین ، له‌هه‌مان کاتیش‌دا ده‌بێت بزانین چیده‌که‌ین و چی ده‌ڵێین و چۆن هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردندا ده‌که‌ین .
رۆژنامه‌ی ( ئاڵای ئازادی ) ژماره 800 دووشه‌ممه 30 / 3 / 2009
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Wednesday, June 3, 2009
ئاڵای ئازادی : ئایا ئۆپۆزسیۆن پێویستی به‌وه هه‌یه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی باڵاده‌سته‌وه سنوور‌و چوارچێوه‌یه‌کی بۆ دیاری‌بکرێت تا کاری سیاسی خۆی له‌و سنووره‌دا بکات ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : ره‌نگه ئۆپۆزسیۆن له‌م ده‌وره‌یه‌ی په‌رله‌ماندا نه‌توانێت کاریگه‌رییه‌کی به‌رچاوی هه‌بێت . ده‌سه‌ڵات هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا ده‌مێنێته‌وه ، حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات ، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێک گیروگرفتی ناوخۆییان هه‌یه ، به‌ڵام بۆ هه‌ڵبژاردن به‌شێکی ئه‌و گرفتانه چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن ، یان جۆرێک له نزیکبوونه‌وه‌و موساوه‌مه له‌نێوان خۆیاندا دروستده‌که‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له کوردستاندا ، هه‌روه‌ک پێشوو ، به‌ده‌ست هه‌ردوو هێزه گه‌وره‌که‌وه بمێنێته‌وه ، هۆکاری ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌و دوو ده‌سه‌ڵاته یان ئه‌و دوو هێزه ، هیچ یه‌کێکیان ، ئاماده نین ده‌سه‌ڵاتی یه‌کلایه‌نه‌ی ئه‌ویتریان قبوڵ بکه‌ن ، له‌به‌ر ئه‌وه ناچارن له‌به‌رامبه‌ر بارودۆخی کوردستان و ئه‌و ململانێیه‌ی ئێستا له‌نێوان هه‌رێم و ناوه‌نددا هه‌یه ، به‌یه‌که‌وه دابه‌زن و هه‌ڵبژاردن ببه‌نه‌وه . من پێموایه ئه‌وان بۆ مه‌ودایه‌کی مێژوویی دیکه فه‌رمانڕه‌وای کوردستان ده‌بن و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستیانه‌وه ده‌مێنێته‌وه‌و حزبه‌کانی دیکه ناتوانن ده‌ورێکی کاریگه‌ری ئه‌وتۆیان هه‌بێت ؛به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێک ، چه‌ندیش بچووک بێت ، له‌ناو په‌ڕله‌ماندا کارێکی زه‌روورییه .
له‌ڕاستیدا هه‌موو ئۆپۆزسیۆنێک به‌که‌ڵکی ئێمه نایه‌ت ، وه‌زعه‌که ئۆپۆزسیۆنێک ده‌خوازێت که بتوانێت گۆڕانکاری بکات و ته‌کانێک به‌باری راوه‌ستاوی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی بدات ، واته ئۆپۆزسیۆنێکی ئیجابی بێت . له ده‌وره‌ی پێشووی په‌ڕله‌ماندا ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی هه‌بوو به‌ڵام هیچ کاریگه‌رییه‌کیان به‌شێوه‌ی ئیجابی نه‌بوو ، ره‌نگه به‌شێوه‌ی سه‌لبی کاریگه‌رییان هه‌بووبێت ، بۆ نموونه ده‌وریان هه‌بووبێت له په‌سه‌ندکردنی فره‌ژنی له‌لایه‌ن په‌ڕله‌مانه‌وه . بۆیه ئۆپۆزسیۆنێکی عه‌لمانی، چه‌پ و سۆسیالیستی ، ئه‌و به‌دیله‌یه که ده‌یخوازین ، بۆ ئه‌وه‌ی لانی که‌م ده‌نگێک هه‌بێت له‌په‌ڕله‌ماندا تا هه‌موو شتێک به‌ئاسانی تێنه‌په‌ڕێت ، ده‌نگێک که له مینبه‌ری په‌ڕله‌مانه‌وه موخاته‌به‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی بکات و که‌موکووڕییه‌کانیان پێبڵێت .
ئاڵای ئازادی : ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت به‌شداربێت له‌ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردن و سیاسی و یه‌که ئیدارییه‌کانی ناوچه‌کانداو ئه‌و کاته‌ش بڵێت ئۆپۆزسیۆنم ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : بۆ ئه‌مه با سه‌یری ده‌سه‌ڵاته‌کان بکه‌ین . له‌وڵاتدا ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان ، ته‌نفیزی ، یاسایی هه‌یه . به‌پێی عورفی دیموکراتی ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی یاسایی ده‌سه‌ڵاتێکی ئازاد بێت و په‌یوه‌ندی به‌وانی تره‌وه نه‌بێت ، ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنیش ده‌سه‌ڵاتی حزبی باڵاده‌سته له وڵات‌دا ؛ له عورفی ده‌سه‌ڵاتی دیموکراتیدا ، ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌باته‌وه ، ئه‌وه دێت کاری جێبه‌جێکردن ده‌گرێته ئه‌ستۆی خۆی . ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت له بواری ده‌سه‌ڵاتی یاساداناندا ده‌وری خۆی ببینێت . ئه‌و هێزانه‌ی وه‌ک ئۆپۆزسیۆن ده‌چنه په‌ڕله‌مانه‌وه ، ده‌توانن له‌کاتی دانانی یاساکاندا کاریگه‌رییان هه‌بێت ، ئه‌گه‌رچی به‌هۆی که‌میی ده‌نگیانه‌وه نه‌توانن سه‌رکه‌ون و زۆرینه‌یه‌ک که سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتن بیبه‌نه‌وه.
ئاڵای ئازادی : له‌زۆرێک له وڵاتاندا ئۆپۆزسیۆن به‌شێکی زۆر له پۆسته باڵاکانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و وه‌ک ئۆپۆزسیۆنیش کارده‌که‌ن ، ئه‌گه‌ر حزبێک له هه‌موو پێکهاته‌کانی وڵات‌دا به‌شداربێت ، ده‌توانێت وه‌ک ئۆپۆزسیۆنیش خۆی نیشان بدات ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : لێره له کوردستاندا زۆر شتی دنیا له خوێنه‌ری کورد‌و خه‌ڵکی کوردستان ده‌شاردرێته‌وه که‌له‌ڕاستیدا ئه‌م دنیایه به‌و شێوه‌یه نییه که‌له رۆژنامه‌کانی کوردستاندا نمایش ده‌کرێت و ، وه‌های نیشان ده‌ده‌ن که دنیا بریتییه له ئه‌مریکاو ئینگلیز‌و ئه‌و رۆژئاوایه‌ی که هه‌یه‌و جاران پێیده‌وترا ئیمپریالیزم . ئه‌مڕۆ له دنیادا حه‌ره‌که‌یه‌کی زۆر به‌هێزی جیهانی هه‌یه له دژی ئیمپریالیزم و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی . له‌بنده‌ستی ئه‌مریکای گه‌وره ده‌وڵه‌تی ئه‌م جیهانه‌دا ، کۆمه‌ڵێک بزووتنه‌وه له ئه‌مریکای لاتیندا هه‌یه که له رۆژنامه‌گه‌ریی ( جۆرنالیزمی ) کوردستاندا باسنه‌کراوه‌و باسناکرێت وه‌ک ئه‌وه‌ی که له ڤه‌نزوێلاو مه‌کسیک و پۆلیڤیا ده‌گوزه‌رێ . جاران ته‌نها کوبا هه‌بوو ، ئێستا چه‌ندین کوبا دروستبووه . له ئه‌مڕۆدا بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ له‌گه‌شه‌کردندایه ، له‌لایه‌کی تره‌وه بزووتنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی جیهانیی دژ به‌جیهانیبوون هه‌یه . ئه‌م بزووتنه‌وه جیهانییه بزووتنه‌وه‌یه‌که که‌سانی هه‌مه‌جۆر تێیدا به‌شدارن و هه‌موویان چه‌پ نین . له‌هه‌ر شوێنێک کۆنگره‌یه‌ک ، کۆبوونه‌وه‌یه‌کی سه‌ندووقی پولی نێوده‌وڵه‌تی ، بانکی ئاوه‌دانکردنه‌وه ، رێکخراوی بازرگانیی جیهانی هه‌بێت ، ده‌بینین له‌وێ مانده‌گرن و دژ به سیاسه‌ته ئابوورییه‌کانیان خۆپیشاندان ده‌که‌ن ، واته ئۆپۆزسیۆنێک له‌ده‌ره‌وه‌ی بوونی جیهانگیریدا هه‌یه . ئه‌و حزبانه‌ی له ئه‌مریکاو به‌ریتانیا حوکم ده‌که‌ن جۆرێک له ئۆپۆزسیۆنی شکڵی په‌یڕه‌و ده‌که‌ن ، چونکه ئه‌و حزبانه خاوه‌نی یه‌ک به‌رنامه‌ن و یه‌ک مه‌رجه‌عییه‌تیان هه‌یه که چینی سه‌رمایه‌داریی ئه‌و وڵاته‌یه ؛ یه‌ک خێزانن و ده‌سه‌ڵات دابه‌ش ده‌که‌ن ، هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک یه‌کێکیان دێته پێشه‌وه‌و کامیان له‌و قۆناغه‌دا زیاتر خزمه‌ت به چینی باڵاده‌ست بکات ئه‌وه‌یان ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه ده‌گرێت وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا له ئه‌مریکادا بوونی هه‌یه‌و ره‌شپێسته‌کان ده‌سه‌ڵاتیان بۆ ره‌خسێنراوه ، ئه‌گینا ئۆباما نه‌ده‌گه‌یشته ئه‌و پایه‌یه‌و ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ی بۆ خه‌رج نه‌ده‌کرائه‌گه‌ر چینی باڵاده‌ست نه‌یانزانیایه له‌م کاته‌دا بوونی سه‌رۆکێکی ره‌شپێست سوودی بۆ سیستمی وڵاته‌که‌یان ده‌بێت . ئۆپۆزسیۆن له‌وێ شکڵییه‌و جیددی نییه بۆیه ده‌کرێت که‌سانی حزبی به‌رامبه‌ر به‌شداری حوکم بکه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی حکومه‌ت له‌نگی تێبکه‌وێت و له هێڵی سه‌ره‌کی لابدات ، واته ده‌شێت له ئۆپۆزسیۆنه‌وه خه‌ڵکانێک بهێنن و پۆستی زۆر گرنگیشی پێبده‌ن . ئۆپۆزسیۆنی جیددی ئه‌وه‌یه که له‌به‌رنامه‌دا جیاوازی هه‌بێت ، له ئاسۆی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا ، له‌و ئاسۆیانه‌وه جیاوازییه‌کی بنه‌ڕه‌تی هه‌بێت ، ئه‌و کاته سیفه‌تی ئۆپۆزسیۆن هه‌ڵده‌گرێت و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ئاوێته‌ی یه‌کتری نابن . له‌م باری سه‌رنجه‌وه ، ته‌نها ئۆپۆزسیۆنی جیددی ده‌توانێت ده‌ور ببینێت ، ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه ده‌بێت ئاگاداری ئه‌وه بێت به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌ده‌ست نه‌دات .
بۆ ئێمه له کوردستاندا که بارودۆخێکی دیاریکراومان بۆ دروستبووه ، بارودۆخێکی سیاسی که حکومه‌ت و په‌ڕله‌مانی کوردستان به‌شێکێتی ، مه‌ترسی چاوه‌ڕوانکراومان له‌سه‌ره ، ئه‌م مه‌ترسییه له‌لایه‌ن شۆڤێنییه‌تی عه‌ره‌ب و وڵاته دراوسێکانه‌وه‌یه ، جگه له‌وه‌ی مه‌ترسی ئه‌وه‌مان له‌سه‌ره که به هۆی سیاسه‌تی غه‌ڵه‌ت و گه‌نده‌ڵیی ناوخۆوه ، ئه‌زموونه‌که هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌و بیانوو به‌ده‌سته‌وه بدات تا له‌ناوببرێت . ده‌بێت ئۆپۆزسیۆن ئاگاداری ئه‌و بارودۆخه بێت و نه‌هێڵێت تێکبچێت ، چونکه به تێکچوونی ، ته‌نها به زیانی ده‌سه‌ڵات ته‌واو نابێت به‌ڵکو به زیانی خودی ئۆپۆزسیۆن و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه .
ئۆپۆزسیۆنی جیددی ، ده‌بێت به‌رنامه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت که جیای بکاته‌وه له ده‌سه‌ڵات و به‌رنامه ته‌نفیزییه‌که‌ی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی حکومه‌ت ( ده‌زگای ته‌نفیزی ) به‌رنامه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه . بۆ نموونه حکومه‌تی ئێستای هه‌رێم به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و ئه‌وه‌ی داهاتووش به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تی خۆی ده‌بێت . هه‌میشه به‌رنامه‌ی حزب به‌رنامه‌یه‌که بۆ ده‌سه‌ڵات ، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن بێت به‌رنامه‌که‌ی جیاواز ده‌بێت ، بۆیه گه‌ر گریمانی سه‌رکه‌وتنی ئۆپۆزسیۆنێکی جیددی له کوردستاندا دابنێین ، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی جیاوازی بین له سه‌رجه‌می به‌رنامه‌کاندا ( دیسان بۆ نموونه ) له کایه‌ی کشتوکاڵدا یان له کایه‌ی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌وفێرکردندا . له‌م بواره‌ی دواییاندا ده‌بێت ئۆپۆزسیۆن وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بداته‌وه که چ جۆره په‌روه‌رده‌وفێرکردنێکمان ده‌وێت ؟ ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌ی له کوردستاندا هه‌یه کلاسیکییه یان پێشکه‌وتوو و گونجاوه له‌گه‌ڵ گیانی سه‌رده‌مدا ؟ ئه‌و گۆڕانه‌ی له ئارادایه شکڵییه یان ریشه‌یی ؟ ئۆپۆزسیۆنی جیددی له‌م باره‌یه‌وه زوو ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که ده‌بێت به‌رنامه‌که‌ی له بواری په‌روه‌ره‌وفێرکردندا ده‌بێت ریشه‌یی بێت و بڕیاری په‌روه‌رده‌یه‌کی عه‌لمانی بدات ، واته خاڵێکی به‌رنامه‌که‌ی جیاکردنه‌وه‌ی ئایین بێت له ده‌وڵه‌ت و په‌روه‌رده‌وفێرکردن ، هه‌ر بۆیه ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌رامبه‌ره‌که‌یدا پۆستی په‌روه‌رده‌وفێرکردن وه‌ربگرێت و به‌م جۆره له هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیشدا .
ئاڵای ئازادی : به‌شداری خه‌ڵکی جیا له پارتی و یه‌کێتی له ئاسته‌کانی خواره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات چ گۆڕانێک به‌رهه‌مدێنێ ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : له واقیعدا دوو شت هه‌یه ده‌بێت له یه‌کتری جیابکرێنه‌وه : ئیشی سیسته‌ماتیک له‌گه‌ڵ ئیشی فه‌ردی. تۆ وه‌ک تاکه‌که‌س که له شوێنێکدا هاوبه‌شیی ده‌که‌یت ، له سنووری بیروبۆچوونی خۆتدا ده‌توانیت هه‌ندێک کاریگه‌ریت هه‌بێت که له دواییدا وه‌ها ده‌شکێته‌وه که‌له‌و سنووره‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسایی خۆتدا کارێکی باشت کردووه ؛ ئه‌وه‌یتریان کارێکی سیسته‌ماتیکه‌و پێویستیی به ده‌سه‌ڵات هه‌یه ، واته یه‌ک گۆڕانکاریی به‌رنامه‌ڕێژکراوت هه‌یه‌و ده‌بێت له رێگه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆته‌وه جێبه‌جێی بکه‌یت . هه‌ر له بواری په‌روه‌رده‌وفێرکردندا ( که بواری پسپۆڕێتیمه بۆیه به نموونه ده‌یهێنمه‌وه ) کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی سکۆلارو چه‌پ ده‌توانن کاریگه‌ریی تاکه‌که‌سییان له‌سه‌ر ده‌وروبه‌ره‌که‌یان له سنوورێکی دیاریکراودا هه‌بێت ، چونکه هه‌موو سیستمه‌که له‌گه‌ڵ ئه‌و بیروبۆچوون و ره‌وته‌دا نییه که ئه‌وانی له‌سه‌ر ده‌ڕۆن ، ئه‌وان ره‌وتێکی جیاوازیان هه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه هه‌وڵه‌کانیان ده‌بێته شتێکی تاکه‌که‌سی و به گۆڕانکاریی له سیستمه‌که‌دا ته‌واو نابێت ، بۆیه کاتێک باس له گۆڕانکاریی ریشه‌یی ده‌که‌ین ، ده‌بێت به شێوه سیستماتییه‌که سه‌یری بکه‌ین نه‌ک به شێوه‌ی تاکه‌که‌سی .
ئاڵای ئازادی : ئێستا باس له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی کوردستان ده‌کرێت له هه‌رێمی کوردستان ، ئایا به بۆچوونی تۆ ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه هیچ گۆڕانێک له کوردستاندا دروست ده‌کات ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : له‌ڕاستیدا ناتوانرێت بڕیاری ره‌ها له‌م باره‌یه‌وه بدرێت یان به ڕه‌هایی پێشبینییه‌کی دیاریکراو ده‌ربڕیت ، چونکه یه‌کێک له سیفه‌ته‌کانی کاری سیاسی ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ری زۆری تێده‌که‌وێت ، جگه له‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی ناوخۆ‌و و ته‌نانه‌ت بارودۆخی ناوچه‌یی و جیهانیش کاردانه‌وه‌یان ده‌بێت . بۆیه ناتوانم به ره‌هایی بڵێم گۆڕانکاریی ده‌بێت یان نه ، به‌ڵام به مه‌زه‌نده‌ی سیاسه‌تێک که تێیده‌گه‌م زۆر‌و که‌م ئه‌و ئه‌گه‌ره نابینم که گۆڕانکاریی ریشه‌یی له‌م وڵاته‌دا ، له سایه‌ی ئه‌و په‌ڕله‌مانه‌ی له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا دێته‌کایه‌وه ، رووبدات ، لانی که‌م بۆ سێ تا چوار ساڵی داهاتوو .
ئاڵای ئازادی : له‌سه‌روبه‌ندی باسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی کوردستاندا باس له دروستبوونی لیستی جیاواز له لیستی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌کرێت ، ئایا ئه‌و لیستانه له چ رێگایه‌که‌وه ده‌توانن زۆرترین رێژه‌ی ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنن تا گۆڕان له هه‌یکه‌لی په‌ڕله‌مان و حکومه‌تدا دروست بکه‌ن ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : پێموایه دروستبوونی لیستێک یان چه‌ند لیستی جیاواز کارێکی باشه ( دیاره له رووی مه‌فهومی سیاسی په‌رله‌مانییه‌وه که ئێستا له کوردستاندا جێبه‌جێده‌کرێت ) ئه‌گه‌ر ئه‌و لیستانه بتوانن چه‌ند ئه‌ندامێکی خۆیان بگه‌یه‌ننه ناو په‌ڕله‌مان ، به‌مه‌رجێک پابه‌ند بن به‌و هێڵانه‌وه که ئه‌و لیستانه بۆ خۆیانی دیاریده‌که‌ن و به‌ڕاستی ئۆپۆزسیۆنێک له ناو په‌ڕله‌مانی داهاتوودا دروست بکه‌ن و له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تدا راوبۆچوونیان هه‌بێت و ئه‌کتیڤ بن .
ئاڵای ئازادی ژماره ( 799 ) چوارشه‌ممه 18 / 3 / 2009
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Wednesday, March 18, 2009
ئاڵای ئازادی : له بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی کوردستاندا ، تا چه‌ند بوار بۆ دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن ره‌خساوه ، به تایبه‌تی ئه‌و لایه‌ن و پارتانه‌ی ده‌یانه‌وێت وه‌ک ئۆپۆزسیۆن کاربکه‌ن ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : له‌هه‌ر شوێنێک ده‌سه‌ڵات هه‌بێت ، ئۆپۆزسیۆنیش ده‌بێت ، به‌و واتایه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رنامه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه که له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌کانی خۆیدا ده‌یگونجێنێت . ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییانه ، له زۆربه‌ی کاته‌کاندا ، به پێچه‌وانه‌ی ئاره‌زوو و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکییه‌وه‌یه ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر جیاوازییه چینایه‌تییه‌کان جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌کی له نێوان ده‌سه‌ڵاتداران ، وه‌ک چینێک که فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ده‌که‌ن ، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێش له‌و وڵاته‌دا ، پێکهێنابێت. له‌به‌ر ئه‌وه ئۆپۆزسیۆن ، چ به شێوه‌یه‌کی ئاشکرا بێت یان به شێوه‌یه‌کی نهێنی ( شاراوه ) بێت ، له واقیعدا هه‌یه ، به‌ڵام ئایا تاچه‌ند کاریگه‌رێتی هه‌یه‌و ، تاچه‌ند رێکخراوه ؟ تاچه‌ند توانیویه‌تی خۆی له حزب و رێکخراوی ئۆپۆزسیۆندا به‌رجه‌سته بکات ، ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌یه .
له‌ڕاستیدا ئۆپۆزسیۆن زه‌رووره‌ته و وڵاتی بێ ئۆپۆزسیۆن وڵاتێکی مردووه . بوونی ئۆپۆزسیۆن یه‌کێکه له پێداویستییه‌کانی گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتن ، به‌و پێیه بوونی کێبه‌رکێ و ململانێ له‌سه‌ر کاره باشه‌کان ده‌بێته مه‌رجی ئه‌و گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنه‌و ، ئه‌وه‌ش به‌بێ بوونی دوو یان چه‌ند لایه‌ن که له به‌رامبه‌ر یه‌کتردا رابوه‌ستن و ململانێ بکه‌ن ، ناکرێت . به واتایه‌کیدیکه ، هه‌میشه ئۆپۆزسیۆن ده‌بێته لایه‌نێکی گرنگی پێداویستییه‌کانی گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتن که له فه‌زای ململانێدا به‌رجه‌سته‌ی ده‌کات و ، به‌شێوه‌یه‌کی ئیجابی کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر ئه‌و ئاڵوگۆڕانه داده‌نێت که پێویسته له کۆمه‌ڵگادا بکرێت . له‌به‌ر تیشکی ئه‌م راستییه‌دا ، ئۆپۆزسیۆن بۆ هه‌ر وڵاتێک ده‌بێته مه‌رجی فه‌زایه‌کی سیاسی ته‌ندروست ؛ به‌بێ ئه‌مه وڵاتێکی مردوو ، ک‌ش و مات ، تۆتالیتاری دێته‌کایه‌وه که ره‌خنه‌ی تێدا نابێت ، وڵاتێک که سه‌ره‌نجامی ژیانی سیاسی تێیدا به سه‌رکوتکردن و کپکردنی ده‌نگ کۆتایی دێت ؛ بۆیه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت کوردستانیش وه‌ک هه‌ر وڵاتێکی دیکه‌ی ئه‌م دونیایه فه‌زایه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ته‌ندروستی هه‌بێت ، ده‌بێت ئۆپۆزسیۆنێکی کارای هه‌بێت ، ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه مه‌رجی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی له‌مه‌وبه‌ر بووه‌و ئه‌مڕۆش مه‌رجێکی پڕبایه‌خی پێشکه‌وتن و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی پڕۆسه‌ی سیاسییه له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا .
ئاڵای ئازادی : تا چه‌ند له هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌ت له دوای راپه‌ڕینه‌وه ئه‌و فه‌زایه بۆ ئه‌و لایه‌ن و رێکخراوانه دروستبووه که وه‌ک ئۆپۆزسیۆن کاربکه‌ن و کاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : له‌ڕاستیدا هه‌ندێک جار ئۆپۆزسیۆن کاریگه‌ریی هه‌بووه‌و ، له گشتێتی خۆشی‌دا کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی نه‌بووه . واته به‌گشتی له ماوه‌ی 18 ساڵی دوای راپه‌ڕیندا کاریگه‌رێتییه‌کی زۆر به‌هێزی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌بووه‌و ، هه‌میشه ته‌رازووه‌که به‌لای ده‌سه‌ڵاتدا شکاوه‌ته‌وه.
ده‌سه‌ڵاتداران له کوردستاندا کۆمه‌ڵێک ئه‌زموونیان له کاری سیاسی‌دا هه‌بووه ، پێشینه‌ی ده‌یان ساڵیان له‌م بواره‌دا هه‌بووه . ئه‌م ئه‌زموونه‌ی ده‌سه‌ڵات لایه‌نی خه‌باتی چه‌کداری و کاری سیاسی و هه‌ڵسوکه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی گرتووه‌ته‌وه ، که بوونی پێگه‌ی رێکخراوه‌یی حزبی و ژماره‌یه‌کی زۆر شه‌هید له هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستاندا ، هۆکاری به‌هێزی ئه‌وان و لاوازیی ئۆپۆزسیۆن بووه تا راده‌ی ئه‌وه‌ی که هیچ ده‌نگێکی بیستراوی ئۆپۆزسیۆن له‌ئارادا نه‌بووه ، هه‌ر بۆیه ئیمڕۆش ئه‌و ده‌نگه به کزی ده‌بیستین و رۆڵێکی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نابینین ؛ به‌ڵام ئه‌مه ئه‌و راستییه ناشارێته‌وه که ئۆپۆزسیۆن له راپه‌ڕینه‌وه تا ئێستا له به‌رامبه‌ر ئه‌و دوو حزبه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له کوردستاندا به‌ده‌سته‌وه بووه ، بوونی هه‌بووه‌و هه‌ندێک جاریش کاریگه‌رێتی خۆی له‌سه‌ر ماجه‌رای رووداوه‌کان داناوه .
ئه‌گه‌رسه‌یری پانۆرامای بارودۆخی سیاسی کوردستان بکه‌ین ، ده‌بینین ئۆپۆزسیۆن له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا له شێوه‌کانی مانگرتن و خۆنیشاندان و ئیعتیرازاتی جه‌ماوه‌ریی گه‌وره‌دا خۆیده‌رخستووه ، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی جۆرنالیزمی ئۆپۆزیۆن ، جۆرنالیزمێکی کاریگه‌ر بووه‌و توانیویه‌تی چاودێرییه‌کی ته‌واوی ده‌سه‌ڵات بکات و ، که‌موکووڕییه‌کانی ده‌سه‌ڵات ئاشکرا بکات و ئیعتیرازاتی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و که‌موکووڕییانه به‌باشی نیشانبدات ؛ به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هێشتا ته‌رازووی هاوکێشه‌ی سیاسی له کوردستاندا به‌لای ده‌سه‌ڵاتدا دێته‌وه ، واته ئۆپۆزسیۆن کاریگه‌رییه‌کی به‌رچاوی له‌و هاوکێشه‌یه‌دا نه‌بووه‌و ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی داوه له په‌راوێزدا رایبگرێت .
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له کوردستاندا توانای گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌ستدایه هه‌ر له توانای داراییه‌وه تا توانای راگه‌یاندن ، هه‌روه‌ها توانیویه‌تی هه‌ندێک پشتگیریی ده‌ره‌وه‌ش بۆ خۆی مسۆگه‌ر بکات به تایبه‌تی له سه‌رده‌می رووخانی رژێمی به‌عسدا. ئه‌م تواناییانه‌ی ده‌سه‌ڵات کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر سنووردارکردنی کاری ئۆپۆزسیۆن هه‌بووه ، به تایبه‌تی که ئۆپۆزسیۆنیش بۆ خۆی ئۆپۆزسیۆنێکی یه‌کگرتوو نه‌بووه ، ئۆپۆزسیۆنێکی په‌رته‌وازه بووه ، ئۆپۆزسیۆنێک که له ته‌یفێکی زۆر زۆر فراواندا خۆینواندووه ، له‌وپه‌ڕی چه‌په‌وه بۆ ئه‌وپه‌ڕی راستی تێدابووه ، تێیدا ئۆپۆزسیۆنی چه‌پ لاوازبووه بۆیه زێتر وه‌ک ئۆپۆزسیۆنێکی ئیسلامگه‌را خۆینیشانداوه ، له کاتێکدا ئه‌وه‌ی به ده‌ردی خه‌ڵکی کوردستان ده‌خوات ئۆپۆزسیۆنێکی سێکولارو چه‌پ و سۆسیالیستییه نه‌ک زاڵبوونی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامگه‌را یان ئۆپۆزسیۆنێکی راستڕه‌وی نه‌ته‌وه‌یی ، به‌تایبه‌تی له هه‌لومه‌رجێکدا که ده‌سه‌ڵات خۆی سروشتێکی نه‌ته‌وه‌یی و سازشکارانه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسی‌دا هه‌یه.
ئاڵای ئازادی : له دوای راپه‌ڕینه‌وه‌و به تایبه‌ت له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ، باس له فه‌زایه‌کی دیموکراتی ده‌کرێت له هه‌رێمی کوردستاندا ، ئایا ئه‌و فه‌زا دیموکراتییه بواری داوه به‌و لایه‌نانه‌ی ده‌یانه‌وێت له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وه‌ک ئۆپۆزسیۆن کاری خۆیان بکه‌ن ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : سه‌ره‌تا ره‌نگه له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی ئه‌و دوو چه‌مکه ( دیموکراتی و ئازادی ) ئیعتیرازم هه‌بێت . ئایا دیمو‌کراسی له کوردستاندا هه‌یه ؟ ئایا ئازادی به واتا فراوانه‌که‌ی وجودی هه‌یه ؟ پێموایه ئازادی به‌شێوه‌یه‌کی رێژه‌یی ( نسبي ) له کوردستاندا هه‌یه ، بایی ئه‌وه‌نده هه‌یه که مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست نه‌کات ، له‌و شوێنانه‌ی بچوکترین مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست بکات زۆر به توندی به‌رپه‌رچده‌درێته‌وه ، نموونه‌ش زۆره له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌ر له گولله‌بارانکردنی کرێکارانی کارگه‌ی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه‌وه تا ده‌گاته به‌ره‌نگاریی خۆپیشاندانی شار‌و شارۆچکه‌کانی کوردستان وه‌ک که‌لارو رانیه و هه‌ڵه‌بجه‌و ...هتد ، به ته‌قه‌لێکردن و ده‌ستگیرکردن و پێشێلکردنی مافه مرۆییه‌کانیان . ئه‌وانه هه‌مووی به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن ئازادی له‌لای ئێمه ، له هه‌رێمی کوردستاندا ، ئازادییه‌کی سنوورداره ، ئازادییه‌که له بازنه‌ی ئه‌وه‌دا که تا چه‌ند ده‌توانیت له‌گه‌ڵ ویستی ده‌سه‌ڵاتدا بیگونجێنیت ، چونکه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بزانێت مه‌ترسی هه‌یه ، به‌بێ دوودڵی کپی ده‌کات . سه‌باره‌ت به دیموکراسیش ، قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن دوو حزبه‌وه‌و رێگه‌نه‌دان به حزبه‌کانی دیکه که ده‌ورو کاریگه‌رێتییان هه‌بێت و ، سیاسه‌تی به پاشکۆکردنیان ، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن که دیموکراتیش له‌م وڵاته‌دا له‌نگه‌و پڕبه‌پڕی واتاکه‌ی خۆی له‌ئارادا نییه.
له‌بنه‌ڕه‌تدا ، دیموکراتی واتای هه‌ڵبژاردن ده‌گه‌یه‌نێت ، بۆیه به بۆچوونی من تا ئێستا له کوردستانداو بۆ هیچ بوارێک هه‌ڵبژاردنێکی ته‌واو ئازاد نه‌کراوه . پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن که یه‌کێک له کۆڵه‌که‌کان ( پایه‌کان ) ی دیموکراسییه ، زۆرجار به‌لاڕێدا براوه و ئه‌نجامه‌کانی ، ئه‌نجامی راسته‌قینه‌ی ده‌نگدانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان نه‌بووه ، چونکه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجانه جۆرنالیزمی کوردی و پایه‌و نفوزی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و ، هه‌ندێک جار په‌خشکردنی پاره‌و چاوسوورکردنه‌وه به‌کارهێنراوه . له‌به‌رئه‌وه‌ش ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن به‌پێچه‌وانه‌ی ئیراده‌ی خه‌ڵکه‌وه بووه‌و ئه‌وه‌نده‌ی له دیمو‌کراسی ده‌گه‌ین و چاوه‌ڕوانیی لێده‌که‌ین ، نه‌چووه‌ته خزمه‌تی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که ده‌نگیانداوه . نموونه‌ی به‌رچاو بۆ ئه‌مه ده‌نگدان بوو بۆ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق . ئه‌و ده‌ستووره هه‌ر که‌سێک بێلایه‌نداری و به ویژدانه‌وه بیخوێنێته‌وه له‌وه تێده‌گات که شتێکی ئه‌وتۆی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان تێدا نییه به‌ڵام خه‌ڵکیش ده‌نگیان بۆ داوه چونکه حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان وه‌هایان ویست و بۆ ئه‌وه‌ش به ته‌واوی توانا دارایی و حزبییه‌کانیانه‌وه ، به مراوه‌غه‌ی سیاسی و هاوپه‌یمانێتییه جۆراوجۆره‌کانیانه‌وه ، توانییان خه‌ڵک بۆ ده‌نگدان راپێچ بکه‌ن و ده‌نگ بۆ په‌سه‌ندکردنی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق مسۆگه‌ر بکه‌ن . لێره‌دا دیسان ده‌ڵێم : ئه‌و دیموکراسییه‌ی باسی ده‌که‌ین سنوورداره‌و زێتر به‌پێی خواستی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه نه‌ک به‌پێی خواست و ئیراده‌ی خه‌ڵک ، بۆیه له‌سه‌ر ئه‌و دوو وشه‌یه راده‌وه‌ستم و پێموانییه له کوردستاندا ئازادی و دیموکراسیی به واتا ئه‌سڵییه‌که‌ی خۆیان هه‌بن ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له چه‌مکی ئازادی بکۆڵینه‌وه‌و ، ئازادی له باره سیاسییه‌که‌یدا ببه‌زێنین و بڕۆین به‌ره‌و چه‌مکه دارایی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی ، که ئه‌مه‌ی دواییان به ئاشکراترین شێوه له نموونه‌ی بڕیاردانی په‌رله‌مانی کوردستان بۆ ئازادکردنی فره‌ژنیدا ده‌رده‌که‌وێت . له واقیعدا ئه‌م بڕیاره‌ی په‌ڕله‌مان بۆ خۆی لێدانێکی گه‌وره‌ی ئازادی بوو ، لێدانی ئازادی نیوه‌ی کۆمه‌ڵ بوو ، بگره به لێکدانه‌وه‌یه‌کی فراوانتر ، لێدانی ئازادی هه‌مووکۆمه‌ڵ بوو به‌هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌که‌وه . بۆیه ده‌توانم پێ له‌سه‌ر ئه‌وه دابگرم که نموونه‌یه‌کی پڕ که‌موکووڕی ئازادی و دیمو‌کراسی له‌م وڵاته‌دا په‌یڕه‌وده‌کرێت که ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ چه‌مکه رۆژئاواییه‌که‌شیدا ناگونجێت که ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌دوای لاساییکردنه‌وه‌یه‌تی .
ئاڵای ئازادی : ئه‌گه‌رچی له‌لایه‌ن په‌ڕله‌مانی کوردستانه‌وه یاسایه‌کی تایبه‌ت به‌رێکخستنی کاری حزبه سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌رچووه ، به‌ڵام دواتر به‌هۆی ئه‌وه‌ی یاسایه‌ک له هه‌رێمی کوردستاندا نه‌بووه که بودجه‌ی حزبه سیاسییه‌کان رێکبخات ، ئه‌وه‌ش تا راده‌یه‌ک کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌رکه‌وتنی ئۆپۆزسیۆن دروستکرد ، که حزبی ده‌سه‌ڵاتدار وه‌ک کارتێکی فشار به‌کاریهێناوه ، ئایا نه‌بوونی یاسایه‌ک بۆ دابه‌شکردنی بودجه تا چه‌ند کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆنبوون هه‌یه ؟
فوئاد قه‌ره‌داغی : ناتوانین نکوولی له‌وه بکه‌ین که مه‌سه‌له‌ی دارایی و بودجه ده‌ورو کاریگه‌ریی نییه ، به تایبه‌تی بۆ هه‌موو ئه‌و حزب و رێکخراوانه‌ی که له‌سه‌ره‌تای کاردان و به ئاشکرا کارده‌که‌ن . واته بودجه‌و توانای دارایی زه‌رووره‌تێکی کارکردنه ، به‌ڵام مه‌سه‌له‌که له‌وه‌دا کۆنابێته‌وه که گه‌شه‌نه‌کردنی ئه‌و حزبانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه نییه به هۆکاری نه‌بوونی بودجه‌و بێتوانایی دارایی بێت . پێموایه ئه‌وه نابێته هۆکاری سه‌ره‌کی چونکه ئه‌و هۆکاره سه‌ره‌کییه په‌یوه‌ندی به بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌وه هه‌یه . بزووتنه‌وه فراوانه جه‌ماوه‌رییه‌کان ، ئامانجه‌کانی ، شێوازه‌کانی کارکردنی و بارودۆخی بابه‌تی کاری سیاسی و کۆمه‌ڵێک هۆکاریدیکه ، هه‌م سه‌رچاوه‌و هه‌م مه‌رجی ژیان و گه‌شه‌کردن و چوونه پێشه‌وه‌ی حزب و رێکخراوه سیاسییه‌کانن .
له گۆڕه‌پانی کوردستاندا ئه‌و حزبانه‌ی کارده‌که‌ن زۆر له یه‌کتری ده‌چن ، یه‌ک جه‌ماوه‌رو تاراده‌یه‌کی زۆر نزیک یه‌ک به‌رنامه‌و په‌یامیان هه‌یه . بۆ نموونه ، ئه‌گه‌ر سه‌یری به‌رنامه‌کانی حزبی زه‌حمه‌تکێشان ، حزبی سۆسیال دیموکرات ، یه‌کێتیی نیشتمانی بکه‌ین ، ده‌بینین به‌ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاو له‌یه‌ک ده‌چن و هێڵێکی جوێکه‌ره‌وه‌ی دیار له‌نێوانیاندا نییه . بۆیه ده‌توانین بڵێین حزبه‌کان سیمای ناوکۆییان هه‌یه‌و جیاوازییه‌کانی نێوانیان ، بۆ خه‌ڵکی ، جیاوازییه‌کی روون و دیار نییه ، ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌کیش هه‌بێت ، جیاوازی شکڵییه‌و په‌یوه‌ندی به بونیاده‌وه نییه و ده‌توانین ئامانجه سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان له به‌رنامه‌کانی پارتی و یه‌کێتیدا ببینین ، به‌م واتایه جیاوازی له نێوانی ئه‌م به‌رنامانه‌و به‌رنامه‌ی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدا نییه ، هێڵێکی سیاسی – ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تی له نێوانیاندا نییه ، ئه‌مه‌ش بواری گه‌شه‌کردن و چوونه‌پێشه‌وه به‌رته‌سکده‌کاته‌وه و ساڵ دێت و ساڵ ده‌ڕوات و هه‌ر له شوێنی خۆیان ده‌مێننه‌وه ؛ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات له چه‌ند هۆکاریدیکه به‌هره‌مه‌ندن که حزبه بچوکه‌کان بۆیان ناڕه‌خسێ و ناتوانن له گۆڕه‌پانه‌که‌دا جێیان پێ له‌ق بکه‌ن.
من له‌و باوه‌ڕه‌دام مه‌سه‌له‌ی داراییه‌کی به‌هێزو بودجه له‌و خاڵه‌وه ده‌توانێت کاریگه‌ریی هه‌بێت که بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری ته‌واو جیاوازی له پێگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌بێت ، ئامانج و ئاسۆیه‌کی جیاوازی بۆ دواڕۆژی کۆمه‌ڵگای کوردستان هه‌ڵگرتبێت و ، وه‌ڵامی گونجاوو له‌باری بۆ کێشه سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان پێبێت ، بتوانێت ئامانج و خواسته‌کانی گه‌نجان و ژنان و منداڵان و سه‌رجه‌می توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به جۆرێک دابڕێژێت و له‌خه‌باتی خۆیدا به‌رجه‌سته‌ی بکات که له‌به‌رامبه‌ر حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌کی ئاشکراو دیاری پێکهێنابێت .
ئه‌م شێوه حزب و رێکخراوانه که پشت به بزووتنه‌وه‌یه‌کی وه‌ها ببه‌ستن ، ره‌نگه ئه‌مڕۆ به هێواشی بچنه پێشه‌وه به‌ڵام له دواڕۆژدا گه‌شه‌ده‌که‌ن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بودجه‌یه‌کی مه‌مره‌و مه‌ژیشیان له‌به‌رده‌ستدا نه‌بێت ، چونکه کاتێک بزووتنه‌وه‌ی فراوانی جه‌ماوه‌ری له‌سه‌ر ئه‌م پێگه‌یه دروست ده‌بێت ، بۆ خۆی حزبه‌که ده‌ژێنێت ، وه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می خۆی و به‌ر له نیوسه‌ده ، هیچ یه‌کێک له‌و حزبانه‌ی کاریان ده‌کرد بودجه‌ی دیاریکراویان نه‌بوو ، به پاره‌ی ئه‌ندامان و لانگیران و دۆستانیان به‌ڕێوه‌ده‌چوون . لێره‌دا پێویسته ئاماژه‌ش به‌وه بکه‌م که ئایدیای شۆڕشگێڕانه رۆڵی خۆی هه‌بوو . ئه‌و ئایدیایه له ئایدیای ئه‌مڕۆ به‌هێزتر بوو . ئه‌و ئایدیا شۆڕشگێڕانه‌یه وا له مرۆڤ ده‌کات بڕوای شۆڕشگێڕانه‌ی هه‌بێت ، خۆنه‌ویست بێت ، بارودۆخی حزبه‌که‌ی و وڵاته‌که‌ی ره‌چاوبکات و له نه‌بوونیدا به شتی که‌م رازی بێت ، که ئیمڕۆ ئه‌وانه له کایه‌دا نییه و به‌جۆرێکی دیکه‌یه . ئه‌مڕۆ هه‌ر کادیرێکی ئه‌م حزبانه ده‌گریت ئاماده نییه به ده‌رامه‌تێکی که‌م رازی بێت ، دیاره هۆکاره‌کانی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش زۆرن و له‌ڕووی بونیادییه‌وه له‌گه‌ڵ رابردوودا جیاوازییان هه‌یه ، بۆیه هه‌ر حزبێک بیه‌وێت به‌و حاڵه‌ته لاوازه‌ی خۆشیه‌وه بمێنێته‌وه ناچار ده‌بێت چه‌ندین رێگا بگرێته‌به‌ر که هه‌ڵوێسته‌کان و هاوپه‌یمانێتییه‌کان چ وه‌ک ئۆپۆزسیۆن و چ وه‌ک هاوپه‌یمان یان پاشکۆی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ونه چه‌قی ئه‌و چه‌ندین رێگایه‌وه .
* رۆژنامه‌ی ( ئاڵای ئازادی ) ژماره ( 798 ) به‌رواری 11/3/2009 ئه‌م دیداره‌ی بڵاوکرده‌وه ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داڕشتنه‌که‌ی لاواز بوو و ، له زۆر شوێندا مه‌به‌سته‌که‌می به‌باشی نه‌ده‌گه‌یاند ، ناچار بووم له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ده‌ستکاریکردندا جارێکی دیکه دایبڕێژمه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستکاری ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی بکه‌م . (فوئاد قه‌ره‌داغی )
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Sunday, March 15, 2009
ئه‌گه‌رچی سیستمی بیرکردنه‌وه‌ی من له جیهان و مرۆڤه‌وه ده‌ستپێده‌کات و ، دوای تێپه‌ڕبوون به نیشتمان و نه‌ته‌وه‌دا ، ده‌گاته شار ... ئه‌گه‌رچی ئاڕاسته‌ی نووسینه‌کانم ، خه‌می گه‌وره‌ی نان و ئازادی بۆ گشت مرۆڤه‌کانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه له‌ئه‌ستۆ گرتووه ... ئه‌گه‌رچی یه‌کێک له بێزراوترین ره‌فتارو هه‌ڵوێستێک له‌و سیستمه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی مندا " شارچێتی" یه که له‌هه‌ر شوێنێک بین ، ره‌هه‌ندی جیهانی و نه‌ته‌وه‌یی بوونی ئێمه‌ی مرۆڤ ده‌شێوێنێ ؛ به‌ڵام سۆزه بونیادییه‌کانی که‌سایه‌تیمان ، که له زێدێکی دیاریکراودا ، له‌سایه‌ی هه‌زاران بیره‌وه‌ری رۆژانه‌و هه‌لومه‌رجێکی ته‌واو په‌یوه‌ست به ژیانمانه‌وه پێکدێن ، خۆشه‌ویستی و شانازییه‌ک ده‌خه‌نه‌وه که له پڕۆسه‌ی ئاوێته‌بوونیدا به جیهانی ئه‌ودیو بازنه‌کانی شار ، ده‌بنه یه‌ک بونیادی یه‌کگرتووی ئه‌وتۆ که له‌نێو شاره‌که‌تدا تیشکی سۆزت به‌ره‌و جیهانه فراوانه‌که بڕوات و ، له‌نێو سۆزه ره‌واکانیشته‌وه بۆ مرۆڤایه‌تیی ، هه‌موو نموونه زیندووه‌کانی واقیعی ژیانی سه‌رده‌م له واقیعی زیندووی رۆژانه‌ی شاره‌که‌تدا ببینیت . له‌م باری سه‌رنجه‌وه شاری سلێمانی بۆ من ئه‌و په‌یوه‌ندی و خۆشه‌ویستییه ئۆرگانیکییه‌یه که ناوهێنانی سه‌رنجم ڕاده‌کێشێت و ، به ته‌واوی هه‌ست و ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و سۆزه ئاوێته‌بووه‌وه ، هه‌رچی په‌یوه‌ندی به‌شاره‌وه هه‌بێت و ، هه‌ر هێمایه‌ک ئاماژه بێت بۆ شار ده‌مئاڵێنێته ئه‌و مێژووه‌ی ژیانم تێیدا به‌سه‌ربردووه ؛ هه‌ر سه‌باره‌ت به‌وه‌شه ، گۆڤاری ( سلێمانی ) ، له ده‌رچوونی یه‌که‌م ژماره‌یه‌وه ، هه‌موو مانگێک بۆ چه‌ند رۆژێک بیره‌وه‌رییه‌کانمی ژیاندووه‌ته‌وه‌و ناچاری کردووم به په‌رۆشییه‌وه چاوه‌ڕێی بکه‌م .
ئه‌گه‌ر بتوانین به‌ده‌ر له سۆزه‌کانمان و بابه‌تیانه ئه‌م گۆڤاره هه‌ڵبسه‌نگێنین ، ئه‌وا ده‌بێت هه‌ردوو لایه‌نی ئه‌رێیانه‌و نه‌رێیانه‌ی تاووتوێ بکه‌ین ، تا له ئاینده‌دا گه‌شه‌دارتر بێت و له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی داهاتوودا وه‌ک ئینسیکلۆپیدیایه‌ک لێی به‌هره‌مه‌ند بین و له مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی‌دا جێی شیاوی خۆی بگرێت .
( سلێمانی ) سه‌رجه‌می بواره‌کانی ژیانی سه‌ده‌یه‌کی شاری به‌سه‌رکردووه‌ته‌وه . ئه‌م بوارانه له سه‌دان نووسینی دۆکیۆمێنتیدا هاتوون وه‌ک نووسین له‌سه‌ر : خاوه‌ن پیشه‌کان ، که‌سایه‌تییه ناسراوه‌کا ن ، ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان ، ته‌لارو خانووه‌کان ، کارێزو حه‌مام و نه‌خۆشخانه‌و مزگه‌وت و ته‌کیه‌و قوتابخانه‌و کتێبخانه‌و مۆزه‌خانه ، گه‌ڕه‌ک و شه‌قام و باخچه‌و گۆڕستان و ... هتد .
هه‌روه‌ها به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌و نووسینانه رۆژنامه‌گه‌ریی و چالاکیی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و سه‌یران و هه‌ندێک له‌به‌سه‌رهاته‌کان و ، ژیان و رۆڵی وه‌رزشه‌وانان و کارگێڕان و خۆشنووسان و پیاوه نوکته‌بازه‌کانی شاری گرتووه‌ته‌وه ، ئه‌مه جگه له به‌ڵگه‌نامه‌و نامه‌ی تایبه‌تی که‌سایه‌تییه‌کان.
ئه‌م بابه‌تانه ، تێکڕا و به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و ئه‌وانه‌ی له سلێمانیدا ژیاون و ته‌مه‌نیان له نیو سه‌ده تێپه‌ڕیکردووه ، تام و چێژێکی تایبه‌تی هه‌یه‌و سه‌رده‌می منداڵی و هه‌رزه‌کاری و گه‌نجێتییان به‌بیرده‌هێنێته‌وه .
گۆڤاری ( سلێمانی ) سه‌رباری ئه‌م گشتگیرییه‌ی بابه‌ته‌کانی ، پێویستیی به گه‌شه‌کردن هه‌یه ، پێویستیی به‌وه هه‌یه له‌و چوارچێوه‌یه‌ی ئێستای ده‌ربچێت و گۆڕانکاریی له ناوه‌رۆکه‌که‌یدا بکات . لێره‌داو ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ، به‌چه‌ند پێشنیازێک چۆنایه‌تیی ئه‌و گۆڕانکارییه روونده‌که‌مه‌وه :
1 ) له رابردووه‌وه به‌ره‌و ئیمڕۆ هه‌نگاو هه‌ڵبنێت . واتا هه‌مان ئه‌و بابه‌تانه له‌مڕۆدا بخاته‌ڕوو ، دۆکیۆمێنتی ئه‌مڕۆ بکات تا نه‌وه‌کانی ئاینده به واقیعی و زیندوویه‌تی سه‌رده‌می خۆیه‌وه بیبینن و بیخوێندنه‌وه .
2 ) گۆڤارێک بێت بۆ هه‌موان . به‌شێکی به‌رچاوی بۆ خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و نه‌دارو داماوه‌کانی شار ته‌رخان بکرێت . گۆڤاره‌که ببێته ئاوێنه‌ی ژیانی دوێنێ و ئه‌مڕۆی هه‌موو چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی شار ؛ بۆ نموونه (کرێکاران و ده‌ستفرۆشان و بێکاران ) هه‌روه‌ها هه‌ندێ کاری وه‌ک ( کۆڵهه‌ڵگری و سواڵکردن ) یان نیشاندانی واقیعی ژیانی پڕ مه‌ینه‌تیی منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشت و گه‌وره‌ساڵانی بێکه‌س و بێوه‌ژنانی بێده‌رامه‌ت وشێته‌کان و ... هتد .
3 ) بابه‌ته‌کانی ، هه‌ر له وتاری سه‌رنووسه‌ره‌وه تا دوا لاپه‌ڕه که ته‌رخانکراوه بۆ ( رۆڵه به‌ئه‌مه‌که‌کانی شار ) دووربێت له لایه‌نگیریی حزبی ، واته بابه‌تیانه‌و دوور له‌هه‌ر جۆره پڕوپاگه‌نده‌و پیاهه‌ڵوتنێک بێت ، ئه‌مه‌ش وا ده‌خوازێت راپۆرته‌کانی چالاکی و فیستیڤاڵ و بۆنه‌کان گشتیبکرێنه‌وه‌و ، به‌بێ جیاوازی بۆ هه‌موو حزب و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بێت .
4 ) خه‌بات و مێژووی سیاسی ئه‌م شاره ، که له واقیعدا خه‌بات و مێژووی سیاسی باشووری کوردستان له سه‌ده‌یه‌کدا به‌رجه‌سته ده‌کات ، ببێته به‌شێکی گرنگی ناوه‌رۆکی گۆڤاره‌که . دۆکیۆمێنتکردنی ئه‌م مێژووه هه‌موو لایه‌نه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی دوێنێ و ئه‌مڕۆ بگرێته‌وه‌و ته‌نها بۆ یه‌ک دوو لایه‌ن قۆرخ نه‌بێت .
5 ) مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و دابینکردن و په‌ره‌سه‌ندنی خزمه‌تگوزارییه‌کانی وه‌ک : ئاو ، ئاوه‌ڕۆ ، کاره‌با ، ته‌له‌فۆن ، رێگاوبان ، ئامرازه‌کانی هاتوچۆ ... هتد ، بنووسرێته‌وه‌و ، واقیعی ئه‌مڕۆی ئه‌م خزمه‌تگوزارییانه وه‌ک خۆی و بێ کاریگه‌ریی راگه‌یاندنی فه‌رمانگه به‌رپرسیاره‌کان دۆکیۆمێنت بکرێت .
6 ) ده‌کرێت بابه‌ته‌کانی ئه‌م گۆڤاره بۆ گه‌نجانی ئه‌م شاره‌و کوردستانیش جێی سه‌رنج و بایه‌خدان بن ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆشی تێدا ره‌نگبداته‌وه‌و ، به کۆمه‌ڵێک لێکۆڵینه‌وه‌ی به‌راوردکاریی پشتبه‌ستو به دۆکیۆمێنته‌کان ده‌رباره‌ی ژیانی دوێنێ و ژیانی ئێستا ، بڕازێنرێته‌وه .
له کۆتایی ئه‌م پێداچوونه‌وه راگوزه‌ره به گۆڤاری ( سلێمانی ) دا ده‌ڵێم : به‌ڕاستی ، وه‌ک کاری رۆژنامه‌نووسیی ، ده‌بێت ئاماژه بۆ هه‌وڵ و ماندووبوونی سه‌رنووسه‌ری گۆڤاره‌که مامۆستا محه‌مه‌د نوری توفیق و ده‌سته‌ی نووسه‌رانی بکه‌ین که به‌رده‌وامبوونی هه‌تا ئێستای گۆڤاره‌که‌و زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و رێگرییانه‌ی ده‌خرێنه به‌ر ده‌رچوونی ، مشووری بێ پسانه‌وه‌ی ئه‌وانی پێوه‌دیاره‌و ، سه‌باره‌ت به‌مه‌ش شایانی پێ‌زانین و ده‌ستخۆشی و رێزلێنانن .
گۆڤاری ( سلێمانی ) ژماره ( 100 ) شوبات 2009 ل 10
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Monday, February 9, 2009
ئاماره‌کانی هه‌ڵبژاردن و ئاماژه‌کانی . .!
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئامار ، ئه‌و ئاماژانه‌یه که لێیده‌ڕسکێ . هه‌میشه له پشت ئه‌و ژمارانه‌ی ئامار ده‌یانخاته‌ڕوو ، واقیعێک هه‌یه که پێویستیی به خوێندنه‌وه هه‌یه . ژماره‌کان به‌پێی جۆری بابه‌ت و دیارده‌کان ، ئاماژه‌کانیان چ به ئاشکراو چ به نهێنی ، ئه‌رێیانه یان نه‌رێیانه واقیع تێیاندا ره‌نگده‌داته‌وه ، جا ئه‌وه واقیعی سیاسی و ئابووری بێت یان واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و . . . هتد .
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان له عێراقدا ، به پێچه‌وانه‌ی چه‌واشه‌کارییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران و توێژێک رۆشنبیرانی ئه‌مریکاییخواز ، ئاماژه‌یه‌کی راسته‌قینه‌ی واقیعێکی شێواو و گه‌نده‌ڵ بوو . ژماره‌کانی هه‌ڵبژاردن ئه‌و راستییه‌یان ده‌ربڕی بۆیه پتر له خوێندنه‌وه‌یه‌ک هه‌ڵده‌گرن و نابێت هه‌روا به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕببن .
سه‌ره‌تا با ئه‌م ژمارانه‌مان له‌به‌رچاو بێت ، تا بۆ لێکدانه‌وه‌کانمان په‌نایان بۆ به‌رین :
- 14 پارێزگا له کۆی 18 پارێزگا به‌شدارییان له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا کردووه . پارێزگاکانی کوردستان به که‌رکوکیشه‌وه ، واته چوار پارێزگا ( بێ پاساوێکی به‌جێ ) به‌شدارییان له‌م پڕۆسه‌یه‌دا نه‌کرد .
- ژماره‌ی ئه‌و کورسییانه‌ی کێبه‌رکێیان له‌سه‌رکرا 440 بوو که 57 یان له به‌غداو 37 یان له موصل و 35 یان له به‌صره بوون و ، کورسی پارێزگاکانی دیکه له‌وان که‌متر بوو .
- ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو 15 ملیۆن بوو .
- 401 حزب و قه‌واره‌ی سیاسی به‌شدارییان له‌م کێبه‌رکێیه‌ی هه‌ڵبژاردندا کرد که ژماره‌ی کاندیدکراوه‌کانیان 14431 ( چوارده هه‌زارو چوار سه‌دو سیی و یه‌ک ) که‌س بوو که له نێوانیاندا 3912 ( سێ هه‌زارو نۆ سه‌دو دوازده ) یان ژن بوو .
به‌ده‌ر له‌وه‌ی خۆکاندیدکردن به‌و ژمارانه بۆ ئه‌نجومه‌نی پاریزگاکان له‌چ فه‌زایه‌کی سیاسی‌دا کراوه ، نزیک به ساڵێکیشه خه‌ڵکی به‌م پڕۆسه‌یه‌وه سه‌رقاڵکراوه‌و به‌رده‌وام درۆ‌و به‌ڵێن و خه‌ونی ره‌نگاوڕه‌نگیان به‌سه‌ردا په‌خش ده‌کرێت ، بڕێکی گه‌وره‌ش له سامانی خه‌ڵکی عێراق بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م پڕۆسه‌یه ( له هه‌ندێ شوێنیش‌دا بۆ مه‌به‌ستی ناشه‌ریفانه‌ی ده‌نگ کڕین ) به‌فیڕۆ خه‌رجکراوه .
- بۆ ئه‌م پڕۆسه‌یه 42000 ( چل و دوو هه‌زار ) وێستگه‌ی ده‌نگدان کرابووه‌وه که زێتر له 250000 ( دوو سه‌دو په‌نجا هه‌زار ) کارمه‌ندی حکومه‌تیان بۆ دانابوو تا به‌سه‌ر سه‌ندووقه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه بن .
- له‌م پڕۆسه‌یه‌دا ( 20 ) ملیۆن کاغه‌زی ده‌نگدان له ئیماراتی عه‌ره‌بی چاپکراو هێنرا .
- له چین و هیندو به‌ریتانیاو تورکیاش ( 575 ) ته‌ن پێداویستییه‌کانی هه‌ڵبژاردن دابینکرابوو . ( ژماره‌کان له ماڵپه‌ڕی وتووێژی مۆدێرن له‌نێو ئینته‌رنێت وه‌رگیراون ) .
ئه‌گه‌ر به وردی له‌م ژمارانه بڕوانین ، ده‌بینین :
1 ) زۆر نامه‌سئولانه پاره‌یه‌کی زۆر به خۆرایی له پڕۆسه‌یه‌کدا خه‌رجکراوه که هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی ئه‌رێیانه‌ی له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی عێراق نییه ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به‌راوردی بکه‌ین به رێژه‌ی ئه‌و عێراقیانه‌ی ده‌نگیانداوه که‌تێکڕا51% بوون( ئه‌ویش گومانی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره که له هه‌ندێ پارێزگادا به به‌ڵگه‌نامه‌ی ساخته‌وه خه‌ڵکی غه‌یره عێراقی بۆ ده‌نگدان هێنرابن .)
له هه‌ندێ پارێزگاشداکه‌متر له‌و رێژه‌یه ( 45 – 50 % )، واته نزیکه‌ی حه‌وت ملیۆن و نیو عێراقی که مافی ده‌نگدانیان هه‌یه ، به‌شدارییان نه‌کردووه‌و ئه‌م پڕۆسه‌یه‌یان ره‌تکرووه‌ته‌وه .
2 ) کێبه‌رکێی ئه‌و ژماره گه‌وره‌یه له حزب و قه‌واره‌ی سیاسی ، که زۆربه‌یان سایه‌یه‌کی خێڵه‌کی و تایه‌فه‌گه‌رییان هه‌یه ، ئاماژه‌یه بۆ په‌رته‌وازه‌یی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی عێراق و گه‌مه‌کردن به چه‌مکی دیمو‌کراسی و راده‌ی ئه‌و که‌له‌به‌ره سیاسییه گه‌وره‌یه‌ی که چاره‌نووسی سیاسی عێراق بۆ مه‌ودایه‌کی مێژوویی دیکه به هه‌ڵواسراوی ده‌هێڵێته‌وه ؛ ئه‌مه نیشانه‌یه‌که بۆ راده‌ی گرژی و توندتربوونه‌وه‌ی ململانێ نامه‌بده‌ئییه‌کان ، ئه‌و ململانێیانه‌ی که ده‌که‌ونه ژێر هێڵی به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی و ئایینی و ته‌نانه‌ت تایه‌فه‌گه‌ریشه‌وه .
3 ) هه‌ر ئه‌م ژمارانه ئاماژه بۆ بێ سه‌روبه‌ری ریزبوونی چینایه‌تیی ژێر سایه‌ی سیستمێکی ئابووری جێگیر ده‌که‌ن ، واته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که زۆربه‌ی حزب و قه‌واره‌کان ، وه‌ک به‌رنامه‌ی ئابووری ، له بازنه‌ی ئابووریی سه‌رمایه‌داری و بازاڕه ئازاده‌که‌یدان ، به‌ڵام ئه‌و به‌رنامه له‌یه‌کچووانه که له بنه‌ما چینایه‌تییه له‌یه‌کچووه‌کانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن ، کاریگه‌رێتییان له‌سه‌ر ریزبوونه چینایه‌تییه‌کان دانه‌ناوه‌و ، هێشتا که‌لتووری چینایه‌تیی کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و سه‌رخانه خێڵه‌کی و ئاینییه‌که‌ی به‌سه‌ر که‌لتووره خوازراوه‌که‌ی بۆرژوادا زاڵه . ئه‌م واقیعه‌ش جارێکی دیکه چه‌مک و ئه‌رک و زه‌روره‌تی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی و گۆڕانکاریی ریشه‌یی کۆمه‌ڵگا ده‌خاته‌وه به‌رنامه‌ی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه‌وه که بۆ دواڕۆژێکی سۆسیالیستی خه‌بات بکات .
4 ) ژماره‌کان ئاماژه بۆ هه‌ڵوه‌شانێکی دیار‌و ئاشکرای بونیادی کۆمه‌ڵگای عێراق ده‌که‌ن .
ئه‌گه‌رچی هێزه کۆنه‌پارێزه‌کانی کۆمه‌ڵ ده‌یانه‌وێت به ناوی پاراستنی ( نیشتمانی عێراقی یه‌کگرتوو ) و یه‌کپارچه‌یی خاکی عێراق و به‌رهه‌ڵستی فیدیرالیزمه‌وه رێگه له پڕۆسه‌یه‌کی دیموکراتی نوێ له عێراقدا بگرن و چه‌مکه‌کانی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی – ئیسلامی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵدا بسه‌پێنن ، به‌ڵام واقیعی رووداوه‌کان له‌یه‌کترازانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سه‌لمێنێ به‌شێوه‌یه‌ک که پێشبینی ئه‌وه‌ی لێناکرێ جارێکی‌تر و له سایه‌ی ئه‌م شێوه حکومه‌تانه‌دا لایه‌نه له‌یه‌کترازاوه‌کانی به یه‌که‌وه په‌یوه‌ست ببنه‌وه . ئه‌م هه‌ڵوه‌شان و دابڕانه‌ش ده‌بێته مایه‌ی رێگا چاره‌یه‌کی سیاسی دیکه بۆ بڕیاردانی چاره‌نووسی ئه‌م وڵاته‌و ، جۆر‌و شێوازێکی دیکه بۆ چۆنایه‌تی ژیانی پێکهاته‌کانی دیاریده‌کات که که‌رتبوون و دابه‌شبوونی عێراق به سێ ده‌وڵه‌تی جیاجیا ده‌کاته لۆجیکیترین چاره‌سه‌ر و ، کۆتایی به‌م جه‌نگه ناوخۆییه ده‌هێنێت که کێبه‌رکێی ئه‌و ژماره زۆره‌ی حزب و قه‌واره سیاسییه‌کان له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌و هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووشدا یه‌کێک له ئاماژه زه‌قه‌کانێتی .
5 ) خۆکاندیدکردنی ژنان له‌م پڕۆسه‌یه‌دا هیچ شتێک له جێوڕێیان سه‌باره‌ت به بڕیاردانی سیاسی نابینێت . ئه‌و رێگرییه ده‌ستووری و یاساییانه‌ی له‌به‌رده‌می ژناندان ، بواری فراوانبوونه‌وه‌ی سنووری چالاکییان له کۆمه‌ڵدا ناده‌ن و هه‌ڵسووڕانیان چواچێوه‌دار ده‌که‌ن .
بوونی کۆمه‌ڵێک ژن له په‌ڕله‌مانداو سنوورداریی به‌کارهێنانی تواناکانیان و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی مه‌ودای جموجۆڵیان له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌ڵگه‌ن بۆ رووکه‌شیی ئه‌و خۆ کاندیدکردنه ، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له سایه‌ی میکانیزمه‌کانی هه‌ڵبژاردنداو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ژنان نیوه‌ی کۆمه‌ڵ پێکده‌هێنن ، به‌ڵام پیاوان زۆربه‌ی کورسییه‌کان داگیرده‌که‌ن و ، سه‌ره‌نجام ژنه‌کان هه‌ر به پاشکۆیی پیاوه‌کان ده‌مێننه‌وه .
به کورتی : ئاماژه ژماره‌ییه‌کانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان نه ئاسۆی ئازادی و دیموکراتی لێوه‌دیاره‌و نه نوقڵانه‌ی ژیانی خۆشگوزه‌رانیی بۆ عێراق پێیه .
فوئاد قه‌ره‌داغی
6 ی شوباتی 2009
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Sunday, February 1, 2009
دوای چه‌ندین مانگ خۆئاماده‌کردن و کێبه‌رکێ و توندکردنه‌وه‌ی گرژی و ناکۆکی نێوان پێکهاته جیاجیاکانی عێراق و قوتبوونه‌وه‌ی سه‌دان حزب و رێکخراو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ، له دواڕۆژی کانوونی دووه‌می 2009 دا ، خه‌ڵکی سته‌مدیده‌و فریوخواردووی عێراق له چوارده پارێزگادا به‌ره‌و سندووقه‌کانی ده‌نگدان به‌ڕێکه‌وتن و له فه‌زایه‌کی پۆلیسی بێوێنه‌داو ، به رێژه‌ی که‌متر له نیوه‌ی ئه‌وانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه ، به‌شدارییان له‌و پڕۆسه‌یه‌دا کرد‌و ، کۆمه‌ڵێکیتریان له به‌رژه‌وه‌ندیخوازان به پله‌و پایه‌ی ده‌سه‌ڵات گه‌یاند . له‌م پرۆسه‌یه‌دا ، بۆ جارێکیدیکه ، شه‌رعییه‌تیان به چه‌وسێنه‌ره‌کانی خۆیان دایه‌وه ، تا له‌م رێیه‌وه بۆ چه‌ند سالێکیتر سامانی ئه‌م وڵاته به تاڵان ببه‌ن و ئه‌وانیش هه‌روه‌ک رابردوو له سایه‌یاندا زگیان هه‌ڵگوشن و به‌رده‌وام قوربانیی ژیانێکی پڕ کاره‌سات و نائه‌منی و برسێتی و گرانی و ده‌ردوبه‌ڵای جه‌سته‌یی و ده‌روونی بن .
کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مڕۆی عێراق و ، داگیرکه‌ران له پشتیانه‌وه‌و ، له‌ڕێی جۆرنالیزمی جیهانییه‌وه ، ده‌یانه‌وێت هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره که بۆ دیاریکردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان ده‌کرێت ، وه‌ک رووداوێکی مه‌زن و وه‌رچه‌رخانێک له مێژووی عێراقدا بخه‌نه‌ڕوو ، ده‌یانه‌وێت کاڵای رزیوی (( دیموکراتی )) یه‌که‌یان به‌سه‌ر گه‌لانی عێراقدا ساخبکه‌نه‌وه‌و رای گشتی جیهانی پێ چه‌واشه بکه‌ن .
ئه‌مڕۆ عێراق به هه‌لومه‌رجێکی زۆر دژوار‌دا تێده‌په‌ڕێت ، هه‌ڵبژاردن له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا نه‌ک هه‌ر ده‌سته‌به‌ری لانی که‌می ئازادی بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ناکات ، به‌ڵکو به نانه‌وه‌ی ئه‌م کێبه‌رکێ حزبی و تایه‌فه‌ییه که پێشینه‌یه‌کی خوێناوی هه‌یه ، زێتر ده‌رگا له‌سه‌ر ئازادییه‌کان کلۆم ده‌بێت . چونکه ئه‌و راستییانه سه‌لماندنیان ناوێت که له وڵاتێک‌دا داگیرکه‌ران فه‌رمانڕه‌وایی بکه‌ن و ، سیاسه‌ت و ئابووری وڵاته‌که‌یان ، له‌ڕێی رێکه‌وتننامه‌یه‌که‌وه ، به خۆیانه‌وه گرێدابێت و ، هه‌ر کانتۆنێکی به‌ده‌ست مێلیشیای حزبێک یان تایه‌فه‌یه‌که‌وه بێت و ، له‌سایه‌ی هێزه کۆنه‌پارێزه‌کاندا هوشیاری تا راده‌ی ژێر سفر دابه‌زیبێت ، بێ هیچ گومانێک هه‌ڵبژاردن نابێته ئامرازێک بۆ ساڕێژکردنی هه‌موو ئه‌و زامه قووڵانه‌ی ده‌یان ساڵه له‌جه‌سته‌یدا هه‌ڵکۆڵراوه‌و یه‌کبینه هه‌ڵده‌کۆڵرێت .
هه‌ڵبژاردنێک ئازادی تێدا نه‌بێت ، ئامانجی روون و دیاریکراوی نه‌بێت ، ده‌نگده‌ره‌کانی ئازادییان لێ زه‌وتکرابێت و کاریگه‌رێتی سیستمی خێڵه‌کی و ئینتیمای تایه‌فییان له‌سه‌ربێت ، کاندیدکراوه‌کانیشی ، جگه له هه‌ڵپه‌ی پله‌و پایه‌و پاره ، هیچ پرنسیپێکی نیشتمانی و دیموکراتی له به‌رنامه‌یاندا نه‌بێت ، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ته‌نهاو ته‌نها به سوودی ده‌ڵاڵه‌کانی داگیرکه‌ران و ره‌وته شۆڤێنیست و کۆنه‌په‌رسته‌کان ده‌شکێته‌وه . دیاره به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستییانه‌ی واقیعه‌که ده‌یانسه‌لمێنێ و ، سه‌باره‌ت به ئاڕاسته جۆراوجۆره‌کانی ناکۆکییه‌کان ( تناقضات ) و له‌پێشی هه‌موویانه‌وه ناکۆکی خه‌ڵکی سه‌رانسه‌ری عێراق له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ران و داروده‌سته وابه‌سته‌کانیان ، به دوو سه‌ره‌نجام ده‌گه‌ین که ده‌شێت بۆ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێکی له‌و جۆره‌ی ئه‌مڕۆ له عێراقدا پیاده‌ده‌کرێت ،دروست بێت ؛ ناوه‌رۆکی ئه‌و دوو سه‌ره‌نجامه‌ش له‌لایه‌ک ململانێی گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات و ته‌واوی ئه‌و ئیمتیازاتانه‌یه که ده‌سه‌ڵاتدارێتی بۆ ده‌سته‌و تاقم و که‌سه ناسراوه‌کانیانی دابین ده‌کات ، که ئه‌مه بۆخۆی گرێکوێره‌یه‌کی به‌رچاوی بارودۆخه‌که‌یه ، له‌لایه‌کی دیکه‌وه به‌رده‌وامبوونی نه‌رێتی فریودانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکییه له‌لایه‌ن چینه باڵاده‌سته‌کانی کۆمه‌ڵه‌وه که هه‌ر ساته به ئامرازێک و هه‌ر رۆژه به کۆمه‌ڵێک به‌ڵێن و په‌یمان له چاوه‌ڕوانیی خۆشگوزه‌رانی و ئاسووده‌ییدا رایان ده‌گرن . ئه‌مڕۆ ده‌بێت هه‌ڵبژاردن له‌نێو ئه‌م بازنه‌یه‌دا ببینرێت له‌لایه‌ک وه‌ک ئامرازێکی دووسه‌ره بۆ گه‌یشتنی ره‌وته دواکه‌وتووه‌کانی کۆمه‌ڵ به ده‌سه‌ڵات و ،له‌لایه‌کیدیکه‌وه بۆ فریودان و چه‌واشه‌کردنی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی بێبه‌ش له هوشیاری و ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆ .
فوئاد قه‌ره‌داغی 1 ی شوباتی 2009
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Saturday, January 31, 2009
رۆژنامه :چ کاتێک پێویست ده‌کات په‌روه‌رده ریفۆرمی تێدابکرێت ؟
قه‌ره‌داغی : کاتێک تووشی ئاسته‌نگێکی په‌روه‌رده‌یی ده‌بیت ، پێویسته به‌دوای چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێیت ، چاره‌سه‌ریش دوو جۆره : جۆرێکیان چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تییه که له ره‌گوڕیشه‌وه سیستمه‌که به سیستمێکی نوێ ده‌گۆڕێت ، ئه‌ویدیشیان ریفۆرمه که زیاتر پێداچوونه‌وه‌و چاکسازییه له چوارچێوه‌ی هه‌مان سیستمه کۆنه‌که‌دا . له ریفۆرمدا ، هه‌ندێک ده‌ستکاری له سیستمه‌که‌دا ده‌کرێت ، هه‌ندێک جار ده‌ستکارییه‌کان رووکه‌ش ده‌بن یان ته‌نها پینه‌وپه‌ڕۆی چه‌ند لایه‌نێک له سیستمه‌که‌دا ده‌بێت که جیاوازییه‌کی به‌رچاوی له‌گه‌ڵ گۆڕانکاریی ریشه‌ییدا هه‌یه .
بێگومان بوونی ریفۆرم له نه‌بوونی باشتره ئه‌گه‌رچی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تیی کێشه‌کان ناکات . ده‌شێت هه‌ندێک جار هه‌مان سیستم له بارێکه‌وه بۆ بارێکیدیکه بگوازێته‌وه ، ئه‌گه‌ر بتوانێت ناوه‌ڕۆکی ریفۆرمه‌که له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامانجانه‌دا بگونجێنێت که سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه ده‌یه‌وێت پێیانبگات .
رۆژنامه : ریفۆرم له چییه‌وه ده‌ستپێبکات ؟
قه‌ره‌داغی : پێکهاته‌ی سیستمی په‌روه‌رده خۆی له دوو توخمدا ده‌بینێته‌وه ، ئه‌وانیش : توخمه مادییه‌کان و توخمه به‌شه‌رییه‌کانن . پێویسته ریفۆرم له هه‌ردوو توخمه‌که‌دا بکرێت ، چونکه هه‌ردووکیان پێکه‌وه ژینگه‌ی په‌روه‌رده‌یی پێکده‌هێنن .
توخمه ماددییه‌کان بریتین له به‌رنامه‌کانی خوێندن ، هۆیه‌کانی فێرکردن ، رێگاکانی وانه‌گوتنه‌وه ، شێوازی تاقیکردنه‌وه‌کان ، ژووره‌کانی پۆل و تاقیگه‌و کتێبخانه‌و هۆڵ و گۆڕه‌پانی وه‌رزش و شانۆ‌و هۆڵی نیگارکێشان و ... هتد ، واته بینای قوتابخانه به سه‌رجه‌می به‌شه‌کانیه‌وه .
بینای قوتابخانه ، یه‌کێکه له توخمه سه‌ره‌کییه‌کانی سیستمی په‌روه‌رده که رۆڵی به‌رچاوی له راکێشانی ئاره‌زووی منداڵدا بۆ خوێندن و فێربوون هه‌یه ؛ ئه‌گه‌ر بینای قوتابخانه چاک ، گه‌وره‌و پاک و خاوێن و گونجاو نه‌بێت ، هه‌موو مه‌رجه سه‌ره‌کییه‌کانی فێربوونی تێدا نه‌بێت ، ئه‌وا ، هه‌رچه‌نده بڕیاری ریفۆرم له‌چه‌ند به‌شێکی سیستمه‌که‌دا بدرێت ، هیچ سوودێکی نابێت و سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستناهێنێت ، تۆ واقیعیانه بڕوانه : چۆن ده‌توانی له بینای ئه‌م قوتابخانانه‌دا وانه‌ی کۆمپیوته‌ر به منداڵان بڵێیته‌وه‌و وه‌ک وانه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ بیخه‌یته نێو به‌رنامه‌کانی خوێندنه‌وه ، یان چۆن له پۆله‌کانی ئێستای قوتابخانه‌کاندا رێگای وانه‌گوتنه‌وه به گروپ جێبه‌جێده‌که‌یت ؟! که ئێستا ده‌ویسترێت به‌سه‌ر قوتابخانه‌کاندا بسه‌پێنرێت . پۆله‌کانی ئێستا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌کانی خوێندنی ئێستادا که پێیده‌گوترێت (( به‌رنامه‌ی مادده جیاجیاکان )) گونجاوه که تێیدا قوتابییه‌کان له پۆلدا به‌ڕیز پشتیان له‌یه‌کتره‌و مامۆستا وه‌ک سه‌رکرده‌ی پۆل له‌به‌ر ده‌میاندا به پێوه راوه‌ستاوه . سیستمی گروپ که وه‌ک ئه‌لته‌رناتیڤێکی وانه‌گوتنه‌وه (ریفۆرم ) داوای ده‌کات ، ده‌بێت کۆمه‌ڵێک پێداویستی بۆ ئاماده بکرێت له‌وانه : بوونی ژووری بچوک بچوک بۆ گروپه‌کان ، هه‌روه‌ها هێڵی ئینته‌رنێت و کتێبخانه و ...هتد، بۆ چالاکی گروپه‌کان و به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له لایه‌ن قوتابییه‌کانه‌وه .
هاوکات له‌گه‌ڵ توخمه ماددییه‌کاندا ، پێویسته توخمه به‌شه‌رییه‌کانیش ، به تایبه‌تی کادیره په‌روه‌رده‌ییه‌کان له ئاستی ئه‌و ریفۆرمه‌دا بن که ده‌ویسترێت له چه‌ند به‌شی سیستمی مه‌وجوددا بکرێت . ده‌بێت کادیری په‌روه‌رده‌یی له ئاستی ئه‌و ئه‌رکانه‌دا بن که ریفۆرمیسته‌کان دیارییانکردووه .
یه‌کێک له توخمه به‌شه‌رییه گرنگه‌کان که بۆ خۆی ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کیی سیستمی په‌روه‌رده‌یه ، قوتابییه . سیستمی په‌روه‌رده یان هه‌ر گۆڕانکاریی و ریفۆرمێک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م که‌رته به‌شه‌رییه‌ی کۆمه‌ڵ ده‌کات ، واته مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مرۆڤێکدا ده‌کات که منداڵ و هه‌رزه‌کارن ، ئه‌و مرۆڤانه‌ی کۆمه‌ڵن که ده‌بێت له رووی ئه‌خلاقی و کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و ئه‌قڵی و ویژدانییه‌وه په‌روه‌رده بکرێن و گه‌شه‌بکه‌ن ؛ هه‌ڵبه‌ت ده‌بێت ئه‌و سیستمه جیاوازبێت له‌وه‌ی کۆمه‌ڵگابه ئاسایی و خودبه‌خودی ، منداڵان و هه‌رزه‌کارانی له‌سه‌ر په‌روه‌رده ده‌کات.
یه‌کێکیتر له توخمه به‌شه‌رییه‌کان مامۆستایه که سه‌ره‌کیترین توخمی جێبه‌جێکاره له سیستمه‌که‌دا ، بۆیه پێویسته له‌گه‌ڵ ریفۆرمه‌که‌دا گۆڕانکاریی به‌سه‌ر ئه‌ویشدا بێت . هه‌ر ریفۆرمێک یان گۆڕانکارییه‌ک مامۆستایان بڕوایان پێی نه‌بێت ، به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنرێت و له هه‌موو روویه‌که‌وه بۆی ئاماده نه‌کرابن ، سه‌رکه‌وتوو نابێت ؛ له‌وانه‌یه بۆ ماوه‌یه‌ک به رواڵه‌ت سه‌رگه‌رمی جێبه‌جێکردنی ببن به‌ڵام دوائه‌نجام به شکست کۆتایی دێت .
جگه له مامۆستا ، ئیداره‌ی قوتابخانه‌و سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده‌یی و کارمه‌نده پسپۆڕییه‌کانی نێو ده‌زگای په‌روه‌رده ، هه‌موویان ، له توخمه به‌شه‌رییه‌کانی ده‌زگاو سیستمی په‌روه‌رده‌ن که پێویسته له زۆر رووه‌وه گۆڕانکارییان به‌سه‌ردا بێت و هه‌وڵی به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنیان بدرێت .
رۆژنامه : چه‌ندین جار له که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندنه‌وه‌گوێبیستی ئه‌وه بووین که ئه‌و سیستمه‌ی له کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2008 – 2009 په‌یڕه‌وده‌کرێت نموونه‌یه‌که له سیستمی په‌روه‌رده‌ی سوید ، ده‌کرێت سیستمی په‌روه‌رده‌ی وڵاتێکی ئه‌وروپی له کوردستان سه‌رکه‌وتووبێت ؟
قه‌ره‌داغی : پێموایه خواستنی کتومتی سیستمێکی په‌روه‌رده له وڵاتێکه‌وه بۆ وڵاتێکی‌تر کارێکی دروست نییه . ئه‌گه‌ر بویسترێت سیستمی په‌روه‌رده‌و فێرکردن گۆڕانکاریی به‌سه‌ردابێت ، ده‌بێت هه‌لومه‌رجی وڵاته‌که‌ی خۆت له‌کایه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه شیبکه‌یته‌وه‌و به‌پێی ئاستی راسته‌قینه‌و واقیعه‌که‌ی ستراتیژ‌و شێوازی گۆڕانکاریی یان ریفۆرم ده‌ستنیشان بکه‌یت و له‌به‌ر تیشکی ئه‌وه‌دا ده‌ستکاری ریفۆرمیستانه یان گۆڕانکاریی ریشه‌یی و سیستمێکی نوێ دابڕێژیت؛ نه‌ک ئه‌وه‌ی لاسایی سیستمی وڵاتێک بکه‌یته‌وه که چه‌ند قۆناخ له هه‌موو کایه‌کانی ژیاندا له پێشمانه‌وه‌بن و بۆ خۆیان سیستمێکی په‌روه‌رده‌یی توندوتۆڵیان داڕشتبێت . دیاره من ئه‌وه ره‌تناکه‌مه‌وه که ده‌بێت سوود له هه‌موو ئه‌زموونه جیاوازه‌کان وه‌ربگیرێت ، به‌تایبه‌تی ئه‌زموونی وڵاته پێشکه‌وتووه‌کانی وه‌ک سوید یان وڵاته‌کانی ئه‌وروپاو ئه‌مریکا یان ئه‌زموونی په‌رورده‌و فێرکردن له وڵاته سۆسیالیسته‌کانی جاراندا ؛ نه‌خێر .. ده‌کرێت سوودیان لێوه‌ربگیرێت به‌ڵام به مه‌رجێک سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی ژیان له وڵاته‌که‌ی خۆتدا شیبکه‌یته‌وه‌و پێداویستییه‌کانی گۆڕان و گه‌شه‌کردنی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆت بناسیت و سیستم و به‌رنامه چاکسازییه‌کانی له‌گه‌ڵدا بگونجێنیت ، چونکه ئه‌گه‌ر به‌بێ لێکۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی واقیعه‌که کار بۆ جێبه‌جێکردنی سیستمێکی نامۆ بکه‌یت ، خراپ به‌سه‌ر سیستمه په‌روه‌رده‌ییه‌که‌تدا ده‌شکێته‌وه‌و له بازنه‌ی لاساییکرنه‌وه‌و ، له باشترین حاڵه‌تدا ، له چواچێوه‌ی نیازپاکییه‌کی بێ بنه‌ما ده‌رناچێت و منداڵی خه‌ڵکی باجه‌که‌ی ده‌دات . دیاره ده‌توانیت له راگه‌یاندنه‌کاندا به‌شان و باڵی ریفۆرمدا هه‌ڵبده‌یت و سه‌رکه‌وتنی وه‌همی بۆ خۆت تۆمار بکه‌یت – که له بواری په‌روه‌رده‌وفێرکردندا دوای چه‌ندین ساڵ ده‌توانیت به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه بکه‌یت و خه‌ڵک لێتوه‌ربگرێت – به‌ڵام هه‌میشه واقیع به راستگۆیی وه‌ڵامه‌کان ده‌داته‌وه .
رۆژنامه : که‌می بینای قوتابخانه یه‌کێکه له ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌م گۆڕان له سیستمی قوتابخانه‌دا ، ئایاسیستمی ئه‌وروپا له قوتابخانه‌یه‌کی سێ ده‌وامیدا سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت ؟
قه‌ره‌داغی : بێگومان نه‌خێر . لێره منداڵ سێ بۆ چوار سه‌عات له قوتابخانه‌یه چونکه قوتابخانه‌کان دوو یان سێ ده‌وامیان تێدایه ، ئه‌وه‌ش رێگه بۆ منداڵ خۆشده‌کات کاتێکی زۆر له ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه بێت ، واته کاتی خۆی له ماڵه‌وه یان له له کۆڵان و بازار و شوێنه جیاجیاکانیتر به‌سه‌ربه‌رێت . ئێمه ( مه‌به‌ستم ئه‌و نه‌وه‌یه‌یه که له ته‌مه‌نی مندان ) له په‌نجاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا له‌قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی بووین ، به‌یانیان له سه‌عات هه‌شته‌وه ده‌چووین بۆ قوتابخانه ، دوای خوێندنی چوار وانه ده‌چووینه‌وه بۆ ماڵه‌وه‌و سه‌عات دوو بۆ چواری دوای نیوه‌ڕۆ ده‌واممان ده‌کرده‌وه ، واته زۆربه‌ی کاتی رۆژه‌که‌مان له قوتابخانه به‌سه‌رده‌برد ، به‌ڵام منداڵی ئێستا که‌مترین کات له قوتابخانه‌یه ، ئه‌مه‌ش واده‌کات له چوونه کۆڵان و تێکه‌ڵاوی له ده‌ره‌وه‌ی پۆل و قوتابخانه‌دا فێری چه‌نده‌ها خووی نابه‌جێ و شتی ناشیرین ببێت ، بۆیه ده‌وامی نیوه‌ناچڵ له قوتابخانه‌دا هه‌رگیز له‌گه‌ڵ سیستمێکی نوێ و په‌روه‌رده‌و فێرکردنێکی مۆدێرندا یه‌کناگرێته‌وه .
رۆژنامه : بنه‌ماکانی دامه‌زراندنی کادیری په‌روه‌رده‌یی ده‌بێت چی بێت ؟
قه‌ره‌داغی : له‌م باره‌یه‌وه ئه‌زموونێکی زۆرهه‌یه له وڵاتاندا په‌یڕه‌وده‌کرێت و ده‌شێت سوودیان لێوه‌رگیرێت و ئه‌وه‌ی گونجاوه کاری پێبکرێت ، دیاره زۆربه‌شیان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی زانستی دانراون و بۆ دامه‌زراندن و پێگه‌یاندنی کادیری په‌روه‌رده‌یی به‌کارده‌هێنرێن ؛ به‌ڵام له کوردستاندا هێشتا ئه‌و بنه‌مایانه‌ی به‌عس له‌به‌رچاوی گرتبوون له ئارادایه‌و پێوه‌ری ئینتیما بۆ حزبی ده‌سه‌ڵاتدار په‌یڕه‌وده‌کرێت که له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی هیچ یه‌کێک له وڵاتانی جیهانی پێشکه‌وتووتر له وڵاتی ئێمه نایه‌ته‌وه ، به‌و وڵاتانه‌شه‌وه که بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان نموونه‌یین . له‌به‌ر ئه‌وه دانانی لێپرسراوانی حکومه‌تی و له‌وانه‌ش په‌روه‌رده له کوردستاندا له‌سه‌ر بنه‌مای ئینتیمای حزبییه ، ئه‌مه شێواز‌و میراتێکی نێگه‌تیڤه بۆمان ماوه‌ته‌وه‌و له‌سه‌داسه‌د هه‌ڵه‌یه ، که ده‌بوایه دوای راپه‌ڕین کاڵبکرێته‌وه نه‌ک به‌م شێوه‌یه تۆخبکرێته‌وه .
کاری کادیری په‌روه‌رده‌یی ، کارێکی سایکۆلۆژی و مه‌عریفی و په‌روه‌رده‌ییه ، ئه‌نجامی ئه‌م کاره په‌روه‌رده‌کردنی نه‌وه له‌دوا نه‌وه‌ی منداله‌کانی میلله‌ته . ئه‌م کاره به خه‌ڵکی پسپۆر ده‌کرێت که به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌م کاره په‌روه‌رده‌ییه راهێنرابن ، بۆیه ده‌بێت لایه‌نه زانستی و په‌روه‌رده‌یی و سایکۆلۆژی و مه‌عریفییه‌که بۆ دانان و ئه‌رک پێسپاردنیان له‌به‌رچاوبگیرێت ، به‌م پێیه هه‌ر پێوه‌رێکیتر بۆ دانانی ئه‌م کادیره په‌روه‌رده‌ییانه هه‌بێت ، ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی رۆژ له‌دوای رۆژ سیستمه په‌روه‌رده‌ییه‌که به‌ره‌ودواوه به‌رێت و به قوربانی سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژیا‌و کێشه‌کانیانی بکات .
رۆژنامه : که‌واته چۆن بتوانین ده‌ستێوه‌ردانی حزب له په‌روه‌رده دووربخه‌ینه‌وه ؟
قه‌ره‌داغی : له‌ڕاستیدا ئه‌وه گرێکوێره‌یه‌که من پڕۆژیه‌ک‌ی چاره‌سه‌رکردنی ده‌موده‌ستم بۆی نییه . ئێستا‌و له هه‌لومه‌رجی ئیمڕۆدا رێگای چاره‌سه‌رکردن ته‌نها له‌لای که‌سه باڵاده‌سته‌کانی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداره ، که به کاردانه‌وه‌ی ئیجابییانه به‌رامبه‌ر کێشه په‌روه‌رده‌ییه‌کان و بوردن له به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حزبییانه ، ده‌توانن هه‌نگاو به‌ره‌و گۆڕینی بنێن ، هه‌رچه‌نده ئاماژه‌کانی رابردوو و ئێستا له‌وه دڵنیامان ناکات . ئه‌و کاره له ململانێ و پڕۆسه‌یه‌کی دژوار‌و کاتێکی درێژماوه‌دا ده‌کرێت . هه‌ڵبه‌ت جه‌ماوه‌ریش رۆڵی خۆی له‌وه‌دا هه‌یه‌و بارودۆخه په‌روه‌رده‌ییه‌که هه‌روه‌ها نامێنێته‌وه . جه‌ماوه‌رێکی هوشیار که بتوانێت کارتی هه‌ڵبژاردن به‌باشی به‌کاربهێنێت و بیکاته ئامرازێکی فشار بۆ هه‌ڵبژاردنی که‌سانێک که نوێنه‌ری راسته‌قینه‌یان بن ، رۆڵیان ده‌بێت ، نه‌ک هه‌ر له بواری گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده‌دا ، به‌ڵکو له بڕیاردانی چاره‌نووسی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان و نه‌وه‌کانی دواڕۆژدا که ئیمڕۆ له‌نێو هۆڵه‌کانی خوێندندان .
رۆژنامه : بوونی رێکخراوه خوێندکاری و قوتابیه‌کان له‌ناو خوێندنگه‌کاندا ، به‌تایبه‌تی قۆناغی بنه‌ڕه‌تی ، تا چه‌ند سوود به پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده ده‌گه‌یه‌نێت ، ده‌کرێت به‌دیلی هه‌بێت ؟
قه‌ره‌داغی : ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌ی ده‌یکه‌ن له به‌رژه‌وه‌ندی و خزمه‌تی خوێندکاراندا بێت به گشتی ، بێ هیچ گومانێک سوود به پڕۆسه‌ی خوێندن ده‌گه‌یه‌نێت ؛ بۆ نموونه ده‌ستگیرۆیی خوێندکاره نه‌داره‌کان و دابینکردنی هه‌ندێک له پێداویستییه‌کانی رۆژانه‌ی خوێندن و سازکردنی ئاهه‌نگ و سه‌یران و گه‌شتی زانستی بۆ خوێندکاران ، دیاره له به‌رژه‌وه‌ندییاندا ده‌بێت به مه‌رجێک مه‌رجه حزبییه‌کان بارمته‌یان نه‌بن ، که ئه‌مه مه‌رجێکه تا ئێستا گرانبووه‌و ئه‌و ئه‌زموونه‌ی له‌مه‌وپێش هه‌یه پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌گه‌یه‌نێت ، چونکه ئه‌و رێکخراوانه ئه‌وه‌نده‌ی به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌کانیان مه‌به‌ستبووه ، ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵیان بۆ راکێشانی قوتابیان و خوێندکاران بۆ حزبه‌کانیان داوه ، ئه‌وه‌نده به ته‌نگ خودی قوتابیان و خوێندکاران و ئاستی په‌روه‌رده‌وفێکردنه‌وه نه‌بوون . له‌به‌رئه‌وه ده‌کرێت ، به‌سوودوه‌رگرتن له ئه‌زموونی وڵاتانیدیکه ، به‌دیلێکیتر بۆ رێکخستنی خوێندکاران له قوتابخانه‌و خوێندنگاکان‌دا دابنرێت ، رێکخراوی بێلایه‌ن و بێ ئینتیمای حزبی له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنی ئازاده‌وه له مه‌ڵبه‌نده‌کانی خوێندندا هه‌بن ، هه‌موو پۆلێک نوێنه‌ری خۆی هه‌بێت و نوێنه‌ری خوێندکارانی هه‌ر مه‌ڵبه‌ندێکی خوێندن ئه‌ندامی کارای له به‌ڕێوه‌بردنی مه‌ڵبه‌نده‌که‌دا هه‌بێت ، به‌مه‌ش ده‌توانێ رۆڵێکی ئه‌کتیڤ ببینێت و زۆر ئه‌رک له ئه‌ستۆی ئیداره‌ی خوێندنگا بکاته‌وه . رێکخراوه‌کانی ئێستا ، هه‌ریه‌که‌یان دروستکراوی حزبێکن بۆیه کاری رێکخراوه‌یی و جه‌ماوه‌رییان به فراوانی پێناکرێت و ناتوانن وه‌ک رێکخراوێکی چالاکی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هه‌ڵسووڕێن ، یان کاریگه‌رێتییان له‌سه‌ر گۆڕانکاریی په‌روه‌رده‌یی هه‌بێت .
رۆژنامه : دانانی ژیاننامه‌ی سه‌رکرده‌کان له پڕۆگرامه‌کانی خوێندندا تا چه‌ند رۆڵ و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی منداڵ به‌جێده‌هێڵێت ؟
قه‌ره‌داغی : په‌روه‌رده‌ی مۆدێرن دژی هه‌موو شێوه شتنه‌وه‌یه‌کی مێشکی منداڵه . کارتێکردنی حزبییانه له منداڵان کارێکی هه‌ڵه‌یه . ئاڕاسته‌ی ئایدیۆلۆژیستانه‌ی منداڵ له‌گه‌ڵ چه‌مکه‌کانی ئازادی و دیموکراسیدا ناگونجێت . پیرۆزاندن له‌هه‌ر ئاستێک‌دا به‌رنامه‌ڕێژیی بۆ بکرێت کارێکی نه‌شیاوه‌و په‌روه‌رده‌ی نوێ ره‌تیده‌کاته‌وه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ره‌خنه‌گرتن و بیرکرنه‌وه‌ی زانستیانه و پاراستنی که‌سایه‌تیی سه‌ربه‌خۆی مندال ، ئه‌و کۆڵه‌کانه‌ن که په‌روه‌رده‌وفێرکردنی مۆدێرنی له‌سه‌ر راوه‌ستاوه . سه‌پاندنی بیروباوه‌ڕی ئه‌م حزب یان ئه‌و حزب ، پیرۆزاندنی ئه‌م به‌رنامه یان ئه‌و به‌رنامه ، جه‌ختکردن له‌سه‌ر سه‌رکرده کاریزمییه‌کان له به‌رنامه‌کانی خوێندندا پێچه‌وانه‌ی ئه‌رکی ئیمڕۆی په‌روه‌رده‌و فێرکردن و بنیاتنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی دروست و نه‌وه‌یه‌کی هوشیاره که ئه‌ملاو‌ئه‌ولای به هێڵی سوور بته‌نرێت .
منداڵ ، به‌تایبه‌تی له قۆناغی بنه‌ڕه‌تیدا له‌گه‌شه‌کردنی به‌رده‌وامدایه له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت فێری ئه‌وه بکرێت خۆی بڕیاری چاره‌نووسی فیکری و ویژدانیی خۆی بدات ، واته‌نابێت هیچ شتێک به‌سه‌ریدا بپیرۆزێنرێت . ده‌بێت منداڵ رێگاکانی بیرکردنه‌وه‌ی زانستی و مه‌عریفه‌ی گشتی فێربکرێت تا بتوانێت له گه‌وره‌بوونیدا خۆی ئازادانه هێڵی سوور بۆ ره‌فتارو ره‌وشتی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خۆی ده‌ستنیشان بکات . ده‌بێت ئه‌م ئاڕاسته‌یه به‌شێکی گرنگی هه‌ر به‌رنامه‌ڕێژییه‌ک بێت بۆ گۆڕانکاری و ته‌نانه‌ت بۆ ریفۆرمیش .
رۆژنامه : بێجگه له هه‌موو ئه‌وانه که‌موکووڕییه‌کانی ئه‌م سیستمه‌ی بۆ په‌روه‌رده پیاده‌ده‌کرێت چییه ؟
قه‌ره‌داغی : وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره پێویستیی به توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌یه . من ناتوانم به‌بێ لێکۆڵینه‌وه یان توێژینه‌وه ، هه‌ر له خۆمه‌وه ، که‌موکووڕی ده‌ستنیشان بکه‌م ، ئه‌گه‌رچی ئه‌زموونی شه‌خسی رۆڵی له چاکتر ناسینی سیستمی په‌روه‌رده‌یی و کێشه‌کانیدا هه‌یه . ئه‌وه‌ی ده‌توانین به مه‌زه‌نده‌و به تێبینی واقیعه‌که هه‌ستی پێبکه‌ین ئه‌وه‌یه که به گشتی که‌موکووڕی له سیستمی ئیداره‌و سیستمی پێگه‌یاندنی مامۆستایان و راهێنانیشیاندا هه‌یه ، هه‌روه‌ها له به‌رنامه‌کانی خوێندن و رێگاکانی وانه‌گوتنه‌وه‌و به‌کارهێنانی هۆیه‌کانی فێرکردن . له هه‌مووشیان گرنگتر ئه‌و که‌موکووڕییه زۆره‌یه که له بینای قوتابخانه‌دا هه‌یه ، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت ریفۆرم هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌و وه‌ک ئه‌وله‌وییه‌ت مشووری چاکردن و زیادکرنی بینای قوتابخانه بخوات و به مه‌رجێکی سه‌ره‌کی هه‌ر هه‌وڵێکی ریفۆرمیستانه‌ی بزانێت . خۆ ئه‌گه‌ر نیازی گۆڕانکاریی ریشه‌ییش هه‌بێت ، ئه‌وه سه‌ره‌تا ده‌بێت له بڕیاردان و دیاریکردنی فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌ییه‌وه ده‌ستپێبکه‌ین .
فوئاد قه‌ره‌داغی
رۆژنامه‌ی ( رۆژنامه ) ژماره ( 392 )
دووشه‌ممه 23 ی کانوونی دووه‌می 2009
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Friday, September 19, 2008
شێوه‌ی په‌یوه‌ندی مرۆڤ به ده‌روبه‌ره‌که‌یه‌وه ، لایه‌نێکی چالاکیی ژیانه . په‌یوه‌ندییه‌کانی مرۆڤ له‌ناو خێزاندا ، له‌شوێنی کاردا ، له په‌یوه‌ندی به‌ربڵاوی نێو کۆمه‌ڵدا ، به‌شیکی هه‌ره گه‌وره‌ی ره‌وتی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی پێکده‌هێنێت . له‌م په‌یوه‌ندییانه‌دا ، ته‌بایی و ناته‌بایی ، گونجان و نه‌گونجان ، رێکی و ناڕێکی ، وه‌ک دیارده‌یه‌ک ئاسایین و رۆژانه رووده‌ده‌ن . ره‌وتی ئاسایی ژیانی مرۆڤه‌کان یه‌کبینه به‌م پڕۆسه ئاڵۆز‌و ناکۆکه‌دا ده‌ڕوات ، بۆیه هه‌میشه مرۆڤ به‌ره‌وڕووی گیروگرفته‌کان ده‌بێته‌وه‌و به ناچاریی ده‌بێت بکه‌وێته به‌رده‌م هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رکردنێکی دروست بۆ ئه‌و گرفتانه‌ی له‌و دیاردانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و سه‌ره‌ڕێی ره‌وته ئاساییه‌که‌ی لێده‌گرن .
مرۆڤ هه‌موو کاتێک هه‌ڵه‌و که‌موکووڕییه‌کانی خۆی نابینێ ، یان هه‌ستیان پێناکات ، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ره‌وه‌ی پڕۆسه‌که هۆکارێکی گرنگه بۆ ناسینی خود کاتێک له‌وێوه ، له‌ده‌ره‌وه‌ی پڕۆسه‌که‌وه ، ده‌ستنیشانی که‌موکورتییه‌کانی ده‌کرێت و سه‌رنجی بۆ راده‌کێشرێت .
کاتێک سه‌رنجمان راده‌کێشن و پاڵه‌په‌ستۆ له‌ده‌ره‌وه به‌ره‌و ناخی هۆشمان هوروژم دێنێت ، هه‌ڵوێستێک وه‌رده‌گرین . وه‌رگرتنی هه‌ڵوێست بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و کارلێکه ده‌روونییه‌ی هوروژمه ده‌ره‌کییه‌که دروستیده‌کات یه‌کێک له‌م رێگایانه ده‌گرێته‌به‌ر : یان به‌پیر ئه‌و ره‌خنانه‌وه ده‌چین و به‌رنامه‌ی چاره‌سه‌رکردنی بۆ داده‌نێین ، یان له‌سه‌ر نه‌رێتی باوی کۆمه‌ڵی خێڵه‌کی و عه‌شایه‌ری ، به مێشکێکی له‌خۆڕازی و تیره‌گه‌رییانه‌وه له‌سه‌ر هه‌ڵه‌کان سوورده‌بین و ته‌نهاو ته‌نهاخۆمان به‌ڕاست ده‌زانین و ، هه‌رچی سه‌رنج و راو ئامۆژگارییه‌ک له‌کایه‌دابێت ره‌تیده‌که‌ینه‌وه .
له کۆمه‌ڵگایه‌کی داخراودا که هه‌لومه‌رجی ئازادی له‌گۆڕێدا نه‌بێت و هه‌رکه‌سه بۆ خۆی و به‌ته‌نها بڕیاری ره‌فتاری خۆی بدات و هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت ، ئه‌و هه‌ڵوێست و بڕیاره پابه‌ندی رۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی و کاریگه‌رێتی سیستمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که ده‌بێت ، به‌پێی ئه‌و رۆڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ش که هه‌رکه‌سه بۆخۆی ده‌ستنیشانیکردووه ، کاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر سه‌رنج و ره‌خنه‌کان ده‌رده‌بڕێت . که‌سێک نییه له هه‌موو ماوه جیاجیاکانی ژیانیدا ئه‌م هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه ده‌سته‌ویه‌خه‌ی نه‌بووبێت و رێگایه‌کی بۆخۆی هه‌ڵنه‌بژاردبێ .
ئه‌و تاکه‌که‌سانه‌ی بڕوایان به‌وه هه‌بێت که کاره‌کانیان ، ره‌فتاره‌کانیان ، بیروبۆچوونیان ، ده‌بێت له خزمه‌تی خه‌ڵکیدا بێت ، به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆیانی ده‌زانن گوێ بۆ خه‌ڵکی شلبکه‌ن و ، رێز له بیروڕای ئه‌و که‌سانه بگرن که پێکه‌وه ، له شوێنێک ، له سنووری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی ناوکۆییدا ده‌ژین ، تا شێوازی کار‌و ره‌فتاریان له‌به‌ر تیشکی ئه‌و بیروڕایه‌ی خه‌ڵکیدا دابڕێژنه‌وه‌و هه‌میشه گۆڕانکاریی له شێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و ئاستی کاره‌کانیاندا بکه‌ن .
ره‌خنه‌ی خه‌ڵکی هه‌میشه سوودبه‌خشه ، جا ئه‌و ره‌خنه‌یه راستیی پێکابێت یان بۆچوونی هه‌ڵه‌و تێگه‌یشتنی ئاوه‌ژوو و تێڕوانینی سه‌رپێیی تێدا بێت . له‌هه‌ردوو باردا ، مرۆڤ ده‌توانێت سوود له ره‌خنه‌کان وه‌ربگرێت . کاردانه‌وه‌ی هه‌ر یه‌کێکیش به‌رامبه‌ر ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی لێیده‌گرن له یه‌کێکی دیکه جیاوازه . سه‌رکه‌وتن و به‌پیره‌وه‌چوونی ره‌خنه‌که‌ش به‌نده به‌و شێوه کاردانه‌وه‌یه‌وه ، چاره‌سه‌رکردنه‌که‌ش هه‌ر به‌و پێیه به‌ستراوه‌ته‌وه به چۆنیه‌تی ئه‌ورێبازه‌ی ره‌خنه‌لێگیراو له‌سه‌ریده‌ڕوات .
لێره‌دا باسه‌که له دینامیزمی کاری کارگێڕیی فه‌رمانگه‌یه‌کدا چڕده‌که‌مه‌وه که راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به خه‌ڵکه‌وه هه‌بێت ، به‌ده‌ر له‌وه‌ی سیستمی سیاسی له‌ده‌ستی هه‌ر هێزو لایه‌ن و گرووپێکدا بێت ، یان فه‌رمانبه‌ر نه‌یاری سیستمه‌که یان لایه‌نگیری بێت .
ئه‌و که‌سانه‌ی فه‌رمانگه‌یه‌ک کۆیانده‌کاته‌وه ، له‌ڕووی کارگێڕییه‌وه پله‌ی جیاجیایان هه‌یه . زنجیره‌ی به‌رپرسیارێتیش له‌به‌رپرسی یه‌که‌مه‌وه تا کارمه‌ندو کرێکاره‌کان جۆرێک له په‌یوه‌ندی ستوونی پێکده‌هێنێت . ئه‌م په‌یوه‌ندییه شێوه‌یه‌کی ره‌سمی وه‌رده‌گرێت و له‌و سنووره‌دا ، فه‌رمان و جێبه‌جێکردن و لێپرسینه‌وه‌و به‌دواداچوون له نێوان ئاستی سه‌ره‌وه‌و ئاستی خواره‌وه‌دا ده‌بێت . به‌ڵام جگه له‌و په‌یوه‌ندییه ستوونییه ، شیوه‌یه‌کی دیکه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه که به‌شێوه‌یه‌کی ئاسۆیی له نێوان کارمه‌نده‌کانی یه‌ک پله‌دا پێکدێت و ، کارلێکی ئه‌مان له‌گه‌ڵ کاره‌که‌و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونیدا ، رۆڵی خۆی له چۆنیه‌تی راپه‌ڕاندنی کار‌و خزمه‌تی خه‌ڵکیدا ده‌بینێت . له‌نێوان ئه‌م توێژه‌دا که په‌یوه‌ندی ئاسۆیی پێکده‌هێنن ، که‌متر شیوازی ره‌سمی کاریگه‌رێتی به‌سه‌ریانه‌وه هه‌یه ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌پێی جیهانبینی و باری سه‌رنجی تایبه‌تی هه‌ریه‌کێکیان ، کاردانه‌وه‌یان ، هه‌ڵوێستیان له کار‌و ، له خه‌ڵکێک که ئیشیان تێیانده‌که‌وێت وه‌ر‌ده‌گرن ، که له شێوه‌ی باوی خۆیدا به‌هه‌ڵوێستی ئایدیالیستی و هه‌ڵوێستی ریالیستی پێناسه ده‌کرێن . واته له‌نێو ئه‌و کارمه‌ندانه‌ی په‌یوه‌ندیی ئاسۆیی کار پێکه‌وه گرێیانده‌دا ، دوو بیرکردنه‌وه‌و دوو هه‌ڵوێست سه‌رهه‌ڵده‌دات : یه‌کێکیان ئایدیالیستانه‌و خودیانه‌و ته‌سکبینانه‌یه ، ئه‌ویدیکه‌یان ریالیستانه‌و بابه‌تیانه‌و فراوانبینانه‌یه . ده‌شێت له‌م دوو لایه‌نه‌ی جیهانبینیدا ، له سه‌ره‌تای کاردا ، لایه‌نێکیان زاڵ‌بێت که زێتر لایه‌نی ریالیستانه‌یه ، به‌ڵام له قۆناغێکی دیکه‌دا گۆڕانی به‌سه‌ردادێت وئاستی راپه‌ڕاندنی کاره‌کان ده‌که‌وێته نێو بازنه‌کانی چالاکی و دیده جیاوازه‌کانه‌وه .
یه‌کێک له‌و دیاردانه‌ی هه‌تا راده‌یه‌ک گشتێتی هه‌یه ، چالاکی و هه‌ڵسوکه‌وتی دڵسۆزانه‌و سه‌ر‌گه‌رمیی و پاکی و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی کار‌و خزمه‌تی خه‌ڵکییه که هه‌موو فه‌رمانبه‌رێک یان کرێکاری فه‌رمانگه‌یه‌ک ، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی دیدێکی سیاسی - کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌رچاوڕوونیان ده‌رباره‌ی رۆڵی خۆیان له کۆمه‌ڵدا هه‌یه ، له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌کاربوونیان و بۆ ماوه‌یه‌ک په‌یڕه‌ویده‌که‌ن ؛ به‌ڵام ئه‌م بیرکردنه‌وه‌و هه‌ڵوێسته له‌سایه‌ی کارگێڕییه‌کی گه‌نده‌ڵدا جه‌زره‌به‌ی به‌رده‌که‌وێت ، به‌ده‌گمه‌ن و تاکوته‌رایه‌ک نه‌بێت ، کارمه‌نده‌کانی دیکه به‌ره‌و بیر‌و هه‌ڵوێستی ئایدیالیستی و خودیانه هه‌ڵده‌خزێن : ئاستی کاره‌کانیان به‌ره به‌ره به‌دوادادێت ، سه‌رگه‌رمییان بۆ کاره‌کان به‌ره‌و ساردبوونه‌وه ده‌چێت ، به‌نابه‌دڵی و به‌گیانی له‌کۆڵخۆکردنه‌وه‌وه کاره‌کان ئه‌نجامده‌ده‌ن و ، رێژه‌ی گازانده‌و پرته‌وبۆڵه‌و ناڕه‌زایه‌تیان له کاره‌کان به‌ره‌و هه‌ڵچوون ده‌چێت . واته هه‌نگاو هه‌نگاو شوێنه ریالیستییه‌که‌یان چۆڵده‌که‌ن و به‌ره‌و شوێنه ئایدیالیستێکه ده‌گوێزنه‌وه ، به‌وه‌ش له خزمه‌تی خه‌ڵک ده‌کشێنه‌وه‌و ته‌نها رۆژ ده‌ژمێرن و کات به‌سه‌رده‌به‌ن ؛ ئه‌مه‌ش گه‌نده‌ڵیی زێتر که‌ڵه‌که ده‌کات و به‌و هۆیه‌وه ئه‌رکی چاکسازیی کارگێڕیی گرانتر ده‌بێت . ئه‌وانه که بارودۆخی گه‌نده‌ڵی ئه‌م گۆڕانه‌یان به‌سه‌رده‌هێنێ ، ئه‌گه‌ر سه‌رنجیان بۆ گۆڕانه‌که‌یان رابکێشی و کاریگه‌ریی نه‌رێیانه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان له کار نیشان بده‌یت ، به ئایدیالیستت له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و هه‌ڵوێسته‌که‌ی خۆیان وه‌ها شیده‌که‌نه‌وه که ریالیستانه‌یه‌و له‌گه‌ڵ واقیعی بارودۆخه‌که‌و فه‌رمانگه‌کان و سیستمی فه‌رمانڕه‌واییدا ده‌گونجێ .
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه که بۆ کارمه‌ندێکی مولته‌زیم به خزمه‌تی خه‌ڵکیی - به‌ده‌ر له چۆنایه‌تیی سیستمی سیاسی - ده‌بێت چ هه‌ڵوێستێک وه‌ربگرێت ؟ ئایا ئه‌ویش خۆی به‌ده‌م شه‌پۆلی گه‌نده‌ڵییه‌وه بدات ؟ له ئاستی گه‌نده‌ڵییه‌ک که هه‌یه ده‌سته‌وسان دابنیشێ ؟ له ئاستی هاوپیشه یان هاوکاره‌کانی بێده‌نگ بێت و رێگه‌یان بدات به‌شداریی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه بکه‌ن ؟ یان به‌پێچه‌وانه‌وه ، له سنووری تواناکانیدا به‌رهه‌ڵستی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه بکات و هاوکاره‌کانی به‌ره‌و رێگا راسته‌که ئاڕاسته‌بکات .
له‌ڕاستیدا هه‌ڵوێستی ریالیستانه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێت که گه‌نده‌ڵی به حاڵه‌تێکی دژ به خه‌ڵک و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان ده‌زانێت ، بۆیه ده‌بێت له پێناوی خه‌ڵکدا هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی هه‌ڵوێستێکی نوێ و بنیاتنانی له‌نێو کارمه‌نده‌کاندا بدرێت . بنیاتنانی ئه‌م هه‌ڵوێسته نوێیه په‌یوه‌ستبوون ده‌خوازێت به بیرکرنه‌وه‌و ره‌فتاری ریالیستانه‌وه ، تا دیدو بۆچوون له بواری ته‌سکی کارێکی دیاریکراوی فه‌رمانبه‌رییه‌وه بۆ جیهانی فراوان و دنیای خه‌ڵکیی بگوازرێته‌وه . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش رێبازێکی هه‌میشه‌یی دروست هه‌یه ، ئه‌ویش شیکردنه‌وه‌ی کاره‌که‌یه ، ده‌ستنیشانکردنی ئه‌و خاڵانه‌یه که په‌یوه‌ندییان به حکومه‌ت و گه‌نده‌ڵییه‌وه هه‌یه ، له‌گه‌ڵ ئه‌و خاڵانه‌ی په‌یوه‌ندییان به خه‌ڵک و کاری رێک و راست‌و پاکه‌وه هه‌یه . له‌م شیکردنه‌وه‌یه‌دا ، له‌نێو ئه‌م دوو لایه‌نه ناکۆکه‌دا ، ده‌بێت سه‌ره‌تا لایه‌نی سه‌ره‌کیی نێوان ئه‌و دوو دژه دیاری‌بکرێت و ، هه‌وڵی راکێشانی کارمه‌نده‌کان یان که‌سی مه‌به‌ست بۆ تێگه‌یشتن و قه‌ناعه‌ت به لایه‌نه سه‌ره‌کییه‌که ، که خه‌ڵک و راستی و پاکی و دڵسۆزی و کاری خزمه‌تگوزارییه به‌بێ به‌رامبه‌ر ، بدرێت . هه‌ڵوێستی ریالیستی له کار لێره‌وه ده‌ستپیده‌کات . له‌به‌ر ئه‌وه ، له سنووری راستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کان و دوورکه‌وتنه‌وه له به‌شداریکردنی کاری گه‌نده‌ڵیی ، هه‌ندێ پێداویستیی سه‌ره‌کیی کار هه‌یه ده‌بێت ره‌چاوبکرێن و کارمه‌نده دڵساردبووه‌کانی لێ‌ئاگادار بکرێت و بۆ جێبه‌جێکردنیان هانبدرێن ، له‌وانه :
1 ) ئاماده‌بوون بۆ شوێنی کار له کاتی دیاریکراوی خۆیدا دوانه‌که‌وتن به‌بێ هۆو کۆسپێکی به‌جی .
2 ) راپه‌ڕاندنی هه‌موو ئه‌و کارانه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه به‌پێی کاتی دانراو بۆ مانه‌وه‌و ، هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێکردنی رۆژانه‌ی کاره‌کان و دوانه‌خستنی بۆ رۆژی داهاتوو .
3 ) راپه‌ڕاندنی هه‌ندێ کاری دیکه له بواری یارمه‌تیدانی فه‌رمانبه‌رانی هاوکاردا بێ گوێدانه پێ‌زانین و بێده‌نگییان . دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته کاریگه‌رێتی ده‌بێت و بارودۆخێکی نوێ له په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی نێوان فه‌رمانبه‌ره‌کاندا دێنێته‌کایه‌وه‌ودڵساردی که‌م و که‌مترده‌کاته‌وه .
4 ) یارمه‌تیدانی هه‌ر فه‌رمانبه‌رێکی نوێ که بۆ یه‌که‌م جار داده‌مه‌زرێ یان به گواستنه‌وه دێت ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت شاره‌زایی له کاره‌کاندا په‌یدابکات و له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا به باشترین شێوه ئه‌و کارانه‌ی بۆی دیاریکراوه ئه‌نجام بدات .
5 ) به‌دواداچوونی رۆژانه‌ی سه‌رجه‌می کاره‌کان و راپه‌ڕاندنی ئه‌و کارانه‌ی دواکه‌وتوون .
ئه‌م خاڵانه‌و چه‌ندین خاڵی دیکه بنه‌مای کارێکی واقیعین که ده‌ڕژێنه نێو به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکییه‌وه ، به‌ده‌ر له‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌واکان کێن .
کارمه‌ندان ( فه‌رمانبه‌ران ) . له‌هه‌ر شوێنێکدا کاربکه‌ن ، وه‌ک جه‌ڕی نێو ماشێنێکی ئێجگار گه‌وره‌ن . ئه‌مه راستییه‌که ناشاردرێته‌وه‌و ، کاره‌که‌یان له خزمه‌تی سیاسه‌تی گشتی فه‌رمانگه‌که‌یاندا ده‌بێت . ئه‌وان بیانه‌وێت یان نه‌یانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان له خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تدان . هه‌روه‌ک چۆن کرێکارێک ناچاره بۆ دابینکردنی ژیانی خۆی و خێزانه‌که‌ی هێزی کاری خۆی بفرۆشی به سه‌رمایه‌داره‌کان یان به ده‌وڵه‌ت ، فه‌رمانبه‌ریش وزه‌و توانا‌و شاره‌زایی خۆی به‌چه‌ند پوولێک ده‌فرۆشێت به ده‌وڵه‌ت تا بژێوی خۆی و خێزانه‌که‌ی دابینبکات . ئه‌م شێوه‌یه له کارکردن ، به‌تایبه‌تی له فه‌رمانگه خزمه‌تگوزارییه‌کاندا زه‌قێتی چه‌وساندنه‌وه‌ی کرێکارانی پێوه دیارنییه ، له‌سه‌رێکی دیکه‌شه‌وه جه‌مسه‌رێکی په‌یوه‌ندیی به خه‌ڵکییه‌وه هه‌یه ، واتا به‌شێکی زۆری ئه‌م کاره خزمه‌تگوزارییانه په‌یوه‌ندییان به ژیانی خه‌ڵکییه‌وه هه‌یه . له‌به‌ر ئه‌وه ده‌شێت لایه‌نێکی گرنگی توانای فه‌رمانبه‌ر بخرێته خزمه‌تی خه‌ڵکه‌وه . ئه‌م لایه‌نه ده‌بێته محه‌کی دڵسۆزی و راستگۆیی کارمه‌نده‌که له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی و ، له‌گه‌ڵ چۆنیه‌تی بینینی ده‌وری خۆی له کۆمه‌ڵدا . به‌م پێیه رێژه‌یه‌کی کاره‌که‌ی ناچێته خزمه‌تی سیاسه‌تی گشتی ده‌وڵه‌ته‌وه‌و ده‌توانێت ئاڕاسته‌ی خزمه‌تکردنی خه‌ڵکیی بکات . به‌م جۆره فه‌رمانبه‌ر وه‌ک تاکه‌که‌سیش رۆڵی ده‌بێت و ، کاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر پێداویستییه‌کانی خه‌ڵک و راپه‌ڕاندنی کاروباره‌کانیان ، سیمای ره‌فتارو هه‌ڵوێستی دیاریده‌که‌ن .
هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه به‌ربه‌ره‌کانیکردنی بنچینه یاساییه‌کانی کار‌و دیسپلینی رێکخستنی ئه‌و ئیشه که ده‌وڵه‌ت به یاساکانی خۆی دیاریکردووه ، مه‌رج نییه هه‌موو کاتێک له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی ره‌تکردنه‌وه‌ی سیاسه‌ته گشتییه‌کانی ده‌وڵه‌ت یه‌کانگیربێت ، بۆیه ده‌بێت به تێکڕایی تێکه‌ڵ به‌یه‌کتری نه‌کرێن و بۆ هه‌ر یه‌که‌یان و بۆ هه‌ر کاتێکیش به‌جیا هه‌ڵوێستی تایبه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر وه‌ربگیرێت.
فه‌رمانبه‌رێک که بارودۆخی کاره‌که‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی تایبه‌تی ئه‌ودا له سیستمی فه‌رمانڕه‌واو یاساکانی نه‌گونجێت ، ده‌بێت ره‌تکردنه‌وه‌که‌ی له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌کی واقیعی دابرێژێت و ، که‌م و زۆر جه‌زره‌به به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگا نه‌گه‌یه‌نێت . له بواری کاری سیاسی‌دا ده‌توانێت به‌شداریی خه‌باتی هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن بکات و ، له بواری ئیعتیرازیشدا به چۆنایه‌تی کاره‌که‌ی ، ده‌توانێت له‌گه‌ڵ هاوپیشه‌و هاوکاره‌کانیدا هه‌ڵوێستی یه‌کبخات و له سنووری هه‌مان فه‌رمانگه‌دا یان به شێوه‌یه‌کی رێکخراو له ئاستێکی فراوانتردا له‌ڕێی کۆمه‌ڵه‌و سه‌ندیکاو رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه ، ئامانجه‌کانی له ئاستێکی به‌رزدا رابگرێت و له سنوورێکی یاساییدا ، ئه‌وه‌نده‌ی یاسای کارپێکراو رێگه‌ده‌دات ، یان به‌ڕێگه‌کانی تێکۆشانی مه‌ده‌نی ، بۆ به‌دیهێنانی بارودۆخێکی له‌بارتر بۆ کاره‌که‌ی خه‌بات بکات و هه‌وڵی پاراستنی مافه‌کانی له ده‌ستدرێژیکردنی ده‌زگا ئیدارییه باڵاکانی ده‌وڵه‌ت بدات و به‌دوای راگرتنی هاوکێشه‌ی مافه‌کان و ئه‌رکه‌کانییه‌وه بێت .
لێره‌دا چه‌ند خالێک له‌و مافه سه‌ره‌تاییانه ده‌ستنیشانده‌که‌ین که کارمه‌ندان لێی بێبه‌شن و ده‌بێت هوشیاریی ته‌واویان له باره‌یانه‌وه هه‌بێت و له پێناوی به‌ده‌ستهێنانیاندا تێ‌بکۆشن و هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداریان نه‌بن ؛ دیاره به‌پێی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی بۆیان ده‌ڕه‌خسێ ، هه‌رچه‌نده به‌ده‌ستهاتنی ئه‌و مافانه ، له دوا شیکردنه‌وه‌دا ، په‌یوه‌ندیی به گۆڕانکاریی ریشه‌یی سیاسه‌ته گشتییه‌که‌وه هه‌یه‌و راده‌و ئاست و پانتایی و قووڵیی گه‌نده‌ڵیش رۆڵی خۆی له دره‌نگ و زوویی سه‌رکه‌وتن له‌م کایه‌یه‌دا ده‌بینێت .
1 ) تێکۆشان بۆ کرێیه‌کی گونجاو که ژیانێکی ئاسایی دابینبکات ، له‌لایه‌ک به دانانی لانی که‌می مووچه که ژیانی خێزانێک ( به‌پێی تێکڕایی ژماره‌ی ئه‌ندامانی خێزان له وڵات‌دا ) زامن بکات و ، له‌لایه‌کی دیکه به زیادکردنی مووچه له‌گه‌ڵ هه‌ر زیادبوونیک له نرخی کاڵاو پێداویستییه‌کانی ژیاندا . ده‌بێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌پێی دابه‌زینی نرخی دراو‌و ، پێبه‌پێی گرانی و جووڵانی بازاڕ گۆڕانی به‌سه‌ردابێت .
2 ) دابینکردنی هه‌موو ئه‌و پێداویستییانه‌ی که بارودۆخێکی باش له شوێنی کاردا پێکده‌هێنێت ، واتا دروستکردنی شوێنکارێکی رێک‌وپێکی بێ که‌موکووڕی بۆ ئه‌وه‌ی کارمه‌ند له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه ئاسووده بێت و به‌وپه‌ڕی کراوه‌یی و خۆشییه‌وه کاره‌کانی به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت . له‌و پێداویستییانه :
2/1 پاک‌وخاوێنی فه‌رمانگه‌و جوانکاریی و رێکخستنی .
2/2 نوێیی که‌لوپه‌له‌کان .
2/3 دابینکردنی هۆیه‌کانی ساردکردنه‌وه له هاوینداو ، هۆیه‌کانی گه‌رمکردنه‌وه له زستاندا .
2/4 ته‌رخانکردنی شوێنێک بۆ پشوودانی کارمه‌نده‌کان که خواردن و خواردنه‌وه‌ی به نرخێکی هه‌رزان تێدا بێت .
3 ) ته‌رخانکردنی هۆی هاتوچۆکردن به خۆڕایی بۆ فه‌رمانبه‌ران له ماڵه‌وه بۆ فه‌رمانگه‌و ، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌رکی مشوورخواردنی چۆنیه‌تی گه‌یشتن و گه‌ڕانه‌وه له‌به‌رده‌میان سووکبکرێت ؛ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌لوا ، پێویسته ماوه‌ی هاتن و چوون به‌پێی پانتایی ئه‌و شوێنه بکرێته به‌شێکی سه‌عاته‌کانی کارکردن ، واتا مووچه‌ی له‌سه‌ر وه‌ربگیرێت یان ماوه‌که‌ی لانی که‌م به‌یه‌ک سه‌عات دیاری‌بکرێت و له‌سه‌ر ده‌وام حساب بکرێت .
4 ) که‌مکردنه‌وه‌ی سه‌عاته‌کانی کارکردن به‌پێی قه‌واره‌ی کاره‌کان ، ئه‌وه‌ش به‌پێی لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانیی کاروباری هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ک ، یان به‌پێی تێکڕای سه‌عاتی پێویست بۆ ئه‌نجامدانی کاره‌کان له یه‌ک رۆژدا .
5 ) دانی کرێی زیاد به فه‌رمانبه‌ران به‌پێی سه‌عاته زیاده‌کانی کارکردنیان له سه‌روو ئه‌و ماوه‌یه‌ی یاسا بۆ ده‌وامی ره‌سمی دیاریکردووه‌و ، زامنکردنی به‌پێی یاسایه‌کی تایبه‌تی .
6 ) دابینکردنی خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی بۆ فه‌رمانبه‌رو خێزانه‌که‌ی و ، چاره‌سه‌رکردنی نه‌خۆشییه‌کانیان به خۆڕایی له نه‌خۆشخانه‌کانی حکومه‌تداو ، سنوور دانه‌نان بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی کارمه‌ندی نه‌خۆش پێویستیی به مۆڵه‌تی نه‌خۆشی هه‌یه .
7 ) پترکردنی رۆژه‌کانی مۆڵه‌تی ئاسایی و به هیچ مه‌رجێکه‌وه گرێنه‌درێت . ده‌بێت فه‌رمانبه‌ر له سنووری بڕیاردراودا بتوانێت مۆڵه‌تی ئاسایی وه‌ربگرێت و ، بۆ ئیشه تایبه‌تییه‌کانی رێی لێنه‌گیرێت . ده‌بێت دانانی مه‌رجی کۆبوونه‌وه‌ی شه‌ش مانگ مۆڵه‌ت بۆ کاتی خانه‌نشینی هه‌ڵبگیرێت و ، رێزلێنان به مووچه‌ی شه‌ش مانگ هه‌تا ساڵێک له‌کاتی خانه‌نشینبووندا ببێته بڕگه‌یه‌کی یاسای خانه‌نشینبوونی فه‌رمانبه‌ران .
8 ) ده‌بێت له نێو هه‌موو خاڵه‌کاندا ، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به فه‌رمانبه‌ری ژنه‌وه هه‌یه ، بارودۆخ و ته‌ندروستی و ئه‌رکه زۆروزه‌به‌نده‌کانی ژنان ره‌چاوبکرێت له‌ڕێێ :
8/1 یه‌کسانییان له‌گه‌ڵ پیاواندا له‌ڕووی کرێ و ده‌رماڵه‌و هه‌ر ئیمتیازاتێکی ماددی و مه‌عنه‌وییه‌وه‌و که‌سایه‌تیی یاساییان هاوتای که‌سایه‌تیی پیاوان بێت .
8/2 سه‌عاته‌کانی کارکردنی ژنان که‌متر بێت له سه‌عاته‌کانی کارکردنی پیاوان ، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و ژنانه‌ی دووگیانن یان مناڵه‌به‌رن .
8/3 به یاسا رۆژه‌کانی مۆڵه‌تی ژنان له مانگێکدا زێتر بێت و ره‌چاوی باری تایبه‌تی ته‌ندروستییان بکرێت . هه‌روه‌ها به یاسا مافی مۆڵه‌تی منداڵبوون و دایکایه‌تییان بۆ زامن بکرێت و هیچ مه‌رجێک له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌کانیانه‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دانه‌نرێت و مافه‌کانیان پێشێل نه‌کرێت .
ئه‌م خاڵانه ، واقیعیبوون به‌رجه‌سته‌ده‌که‌ن ، چونکه هه‌ریه‌کێکیان چاره‌سه‌رکردنی واقیعێکی وشکهه‌ڵاتووی دواکه‌وتووه‌و پڕ به که‌موکووڕییه‌کانی ئێستایه . واقیعیبوون دانانی چاره‌سه‌رکردنی دروسته له شوێنی بوویه‌کی نادروستدا ، واتا له واقیعێکه‌وه ده‌ستپێده‌که‌یت و به واقیعێکی باڵاتری ده‌گۆڕیت .
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Monday, August 11, 2008
هاوڵاتی : ئاماره‌کان و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن که کوشتن و توندوتیژیی دژی ژنان رۆژانه روو له زیادبوونه ، ئایا به‌ڕای ئێوه ئه‌م گرفته بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بۆ خۆی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی توندوتیژیی ئامێزه ؟ یاخود هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌ته و په‌یوه‌سته به شتی تره‌وه ؟
قه‌ره‌داغی : توندوتیژیی دژی ژنان له کوردستاندا ، هه‌ر له دوای راپه‌ڕینه‌وه هه‌تا ئێستا ، حه‌قیقه‌تێکه جگه له‌وه‌ی ئاماره‌کان و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له چه‌ند لێکۆڵینه‌وه‌و تۆژینه‌وه‌ی مه‌یدانیدا سه‌لماندوویانه ، بۆ خۆی واقیعێکی به‌رچاوه‌و یه‌کێک له سیما ناشیرین و دزێوه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای کوردییه له هه‌لومه‌رجی حوکمی خۆماڵیدا .
کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ، وه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه ، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی چینایه‌تییه ، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت سیفه‌تی توندوتیژیی بدرێته پاڵ سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تی که چینێک له چینه‌کانی کۆمه‌ڵ له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌و .. هتد ، بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه چینایه‌تییه‌کانی خۆی ئاڕاسته‌یده‌کات . ئه‌وه کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی نییه به‌گشتی سیفه‌تی توندوتیژیی هه‌ڵگرتووه ، به‌ڵکو سیستمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌یه‌تی که توندوتیژیی به‌رهه‌مدێنێ و له ئاستی ژناندا به دڕندانه‌ترین شێوه په‌یڕه‌ویده‌کات .
کۆمه‌ڵگای کوردستان ، ئه‌گه‌رچی گۆڕانکاریی به‌سه‌رداهاتووه‌و په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان تیادا هه‌نگاو هه‌نگاو به په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌دارییه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بێت و ، ململانێی کار‌و سه‌رمایه جێی خۆی له بونیادی کۆمه‌ڵگادا کردۆته‌وه ، به‌ڵام هێشتا پێی له په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌به‌گایه‌تییه‌کان نه‌بڕاوه‌و په‌یوه‌ندییه خێڵه‌کییه‌کان کاریگه‌رێتییان له‌سه‌ر سیستمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی هه‌یه . بنه‌مای ئه‌و په‌یوه‌ندییه عه‌شایه‌رییه دواکه‌وتووه‌ش پشت به سیستمی باوکسالاریی ده‌به‌ستێت که تیادا پیاوسالاریی شێوازی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ژنان و پیاوان دیاریده‌کات . له‌ژێر سایه‌ی سیستمی باوکسالاری‌دا ژنان وجوودێکی مرۆییانه‌یان نییه و به‌شێکن له وجوودی پیاو ، بۆیه پیاو سه‌روه‌رو ژن ژێرده‌سته‌و چه‌وساوه‌یه‌و دان به وجوودی مرۆییانه‌یدا نانرێت . به واتایه‌کی دیکه ژنان جگه له‌وه‌ی به‌گشتی وه‌ک پیاوانی کۆمه‌ڵ له‌ژێر باری چه‌ساندنه‌وه‌ی چینه باڵاده‌سته‌کاندا ده‌بن ، به‌ڵام له‌نێو خودی چینه‌کانی خۆشیاندا وابه‌سته‌ی پیاوه‌کانیانن و له بازنه‌ی سیستمی باوکسالاری‌دا ده‌ژین ؛ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئایدیای مه‌زهه‌بی که باڵی به‌سه‌ر ئایدیای گشتیی کۆمه‌ڵدا کێشاوه‌و کاریگه‌رێتی خۆی هه‌یه له‌سه‌ر به‌رجه‌سته‌کردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی باوکسالاریی و شه‌رعییه‌تدان به توندوتیژیی دژی ژنان به پاساوی لادان له داب و نه‌رێته ئایینی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان .
مانه‌وه‌ی ئه‌م سیستمه‌و بوونه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی ، کۆهۆشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بونیاد ده‌نێت که به‌رده‌وام هه‌موو شێوه‌کانی توندوتیژیی دژی ژنان لێده‌که‌وێته‌وه‌و ، به‌گشتی سیمایه‌کی توندوتیژیی به کۆمه‌ڵ ده‌دات که له راستیدا سیمای چینی باڵاده‌ست و باوی کۆمه‌ڵه .
هاوڵاتی : ئه‌گه‌ر به‌راوردێک له نێوان ئێستا‌و پێش راپه‌ڕیندا بکه‌ین ، ئاستی توندوتیژیی دژی ژنان چۆن ده‌بینیت و جیاوازیی نێوان ئه‌و دوو قۆناغه له‌مه‌ڕ ژنان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت ؟
قه‌ره‌داغی : له‌نێوان توندوتیژیی به‌ر له راپه‌ڕین و دوای راپه‌ڕین جیاوازییه‌کی چۆنایه‌تی نییه . ئه‌گه‌ر مه‌وداو ئاستی توندوتیژییه‌کان له‌به‌رچاوبگرین ته‌نها له‌ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه ده‌توانرێت ئه‌و جیاوازییه ببینرێت . به‌ر له راپه‌ڕین ده‌وڵه‌تی به‌عس به‌ته‌واوی تواناییه‌کانی خۆیه‌وه له مه‌یدانه‌که‌دا بوو ، توندوتیژییه‌ک که هه‌بوو له‌لایه‌ن حزب و حکومه‌ته‌وه رێکخراوبوو ، شێوازێکی فاشستیانه‌ی دژی ژنان به‌خۆوه‌گرتبوو ، سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئابووریی عێراق و جه‌نگه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی ، ناله‌بارترین هه‌لومه‌رجی چه‌وساندنه‌وه‌یه‌کی دڕندانه‌ی چه‌ند سه‌ره‌ی به‌سه‌ر ژناندا سه‌پاندبوو . ژنان ، به‌تایبه‌تی ژنانی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێش ، له هه‌موو توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان زیاتر باری گرانی جه‌نگ و برسێتی و تێکچوونی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییان به‌سه‌ره‌وه‌بوو . مه‌ردودی سیاسه‌ته‌کانی به‌عس له‌لایه‌ک سووکایه‌تی و کوشتنی بێئه‌ندازه‌ی ژنان بوو به ناوی نامووس و پاراستنی شه‌ره‌فه‌وه و ، له‌لایه‌کی دیکه‌وه سه‌پاندنی حیجاب بوو به‌سه‌ر یاندا . به بیانووی " حه‌مله‌ی ئیمانی " یش به‌ره‌و کونجی ماڵه‌کانیان راوه‌دوونران و ، له‌سایه‌ی کاره‌ساته‌کانی جه‌نگ و ئابڵووقه‌ی ئابووریدا ، به‌ره‌نجامێکی تراژیدی لێکه‌وته‌وه‌و بووه مایه‌ی فراوانبوونه‌وه‌ی بێ‌کاری و هه‌ژاری و له‌شفرۆشی . له کوردستانی دوای راپه‌ڕینیشدا ئاستی توندوتیژیی دژی ژنان به‌شێوه‌یه‌ک که تا ئه‌م سه‌رده‌مه کوردستان به‌خۆیه‌وه نه‌دیبوو ، به‌رده‌وام بوو .
له‌ڕاستیدا ناتوانرێت له بواری توندوتیژیی دژی ژناندا سه‌رده‌می به‌عس و سه‌رده‌می نوێی دوای راپه‌ڕین به دوو قۆناغ پۆلین بکرێن ، چونکه یه‌کبینه‌یی هه‌ڵوێستی نامرۆییانه به‌رامبه‌ر ژنان ئه‌و هێڵه ده‌سڕێته‌وه . ده‌سه‌ڵات له کوردستاندا به‌ربه‌ستێکی بۆ ئه‌و قه‌سابخانه‌یه دانه‌نا که هه‌تا ئێستاش بۆ ژنان دانراوه‌و رۆژانه ژنان و کچانی کوردستان به‌ده‌ست باوک و براو مێرد‌و کوڕه‌کانیانه‌وه خه‌ڵتانی خوێن ده‌کرێن . زیندووبوونه‌وه‌ی نه‌ریته هه‌ره دواکه‌وتووه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی خێڵه‌کی و موتوربه‌بوونی به ئایدیای هێزه کۆنه‌پارێزه‌کانی کۆمه‌ڵگه ، بارودۆخێکی ناله‌باری بۆ ژنان خولقاندووه که ته‌واوی مافه‌کانیان نه‌ک هه‌ر پێشێل ده‌کرێن به‌ڵکو له فه‌رهه‌نگی ئه‌م هێزه خێڵه‌کییه کۆنه‌پارێزانه‌دا وجوودیان بۆ دانانرێت . هه‌ڵبه‌ت داب و نه‌رێت و شه‌رع و یاساش زه‌مینه‌ی ئه‌م تێرۆره‌ی دژی ژنان سازکردووه‌و سیمایه‌کی ته‌ڵخی دزێوی به روخساری کۆمه‌ڵی کورده‌واری دوای راپه‌ڕین داوه . کوشتنی ( دوعا ) ی کچه ئێزدی و ( سارا ) ی ته‌مه‌ن یازده ساڵ له خانه‌قین به بلۆک و کچانی کوردیش له هه‌نده‌ران له‌لایه‌ن باوکه‌کانیانه‌وه ، ئه‌وه‌نده‌یتر ئه‌م روخساره‌و ئه‌قڵییه‌تی باوی کۆمه‌ڵگه‌ی باوکسالاریی کوردی له‌به‌رچاوی جیهان تاریک‌تر کردووه ؛ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که حاڵه‌تی خۆکوژیی کچان و ژنان به‌تایبه‌تی له‌ڕێی خۆسووتاندنه‌وه ، له‌لایه‌ک به‌ڵگه‌و نیشانه‌ی ته‌نگژه‌یه‌کی زۆر قووڵی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌و ، له‌لایه‌کی دیکه‌وه ئاماژه‌یه به ده‌سته‌و‌سانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له ئاستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌و دانانی رێگاچاره‌ی پێویست بۆ بنبڕکردنی .
هاوڵاتی : به‌گشتی سیستمی په‌روه‌رده چۆن کار له‌م دیارده‌یه ده‌کات ، ئایا هۆکارێک نه‌بووه بۆ زیادکردنی توندوتیژیی له کۆمه‌ڵگه‌وه به‌تایبه‌تی دژی ژنان ؟
قه‌ره‌داغی : منداڵ له‌ژێر سایه‌ی دوو سیستمی په‌روه‌رده‌دا گه‌وره ده‌بێت . واته دوو سیستمی په‌روه‌رده سیمای ئه‌قڵی و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی ده‌نه‌خشێنن . ئه‌و دوو سیستمه‌ش : په‌روه‌رده‌ی نێوماڵ و په‌روه‌رده‌ی قوتابخانه‌یه ؛ جگه له‌مانه‌ش کۆمه‌ڵ به‌گشتی له‌نێوان په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ده‌زگاکانی راگه‌یاندنه‌وه چه‌مکه ئاکارییه‌کانی هه‌ردوو په‌روه‌رده‌که له که‌سایه‌تی منداڵدا جێگیرده‌کات .
کچان له نیو خێزاندا په‌روه‌رده‌یه‌کی دووفاق ده‌درێن . له‌ڕێی ناکۆکییه‌کانی په‌روه‌رده‌ی نێو خێزان و له‌سایه‌ی هه‌لومه‌رجێکدا که خێزانی تێدایه ، که‌سایه‌تییه‌کی چه‌ندڕوو له کچاندا دروستده‌که‌ن ؛ له‌لایه‌ک پێیان ده‌ڵێن : " به‌هه‌شت له‌ژێر پێی دایکاندایه " که‌چی له‌ولاوه باوک سووکایه‌تی به‌م دایکه ده‌کات یان له‌به‌رچاوی منداڵه‌کان لێیده‌دات . کچان داوای خۆپاراستن و دوورکه‌وتنه‌وه‌یان له کوڕان لێده‌کرێ و له هه‌مان کاتدا هانیان ده‌ده‌ن بۆ خۆڕازاندنه‌وه و به‌کارهێنانی دوا ئامراز‌و که‌ره‌سه‌کانی خۆجوانکردن هه‌تا کوڕێک دڵی بیگرێت و بچێته خوازبێنی . مه‌سه‌له‌ی ره‌وشتیان به‌هه‌ڵه تێده‌گه‌یه‌نرێ و ته‌نها له مه‌سه‌له‌ی سێکسدا چڕیده‌که‌نه‌وه . هه‌ر ده‌ربڕینێکی ئاره‌زووی سێکس که‌له‌ڕێی خۆشه‌ویستیی ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ره‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات سه‌رکوتده‌کرێت و له‌ولاشه‌وه ، دواتر ، داوای به‌دیهێنانی داواکارییه سێکسییه‌کانی مێرده‌کانیان لێده‌کرێت و وه‌ها فێرده‌کرێن که ملکه‌چی ئیغتیصابی رۆژانه‌ی مێرده‌کانیان بن .
کاتێک منداڵ دیته قوتابخانه ، به‌ئه‌زموونی په‌روه‌رده‌ی شێواوی خێزاندا تێپه‌ڕیوه‌و ، لێره‌شدا به‌ره به‌ره‌و له‌نێوان پڕۆسه‌ی خوێندندا چه‌مکه باوه‌کانی کۆمه‌ڵی بۆ دووپاتده‌کرێته‌وه‌و درێژه به داڕشتنی که‌سایه‌تیی له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه ده‌ده‌ن .
ئه‌وه‌ی له قوتابخانه رۆڵی سه‌ره‌کی له خۆشکردنی زه‌مینه‌ی توندوتیژییدا به‌رامبه‌ر ژنان هه‌یه ، به‌رنامه‌کانی خوێندنه . ئه‌م به‌رنامانه به ئه‌قڵییه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاریی داڕێژراون . هه‌ر چه‌مکێک له‌م به‌رنامانه‌دا به‌شێکی که‌سایه‌تیی منداڵ پێکده‌هێنن و ، له‌کۆی چه‌مکه کاریگه‌ره‌کان چۆنایه‌تی پیاوان و ژنانی دواڕۆژی کۆمه‌ڵگه پێکدێت .
به‌رنامه‌کانی : خوێندنه‌وه ، ئایین ، په‌روه‌رده‌ی خێزانی ، په‌روه‌رده‌ی نیشتمانی ، راهێنانه‌کانی رێزمان و بیرکاری و ، وانه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ... هتد ، ناسنامه‌یه‌کی به‌رچاوی کۆمه‌ڵگه‌ی باوکسالاریی به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن ، تێیاندا وێنه‌ی پیاوان باوه‌و هه‌میشه سیفاتی پیاوان به چاک و ئه‌کتیڤ پێناسه‌ده‌کرێت ، ژنانیش هه‌میشه رۆڵێکی لاوه‌کییان هه‌یه‌و له‌هه‌موو روویه‌که‌وه ده‌که‌ونه پشتی پیاوه‌وه .
دابه‌شکردنی کار له نێوان پیاوان و ژنان له‌م به‌رنامانه‌دا ره‌نگده‌داته‌وه . ژنان کاری په‌روه‌رده‌ی منداڵ و شه‌ونخونی و شیردان و چێشتلێنان و جل شتن و ماڵسڕین و پاراستنی پاک‌وخاوێنی نێوماڵ و کاره‌که‌ریی ده‌بینێت و ، پیاوانیش ده‌وری کار‌و کاسپیکردن و چوونه‌ده‌ره‌وه‌و خه‌ریکبوون به کاری سیاسی و ئابووری و رۆشنبیری و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه . پیاوان وه‌ک خاوه‌ن پیشه‌کانی کۆمه‌ڵگه ده‌خرێنه‌ڕوو و ، ژنانیش کاری خزمه‌تگوزاری و ، له‌باشترین حاڵه‌تدا ، وه‌ک که‌یبانووی نێوماڵ و ئه‌وپه‌ڕی وه‌ک مامۆستا له قوتابخانه‌کاندا نیشانده‌درێن؛ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له‌ڕێی هه‌ندێ وانه‌وه چه‌مکه‌کانی سووکایه‌تی به ژنان و لێدانیان شه‌رعییه‌تی پێده‌درێت و کوڕان و کچان به‌و چه‌مکانه گۆشده‌کرێن . کوڕان که ده‌بنه پیاوانی دواڕۆژ ، له‌م رێیه‌وه ، خۆیان به خاوه‌ن هه‌ق ده‌زانن که له کچان ( ژنانی دواڕۆژ ) بده‌ن . کچانیش که ده‌بنه ژنانی دواڕۆژ ده‌بێت ئامۆژگاری و لێدان و سووکایه‌تی و ره‌فتاره‌کانی پیاوان قبووڵ بکه‌ن و بۆیان ملکه‌چ بن . له‌یه‌ک قسه‌دا : ماف ( الحق ) له کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاریدا بۆ پیاوانه‌و بنه‌مایه‌کی هه‌ره به‌رچاوی توندوتیژییه به‌رامبه‌ر ژنان .
قوتابخانه مه‌ڵبه‌ندێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ پێکهێنانی نه‌وه‌کانی کۆمه‌ڵگاو ئاماده‌کردنیان بۆ ژیان . هه‌ڵبه‌ت کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر شێوه‌ی خۆی ژیانی که‌سایه‌تیی منداڵه‌کان پێکده‌هێنێته‌وه تا بتوانن له خزمه‌تی سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تی باودا بن و خزمه‌تی چینی باڵاده‌ستی کۆمه‌ڵگا بکه‌ن . له‌به‌ر ئه‌وه هه‌میشه قوتابخانه مه‌ڵبه‌ندێکی پێگه‌یاندنی منداڵانه له‌سه‌ر نه‌رێته کۆمه‌ڵایه‌تییه باوه‌کان و ، له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دواکه‌وتووی خێڵه‌کی کۆنه‌پارێزدا که توندوتیژیی دژی ژنان بنه‌مایه‌کی په‌یوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تییه ، منداڵان به‌و گیانه په‌روه‌رده ده‌بن و له پڕۆسه‌ی راهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌ره به‌ره به‌رگی کۆمه‌ڵگه باوه‌که ده‌پۆشن ؛ هه‌روه‌ک له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پێشکه‌وتووشدا که به ئاڕاسته‌ی گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌نگاو هه‌ڵبنێت ، په‌روه‌رده‌ی منداڵ هۆکارێکی ئه‌و گۆڕانکارییه ده‌بێت . بۆیه بۆ بنبڕکردنی توندوتیژیی ، دیسان هه‌ر ده‌بێت قوتابخانه رۆڵێکی به‌رچاو له‌م بواره‌دا ببینێت .
هاوڵاتی : ئه‌گه‌ر توندوتیژیی دژی ژنان له کۆمه‌ڵگه‌دا له عه‌قڵییه‌تی پیاوسالارییه‌وه سه‌رچاوه‌بگرێت ، و ئه‌گه‌ر خێزانه‌کانیش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه پێکهاتبێت ، ده‌توانین بزانین ئه‌و هۆکارانه چین که‌وا ده‌کات کۆمه‌ڵگه که نیوه‌ی ژنه ده‌ست به‌م سیستمه‌وه بگرێ ؟ یان به شیوه‌یه‌کی تر ئه‌لته‌رناتیڤ چییه بۆ ئه‌و سیستمه که له ئاکامدا له دژی لایه‌کی کۆمه‌ڵه ؟
قه‌ره‌داغی : سیستمی چینایه‌تی یان ململانێی چینایه‌تی به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر له‌ئاستی په‌یوه‌ندییه‌کاندا ده‌رده‌که‌وێت . سه‌رچاوه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان و ئه‌قڵییه‌تی پیاوسالاریش ، له هه‌ردووکیاندا ، کۆمه‌ڵگای چینایه‌تی و ململانێی چینایه‌تییه . ئه‌قڵییه‌تی پیاوسالاریی به‌ره‌نجامی کۆمه‌ڵگه چینایه‌تییه‌کانه‌و هیچ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی چینایه‌تی نییه ئه‌م ئه‌قڵییه‌ته‌ی تێدا باو نه‌بێت به کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری و قۆناغی گواستنه‌وه‌شه‌وه له سه‌رمایه‌دارییه‌وه بۆ کۆمۆنیزم . توندوتیژیش ده‌بێته ئامرازی ئه‌م ئه‌قڵییه‌ته له به‌رامبه‌ر ژناندا .
ژنان له‌ڕێی توندوتیژییه‌وه ، جا ئه‌و توندوتیژییه ئاشکراو دیاربێت یان له سیستمی خێزاندا به‌رگی رازاوه‌و شه‌رعییه‌تی پۆشیبێ ، ناچارن به چه‌ند جۆر بچنه ژێر رکێفی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تییه‌وه‌و ، پیاوانیش بۆ به‌ڕێوه‌چوونی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی ، توندوتیژیی به‌رامبه‌ر ژنان بۆیان ده‌بێته زه‌رووره‌ت .
ژنان له‌ژێر سایه‌ی ئه‌رکه‌کانی ژیانی رۆژانه‌دا ناچارده‌بن وه‌ک کرێکارانی پیاو کاربکه‌ن و ، به‌ر له شووکردن و دوای شووکردن به فریای ژیانی خێزانه‌کانیان بکه‌ون . ژنان ده‌بێت منداڵیان ببێت و به‌خێوو گه‌وره‌یان بکه‌ن تا چه‌رخی ماشینی سه‌رمایه رانه‌وه‌ستێت و به‌رده‌وام هێزی کاری بۆ ئاماده‌بکه‌ن . ژنان ده‌بێت کاری نێوماڵ ئه‌نجامبده‌ن و بێ کرێ و به خۆڕایی و خۆبه‌خش وزه‌ی کارکردن به‌به‌ری پیاوه‌کانیاندا بکه‌نه‌وه تا بتوانن بۆ رۆژانی دوایی بچنه‌وه سه‌ر کاره‌کانیان و له خزمه‌تی خاوه‌ن کاره‌کانیاندا ( حکومه‌ت ، کۆمپانیا ، تاکی سه‌رمایه‌دار ) به‌باشی به‌رهه‌مبهێنن یان کاره خزمه‌تگوزارییه‌کان رابپه‌ڕێنن و هێزی کاریان به‌م سه‌رمایه‌داره جۆراوجۆرانه بفرۆشن .
به‌م پێیه ، ئه‌وه خێزانه‌کان نین که به خواستی خۆیان له‌ژیر سایه‌ی ئه‌م سیستمه‌دا کۆبوونه‌ته‌وه‌و به‌شێکیانی ناچار به چه‌وساندنه‌وه‌ی به‌شه‌که‌ی دیکه‌یان کردووه ، به‌ڵکو ئه‌وه سیستمی چینایه‌تییه که چینێک ده‌کاته باڵاده‌ستی کۆمه‌ڵ و چینه‌کانی دیکه به پیاوان و ژنانه‌وه ده‌بێت هێزی کاریان بۆ که‌ڵه‌که‌بوونی سامانی ئه‌و چینه به‌گه‌ڕبخه‌ن ؛ بۆ ئه‌مه‌ش پیاوان و ژنان ده‌خاته ململانێیه‌کی راسته‌وخۆوه که کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاریی به‌رگێکی پیرۆزی به‌به‌ردا ده‌کات ، به‌ڵان ئه‌میان ( پیاوان ) به چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌ویدیکه‌یان و ئه‌ویان ( ژنان ) به ملکه‌چبوونی زۆره‌ملێی ئه‌میان ناچارده‌کات . هه‌ڵبه‌ت توندوتیژیی له‌م میانه‌یه‌دا ئامرازێکی کاریگه‌ر ده‌بێت بۆ پاراستنی ئه‌م هاوکێشه‌یه ، واته پاراستنی یه‌کێتیی ئه‌م ناکۆکییه که له سایه‌ی سیستمه چینایه‌تییه‌کاندا چاره‌سه‌رناکرێت یان چاره‌سه‌ره‌کان رووکه‌ش ده‌بن و ، ته‌نها رێگایه‌ک بۆ ده‌ربازبوون لێی و ئه‌لته‌رناتیڤێک که کۆتایی به‌م سته‌مه مێژووییه‌ی سه‌ر ژنان بهێنێت : نه‌هێشتنی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمی کاری کرێگرته‌یه .
هاوڵاتی : ئایین وه‌ک تێکست ، هه‌م وه‌ک بیروباوه‌ڕ که زۆرێک له تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن ، تا چه‌نده کاریگه‌ری له‌سه‌ر تۆخبوونه‌وه‌ی ئه‌م سته‌م و توندوتیژییه هه‌یه ؟
قه‌ره‌داغی : تێکسته‌کانی ئایین ئاماژه به سروشتی چینایه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه ده‌که‌ن که ئه‌و ئایینانه‌ی تێدا ده‌رکه‌وتووه . ده‌قه ئایینییه‌کان ، چه‌مکه لاهووتییه‌کان ، کات و شوێنی رووداوه‌کان ، ئایدیۆلۆژییای ئایینی . . . هتد ، ئاوێنه‌ی ئایدیا‌و بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و ئایینانه‌ن . به‌م پێیه ده‌که‌ونه نێو سیستمی چینایه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌وه‌و ، ئایدیا‌و سیاسه‌ت و باری کۆمه‌ڵایه‌تی شوێنێکی دیاریکراو‌و مێژوویه‌کی دیاریکراوی ( زه‌مه‌نێکی دیاریکراو ) ده‌رده‌بڕن ، بۆیه کاریگه‌رێتییان له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ململانێ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌یه .
توندوتیژیی دژی ژنان له‌سه‌ره‌تای میژووه‌وه‌و پاش هه‌ره‌سهێنانی کۆمه‌ڵگه‌ی دایکسالاریی سه‌ریهه‌ڵداوه‌و ، به‌شیوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له ناوه‌رۆکی تێکسته ئایینییه‌کاندا ره‌نگیداوه‌ته‌وه تا راده‌ی شه‌رعیبوونی ئه‌و توندوتیژییه بۆ پیاو له به‌رامبه‌ر ژناندا . هه‌ڵبه‌ت توندوتیژییه‌کان جۆراوجۆرن ، که‌م و زۆرن ، سووک و قورسن به‌پێی هه‌ر بارودۆخه‌و ، هه‌ر شوێن و کاته‌ی ئه‌و تێکستانه‌ی تێدا ده‌رکه‌وتووه . به‌ڵام خاڵی یه‌کانگیربوونیان پیاوسالاریی و ده‌سه‌ڵاتی پیاوانه به‌سه‌ر ژنانه‌وه . ئه‌م خاڵه که ده‌سه‌ڵات ده‌کاته ماف بۆ پیاوو ، توندوتیژیش له‌م رێیه‌وه بۆ رێکخستنی په‌یوه‌ندی ژن و پیاو ده‌بێته یه‌کێک له ئامرازه‌کان ، نه‌ک هه‌ر له ئایینه ئاسمانییه‌کاندا به‌ڵکو له ئایینه وه‌زعییه‌کانیشدا هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌یه ، بۆیه ده‌توانین بڵێین : یه‌کێک له کۆڵه‌که‌کانی سیستمی پیاوسالاریی بۆ ئه‌م هۆکاره ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ، ئایینه‌کان نکوولی له‌مه ناکه‌ن ، به‌ڵکو به‌شێکی بونیادی کۆمه‌ڵگاو یه‌که‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه که خێزانه پێکده‌هێنێ .
هاوڵاتی : ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی که له دوای راپه‌ڕینه‌وه روویانداوه ، یاخود ئه‌و ململانییه‌ته حزبییه‌ی که له کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه ، پێتوانییه بووبێته هۆکارێک بۆ زیادبوونی توندوتیژیی له‌نێوان تاکه‌کان و به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ژنان ؟
قه‌ره‌داغی : کاتێک له گۆڕانکاریی ده‌دوێین پێویسته پشت به لێکۆڵینه‌وه‌و تۆژینه‌وه‌ی زانستی ببه‌ستین . راسته ئێمه وه‌ک رۆشنبیر ده‌توانین تێبینی دیارده‌کان بکه‌ین ، به‌ڵام له بواری زانست‌دا تێبینی جێی راستییه زانستییه‌کان ناگرێته‌وه . بۆیه ده‌بێت بواره‌کانی گۆڕانکاریی دیاری‌بکرێت وه‌ک : سیاسی ، ئابووری ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، رۆشنبیریی ، په‌روه‌رده‌یی و . . . هتد .
هه‌موو گۆڕانکارییه‌کان ، به‌م راده یان ئه‌و راده ، کاریگه‌ریتییان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی توندوتیژیی به‌رامبه‌ر ژنان هه‌یه . هه‌ندێک جار ئه‌م کاریگه‌رێتییانه دووسه‌ره‌ن ، به‌واته له‌لایه‌ک ده‌توانین خاڵی ئیجابی لێده‌ستنیشان بکه‌ین ، له‌لایه‌کیتر خاڵی سه‌لبی . بۆ نموونه ئه‌گه‌ر لایه‌نی سیاسی بگرین ده‌بینین هه‌ندێ هه‌نگاو نراوه که بۆ شوێن و وه‌زعی ژنان هه‌نگاوێکه بۆ پێشه‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی له په‌ڕله‌مان و هه‌ندێ داموده‌زگا حکومه‌تییه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا ژنان هه‌ن ، به‌ده‌ر له‌وه‌ی کێن و نوێنه‌ری چ چینێک ده‌که‌ن و ، تا چه‌ند ده‌توانن له ناو کۆمه‌ڵێکی پیاوسالاریدا رۆڵێکی به‌رچاو ببینن ؛ به‌ڵام له هه‌مان کاتدا هه‌ر له په‌رله‌ماندا به‌ربه‌ستێکی پیاوانه بۆ گۆڕانکارییه‌کی ریشه‌یی له یاسای باری که‌سێتیدا هه‌یه ، به‌تایبه‌تی ده‌رباره‌ی یه‌کسانی ته‌واوی ژنان و پیاوان و به‌یاساییکردنی ئازادی و یه‌کسانیی ژنان و دانپێدانانی بوونیان وه‌ک مرۆڤی سه‌ربه‌خۆ له پیاوان و سه‌لماندنی مافی ( هاووڵاتی ) بۆیان له ئاستی کۆمه‌ڵداو چه‌سپاندنی له‌ڕێگه‌ی یاساوه‌و دانانی جێ‌وڕێی پراکتیککردنی .
هه‌ر له بواری لایه‌نی سیاسی‌دا ده‌توانین ئاماژه به ململانێی حزب و سیستمی فیفتی فیفتی و پاشان شه‌ڕی ناوخۆیی بکه‌ین که بۆ چه‌ندین ساڵ کۆمه‌ڵی کورده‌وارییان بۆ دواوه گه‌ڕانده‌وه‌و فه‌زای توندوتیژییان به‌سه‌ردا سه‌پاندو ، ژنانیش له ئاکامی ئه‌مه‌دا له‌لایه‌ک بوونه قوربانیی شه‌ڕه‌که به هۆی به‌شداریکردنی باوک و براو کوڕ‌و میردیان و ، له‌لایه‌کیتر بوونه قوربانیی جه‌مسه‌ربه‌ندیی عه‌شایه‌ری و زیندووبوونه‌وه‌ی وه‌لائی عه‌شایه‌ری بۆ ئه‌م لایه‌ن یان ئه‌و لایه‌ن که به ده‌وری خۆیان و به عه‌مه‌لی ئه‌قڵییه‌تی عه‌شایه‌رییان پراکتیککرد که توندوتیژیی به‌رامبه‌ر ژنان یه‌کێک له کۆڵه‌که‌کانێتی . سه‌رباری ئه‌مانه‌ش که‌لتووری خێڵ رۆڵی خۆی له ئاڕاسته‌کردنی حزبایه‌تیدا گێڕاوه‌و له‌مپه‌رێکی له به‌رامبه‌ر گۆڕانکاریی ریشه‌یی و نوێگه‌ریدا راستکردۆته‌وه‌و ، به‌م پێکهاته حزبییه‌ی ئێستا و به‌و شێوازانه‌ی کاری حزبی ، به‌تایبه‌تی گواستنه‌وه‌ی حزبییه‌ت بۆ نێو په‌ڕله‌مان و وه‌زاره‌ت و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ، ئاسۆیه‌کی روونی ئه‌و گۆڕانکارییه دڵخوازه‌ی نه‌هێشتۆته‌وه که له ئاکامیدا ، لانی که‌م توندوتیژیی تا راده‌یه‌کی به‌رچاو له‌سه‌ر ئاستی گشتیی کۆمه‌ڵ ، به‌تایبه‌تی به‌رامبه‌ر ژنان ، که‌مبێته‌وه .
هاوڵاتی : ئه‌م واقیعه‌ی ئێستا هه‌یه ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت مه‌ترسی چی لێده‌کرێت ؟ به بڕوای به‌ڕێزت چی بکرێت بۆ گۆڕانکاریی و که‌مکردنه‌وه‌ی توندوتیژیی له‌سه‌ر ژنان ؟
قه‌ره‌داغی : سه‌رجه‌می حزب و رێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستان به ده‌سه‌ڵاتدارو بێده‌سه‌ڵاتیانه‌وه ئیددیعای خه‌بات بۆ ( ئاشتی ، دیمو‌کراسی ، مافی مرۆڤ ، یه‌کسانی ، ئازادی و خۆشگوزه‌رانی ... هتد ) ده‌که‌ن . به‌ڵام له راپه‌ڕینه‌وه هه‌تا ئێستا نه‌توانراوه ئه‌م دروشمانه له واقیعدا پیاده‌بکرێن ، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه کارکراوه .
ئیمڕۆ له باشووری کوردستاندا ، دوای زێتر له حه‌ڤده ساڵ به‌سه‌ر راپه‌ڕیندا ، هیچ یه‌کێک له‌و دروشمانه له بواری پراکتیکدا جێبه‌جێ نه‌کراوه .
•- ململانێ سیاسییه‌کان ، تاوێک به ئاشکراو تاوێک به نهێنی به‌رده‌وامن و ئاشتی حاڵه‌تێک نییه موتمانه‌ی پێبکرێت . بارودۆخی سیاسی عێراقیش پێشبینی ئاشتی بۆ ئیمڕۆو چه‌ند ساڵی دیکه‌ش لێناکرێت ؛ هه‌ر ئه‌م فه‌زا بارگاوییه به توندوتیژیی کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی توندوتیژیی به‌رامبه‌ر ژنان هه‌یه‌و ئاشتیی چ بۆ کۆمه‌ڵ و چ بۆ ئه‌وان خۆیان ( ژنان ) وه‌ک خه‌ون ده‌مێنێته‌وه .
•- دیمو‌کراسی چه‌مکێکی سیاسییه که تا ئێستا په‌یڕه‌وناکرێت و نه‌بۆته واقیع ، زۆر دووریشه له‌ژێر سایه‌ی هه‌لومه‌رجی ئیمڕۆدا دابینبکرێت . له وڵاتێکی داگیرکراودا که له‌شکری بیانی وجوودی هه‌بێت و لایه‌نێکی شه‌ڕی ناوخۆیی بێت و له گه‌مه سیاسییه‌کاندا باڵاده‌ست بێت ، دیمو‌کراسی نه هه‌ڵده‌کات و نه‌دێته‌دی .
دیمو‌کراسی به پێچه‌وانه‌ی پیاوسالارییه‌وه‌یه . له کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاریدا ناتوانرێت دیمو‌کراسی پیاده‌بکرێت . کاتێک نیوه‌ی کۆمه‌ڵ نیوه‌که‌ی دیکه‌ی بچه‌وسێنێته‌وه ، کاتێک نیوه‌ی کۆمه‌ڵ له ده‌نگداندا ، به شێوازی جۆراوجۆر ، به ئاڕاسته‌ی نیوه‌که‌یترو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و نیوه‌یه ده‌نگه‌کانی برژێته سه‌ندووقه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه ، ئه‌وا دیمو‌کراسی له ناوه‌رۆکه‌که‌ی داده‌چۆڕێت و واتای خۆی له پراکتیکدا نابه‌خشێ .
•- کاتێک ژنان دووچاری سووکایه‌تی و ده‌ستدرێژی و له‌شفرۆشی و کوشتن و سووتاندن و ... هتد ده‌بن ، ئه‌وا به ئاشکرا مافه‌کانی مرۆڤ به‌پێشێلکراوی ده‌بینرێن و بێپه‌رده واقیعی خۆی نمایشده‌کات .
•- له‌به‌ر تیشکی ئه‌و واقیعانه‌شدا ده‌توانین ئاماژه به کڵۆڵی ( یه‌کسانی و ئازادی و خۆشگوزه‌رانی و . . . هتد ) بکه‌ین که به گشتی ، بۆ گشت کۆمه‌ڵ و به‌تایبه‌تیش بۆ ژنان ، هیچ مانایه‌کی ئه‌رییانه‌یان بۆ نامێنێته‌وه‌و ، هه‌ر هه‌موو ئه‌م چه‌مکانه له ئاستی مه‌سه‌له‌ی توندوتیژیی به‌رامبه‌ر ژنان ، مه‌ترسی په‌ککه‌وتن و وشکه‌وه‌بوون و به‌کارهێنانی چه‌واشه‌یان له‌سه‌ر ده‌بێت .
له‌ڕاستیدا چاره‌سه‌رکردنی توندوتیژیی دژی ژنان ، وه‌ک پێشتر روونمکرده‌وه په‌یوه‌ندی به نه‌هێشتنی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تییه‌وه هه‌یه ، واته کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی تێدا نه‌بێت و کاری کرێگرته هه‌ڵوه‌شابێته‌وه ، بۆیه له‌م هه‌لو‌مه‌رجه‌داو ، له سایه‌ی سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تی ئیمڕۆدا ده‌توانرێت ته‌نها کار بۆ سنووردارکردن و که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و توندوتیژییه به‌رامبه‌ر ژنان بکرێت . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته وه‌ک ئه‌رکێکی هه‌نووکه‌یی ده‌بێت :
•- ژنان بێنه ده‌ره‌وه‌و له کاری به‌رهه‌مهێناندا به‌شداری بکه‌ن و ببنه خاوه‌نی ئابووریی سه‌ربه‌خۆی خۆیان .
•- ژنان به‌شداریی کاری سیاسی بکه‌ن و له ناوه‌نده‌کانی بڕیاری سیاسی‌دا رۆڵیان هه‌بێت . هه‌روه‌ها به‌شدارییه‌کی به‌رچاوی چالاکیی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بکه‌ن . ده‌بێت ژنان بۆ ئازادی خۆیان رۆڵیان هه‌بێت و ئه‌وه‌ش کاتێک ده‌بێت که له بواره‌کانی کاری ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییدا شانبه‌شانی پیاوان بێنه مه‌یدان و له گۆڕه‌پانه‌که‌دا وجوودیان هه‌بێت .
•- ده‌بێت په‌رله‌مان یاسایه‌کی پێشکه‌وتووانه‌ی باری که‌سێتی ده‌ربکات و سۆراخی جێبه‌جێکردنی بکات . ده‌بێت ئه‌م یاسایه مافه مرۆییه‌کانی ژنان بپارێزێت و هه‌موو هه‌ڵاواردنێکی نێوان پیاوان و ژنانی تێدا بسڕێته‌وه .
•- په‌رله‌مان یاسایه‌ک سه‌باره‌ت به توندوتیژیی دژی ژنان ده‌ربکات ، تیادا هه‌موو شێوه‌کانی توندوتیژیی جه‌سته‌یی و ده‌روونی قه‌ده‌غه بکات و سزای یاسایی زۆر قورسی له‌سه‌ردابنێت و ئیلزامی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان بکات که به ته‌واوه‌تی جێبه‌جێی بکه‌ن و هه‌ر که‌مته‌رخه‌مییه‌ک له‌و باره‌یه‌وه لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌سه‌ر هه‌بێت .
•- حکومه‌ت به‌ره‌سمی داڵده‌ی ئه‌و ژنانه بدات که له لایه‌ن پیاوه‌کانه‌وه ( باوک ، برا ، کوڕ ، مێرد ، هه‌رکه‌سێکی تر ) به‌ره‌وڕووی توندوتیژیی ده‌بنه‌وه و ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش خانه‌و مه‌ڵبه‌ندی تایبه‌تی بکاته‌وه.
•- گرنگترین کارێک بۆ ئازادی ژنان گشتیکردنه‌وه‌ی منداڵ به‌خێوکردن و کاروباره هه‌مه‌چه‌شنه بێزارکه‌ره‌کانی نێوماڵه . ئازادبوونی ژنان له‌و ئه‌رکانه کۆمه‌ڵیک توندوتیژیی رۆژانه‌یان له‌کۆلده‌کاته‌وه‌و بواریانده‌دات هه‌ناسه‌یه‌ک بده‌ن و وه‌ک مرۆڤ بیربکه‌نه‌وه .
ده‌بێت ژنان مافی بڕیاردانی ژیانی خۆیان به‌ده‌ستی خۆیانه‌وه بێت و یاسا و به‌رنامه‌ی هه‌موو حزبه سیاسییه‌کان و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئه‌م مافه‌یان بۆ بسه‌لمێنن . ژنان ده‌بێت به‌ڕاستی هاوڕێی پیاوان بن نه‌ک کۆیله‌و مرۆڤی پله دووی کۆمه‌ڵ .
فوئاد قه‌ره‌داغی
رۆژنامه‌ی ( هاوڵاتی ) ژماره‌کانی (445 و 446 )
رۆژانی 3 و 6 / 8 / 2008 ( دیمانه)
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Tuesday, July 15, 2008
عێراقچی و کوردستانی ... کێشه‌یه‌کی کۆنی هه‌میشه نوێ
کاک عارف خاڵێکی دیکه‌ی هه‌ستیار ده‌وروژێنێ ئه‌ویش ناسنامه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینییه‌و ده‌ڵێت : " خاڵێکی تر که قه‌ره‌داخی ده‌یوروژێنێ ، ناسنامه‌ی رێکخراوه‌که‌و سنووری کارکردنی بوو . ئایا رێکخستنه‌که ناسنامه‌یه‌کی ناسیۆنالیستی ده‌بێت یان ناسنامه‌ی ئینته‌رناسیۆنالیستی ؟ ئایا ستراتیژی رێکخراوه‌که کارکردن ده‌بێت بۆ دروستکردنی حزبێکی عێراقی یاخود کوردستانی ، رزگاری هه‌موو کوردستانه یان کوردستان له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا ؟ "[ به‌شی دووه‌م]
کێشه‌ی رێکخستنی حزبێکی شیوعی ( کۆمۆنیستی ) له وڵاته فره‌نه‌ته‌وه‌کاندا زۆر کۆنه . ململانێ له‌سه‌ر شێوه‌ی رێکخستنی کۆمۆنیسته‌کان به‌هۆی جیاوازی زمان و نه‌ته‌وه‌وه ، مێژوویه‌کی له بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیی جیهانیدا هه‌یه‌و ، ئه‌وه‌ی له کۆمه‌ڵه‌شدا روویدا دیارده‌یه‌کی نوێ نه‌بوو به‌ڵکو جۆرێک له تێگه‌یشتنی جیاواز‌و بیروڕای جیاواز بوو که ئاساییه له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی هه‌ر حزب یان رێکخراوێکی کۆمۆنیستی له وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه‌دا رووبدات . جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ئه‌ده‌بیاتێکی سیاسی زۆری له‌سه‌ر نووسراوه‌و ئه‌وه‌ی بیه‌وێت به‌دوایدا بگه‌ڕێت په‌کی ناکه‌وێت ، من زۆر به کورتی به‌سه‌ریدا راده‌بوورم .
کاک عارف به حه‌ماسه‌تێکی کوردستانیانه‌ی نزیک به چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه ، شه‌هید ئارام گوته‌نی وه‌ک " کۆمه‌ڵه‌ی عه‌هدی بائید " له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌دوێت، له کاتێکدا من له چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا ، وه‌کو خۆی سروشتی ململانێکه‌م به‌یانکردووه ، به‌ڵام ئه‌و به حوکمی ئه‌وه‌ی بۆ سه‌نگه‌ری فیکر‌و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی گواستویه‌ته‌وه ، له کێشه کۆنه‌که‌دا بێلایه‌ن نییه . فیکری ئینته‌رناسیۆنالیستی له بواری رێکخستنی حزبێکی شیوعیدا له وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه به " عێراقچی " ناوده‌بات ، لانی که‌م ته‌نها یای نه‌سه‌ب به‌کارناهێنێ و بڵێ " عێراقی " وه‌کو چۆن ده‌ڵێت " کوردستانی " که لۆژیکی نووسین وا ده‌خوازێت بڵێت " عێراقچی ، کوردستانچی " یان بڵێت " عێراقی ، کوردستانی " .
کاک عارف رۆشنبیرێکه له خوێندنه‌وه‌و نووسین دانه‌بڕاوه ، بۆیه ده‌بوایه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی ده‌ستلێنه‌دایه چونکه له‌لایه‌ک ئێمه که‌سمان سه‌رقاڵی ئه‌و بابه‌ته نین و له مێژه کۆمه‌ڵه‌ییه‌کانی سه‌ره‌تا ( ئه‌وانه‌ی له ژیاندا ماون ) به‌لای راستدا وه‌رچه‌رخاون و پشتیان له مارکسیزم - لێنیمیزم - بیروباوه‌ڕی ماوتسیتۆنگ کردووه‌و ئیتر بۆ ئه‌مڕۆ هیچ کێشه‌یه‌کی نه‌خولقاندووه ؛ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که چه‌مکه‌کانی " عێراقچی " و " کوردستانی " جێگۆڕکێیانکردووه ،یان باشتر بڵێین جێی خۆیان گۆڕیوه‌و ده‌گۆڕن به‌وه‌ی جاران نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به کۆمۆنیسته کورده‌کانیان ده‌گوت " عێراقچی " که‌چی ئیمڕۆ خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی به که‌سانێک ده‌ڵێن " عێراقچی " که به‌شداریبکه‌ن له بیناکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌ره‌سهاتووی عێراق و سه‌ری سه‌لماندن بۆ ده‌ستووره هه‌میشه‌ییه‌که‌ی عێراق بله‌قێنن و کاتی خۆی ده‌نگیان بۆ دابێ . هه‌روه‌ها " کۆمۆنیسته " کوردستانییه‌کانی جاران بۆ پێکهێنانی حزبێکی شیوعی مارکسی لێنینی خه‌باتیان ده‌کرد ، که‌چی کوردستانییه‌کانی سه‌رده‌م له پێناوی جیابوونه‌وه له عێراق و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی باشووری کوردستاندا خه‌بات ده‌که‌ن و داواکاری به‌رپاکردنی ریفراندۆمێکی ئازادن که تیادا گه‌لی سته‌مدیده‌ی کورد له باشووری کوردستاندا ، ئازادانه ، خۆی بڕیاری چاره‌نووسی سیاسی خۆی بدات .
زمانی زبر بۆ نووسینی فیکری و سیاسی ناشێت
له سه‌ره‌تای به‌شی یه‌که‌می وتاره‌که‌یدا ، کاک عارف ده‌ڵێت : " مێژوو نووسینه‌وه . . . ده‌بێت راستگۆیی له‌گه‌ڵدا بێت . . . به ئه‌مانه‌ت و ویژدانه‌وه باسیان لێوه بکه‌یت . . . ته‌واو بێلایه‌ن بیت . . . خۆت دوور راگریت له ئیجتیهاداتی شه‌خسی . . . " پاشان ده‌ڵێت : " پێموایه نووسه‌رو ره‌و‌شه‌نبیرو ، توێژه‌رو لێکۆڵه‌ره‌وه‌کان ده‌توانن ژیرانه خه‌تی سوور تێپه‌ڕێنن به‌بێ ئه‌وه‌ی زوبانی زبر به‌کاربهێنن و که‌رامه‌تی ئه‌وانیتر بڕووشێنن " . یان ده‌ڵێت : " دیسان نایشمه‌وێ له نووسین و لێکدانه‌وه‌کانمدا که‌سێک بریندار بکه‌م " [ به‌شی یه‌که‌م ]
کاک عارف راسته‌ڕاست به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م پرنسیپه چاکانه‌ی ئاماژه‌ی پێداون ، سه‌رانسه‌ری نووسینه‌که‌ی به زمانێکی زۆر زبر نووسیوه . نه‌یتوانیوه ته‌واو بێلایه‌ن بێت . له هه‌ندێ زانیاری‌دا که له دوو شوێندا دووباره بوونه‌ته‌وه ناکۆکی هه‌یه ، وه‌ک ئه‌وه‌ی له به‌شی یه‌که‌مدا ده‌ڵێت :" فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر له سه‌ره‌تای دروستبوونی کۆمه‌ڵه‌دا په‌یوه‌ندی به منه‌وه کرد بۆ چوونه ناو ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه " و دواتر له به‌شی سێیه‌مدا ده‌ڵێت : " یه‌که‌م دوو که‌س که ناسیمن و چاوم پێیانکه‌وت ، کاک ئاوات زه‌کی عه‌بدولغه‌فورو شه‌هاب شێخ نوری بوو له شاری سلێمانی . له‌گه‌ڵ شه‌هید شه‌هاب باسی پێداویستییه‌کانی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی وه‌هاو سروشتی قۆناخه‌که‌و بارودۆخ و هه‌لومه‌رجی سیاسی ئه‌وساو داهاتوومان کرد " . ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئیجتیهادی شه‌خسی زۆری تێدایه ، ته‌نانه‌ت هه‌ستده‌که‌م سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌کانی ( به‌تایبه‌تی له شام ) له‌ژێر کاریگه‌رێتی جۆرێک له موعانات و وه‌همدا بووبێت. هه‌ڵبه‌ت شه‌رم و موجامه‌له‌شی نه‌کردووه‌و هه‌رکه‌سێکی به‌دڵ نه‌بووه دایپڵۆسیوه تا راده‌ی به‌کارهێنانی وشه‌ی ساردوسڕو ، نه‌ک رووشاندن به‌ڵکو بریندارکردن .
کاک عارف له‌سه‌ر ئه‌م رێڕه‌وه که گرژی باڵی به‌سه‌رداکێشاوه‌و که‌ڵه‌که‌بوونی موعاناتێکی زۆر‌و کۆن و نوێی پێوه‌دیاره . هێرشێکی بێ‌پاساو ده‌کاته سه‌ر کۆمه‌ڵێک له هاوڕێ دێرینه‌کانی و هه‌ڵوێستێکی ره‌قیان لێوه‌رده‌گرێت و ، به‌رامبه‌ریان به زوبانێکی بان زبره‌وه ده‌دوێت .
له‌ڕاستیدا ئه‌م ره‌قی و توندییه یه‌کێکه له خه‌وشه‌کانی نووسینه‌که‌ی کاک عارف و به‌وه له نرخی نووسینه‌که‌ی خۆی که‌مکردۆته‌وه .
دیاره بۆ هه‌موو که‌س هه‌یه ، به‌تایبه‌تی نووسه‌رانی سیاسی له ئه‌لفه‌وه هه‌تا یێ فیکر‌و بوچوونی سیاسی ئه‌م سیاسه‌تمه‌دارو ئه‌و سه‌رکرده ، ئه‌م حزب و ئه‌و رێکخراو ، ئه‌م سیاسه‌ت و ئه‌و سیاسه‌ت ، ئه‌م تاکتیک و ئه‌و ستراتیژی ره‌فزبکه‌ن ، ئازادن له‌سه‌ریان بنووسن و ململانێی فیکری و سیاسی‌یان له‌گه‌ڵ بکه‌ن ، به‌ڵام ناشێت " زوبانی زبر " وه‌ک کاک عارف خۆی ده‌ڵێت به‌کاربهێنن . ده‌بێت هه‌میشه نووسه‌رانی مولته‌زیم به رێساکان و پرنسیپه‌کانی ئه‌ده‌بی نووسینی سیاسییه‌وه بابه‌تییانه بنووسن و خود تێکه‌ڵ به وشه‌کانیان نه‌که‌ن . ده‌بێت بابه‌تیانه‌ش خه‌ڵکی هه‌ڵسه‌نگێنن . ناکرێ تۆ ( نووسه‌ر ) قسه له‌سه‌ر لایه‌نی سه‌لبی بکه‌یت به‌ڵام لایه‌نه چاکه‌کان فه‌رامۆش بکه‌یت . ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندنی مرۆڤ له‌سه‌ر لایه‌نی چاک‌و لایه‌نی خراپ بکرێت ، نه‌ک بته‌وێت له‌ڕێی زه‌قکردنه‌وه‌ی لایه‌نه سه‌لبییه‌کانه‌وه بیانسڕیته‌وه . پاشان ئه‌و هه‌موو هێرشه بۆ سه‌ر هاوڕێ دێرینه‌کانی چ په‌یوه‌ندییه‌کیان به ئه‌سڵی نووسینه‌که‌وه هه‌یه که ئاڕاسته‌ی من و فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر کراوه‌و وه‌ڵامه به چاوپێکه‌وتنه‌کانی ئه‌م دووانه !!
دیسان هێرش بۆ سه‌ر " عێراقچی " یه‌کان
هه‌رچه‌نده کاک عارف له یه‌ک دوو شوێنی وتاره‌که‌یدا به‌باشی ناوی بردووم و هه‌ڵیسه‌نگاندووم ، به‌ڵام به هێرشکردنه سه‌ر ئه‌و هاوڕێیانه‌ی پێکه‌وه له کۆمه‌ڵه جیابووینه‌وه ، پرژێکی هێرشه‌که‌یم به‌رکه‌وتووه ، بۆیه به‌گشتی وه‌ڵامێکی ده‌ده‌مه‌وه‌و ، ئه‌و هاوڕێیانه‌ش ئازادن له‌وه‌ی وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه یان بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن .
کاک عارف ده‌ڵێت : " ناکۆکی و ململانێکانی ترمان له‌گه‌ڵ عێراقچییه‌کان بوو که پێکهاتبوون له : فوئاد قه‌ره‌داغی ، فازیل مه‌لا مه‌حمود ، ئه‌شره‌ف شه‌ره‌ف تاڵه‌بانی ، ئه‌وره‌حمانی حاجی مه‌لا صدیق ، حه‌سه‌ن حه‌مه خان ، ئه‌کبه‌ر عه‌لی ( زاوای ئه‌شره‌ف تاڵه‌بانی ) له‌ناو ئه‌وانه‌دا ته‌نها فوئاد قه‌ره‌داغی که‌سێکی له‌سه‌رخۆو رۆشنبیر بوو خۆی دوورده‌گرت له موهاته‌رات و قسه‌ی بێتام . . . هتد " پاشان دێته سه‌ر باسی دکتۆر عه‌بدوڵلا ده‌باغ و ده‌ڵێت : " ئه‌میش که‌سێکی رۆشنبیر بوو عێراقچێتی ده‌کرد ، به‌ڵام براده‌ره‌کانی تر قسه‌ی بێتامیان ده‌کردو هه‌ندێ خه‌سڵه‌تی مام جه‌لالیان کردبوو به‌چه‌ک و له‌ئێمه‌یان پێده‌دا ، هه‌ندێکیان ده‌یانووت مام جه‌لال ئاماده نییه ره‌خنه له‌خۆی بگرێت ، بۆرژوازییه‌و بڕوای به مارکسیزم - لێنینیزم - بیروباوه‌ڕی ما‌و نییه ، له ماڵه‌وه سه‌گ راده‌گرێ و به‌خێوی ده‌کات ، ئاماده نییه لاڕوومه‌تی منداڵێکی باوک هه‌ژار ماچ بکات " هه‌روه‌ها به‌ده‌م فازیلی ما‌لا مه‌حموده‌وه ده‌ڵێت : " من به‌زۆر مام جه‌لال سواری تروحه‌کان ده‌که‌م له به‌غدا ، تاکسی نه‌بێ ئه‌و سواری نابێت ، چێشتخانه‌ی ناودار نه‌بێت نانی لێناخوات ، مام جه‌لال قه‌ت نابێته چه‌پ . . و زۆریتر " [ هاوڵاتی ، ژماره 429 ، 8 ی حوزه‌یرانی 2008 ، به‌شی سێیه‌م]
به سه‌رنجدانێکی وردی ئه‌م دوو په‌ره‌گرافه ، ئه‌م بۆچوونانه‌م له‌لا گه‌ڵاڵه بوو :
1 ) کاک عارف له ئیمڕۆدا ( ساڵی 2008 ) باس له کێشه‌یه‌کی کۆن ده‌کات به هه‌ناسه‌ی ساڵه‌کانی سه‌ره‌تای حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه‌و به‌هه‌مان لۆژیک و هه‌مان زاراوه‌و هه‌مان هه‌ڵوێسته‌وه .
2 ) ئه‌گه‌رچی کاک عارف ویستوویه‌تی وه‌ها خۆی نیشانبدات که زانیارییه‌کی زۆری سه‌باره‌ت به سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌وه هه‌یه‌و چه‌ند ناوێکی گرووپی " عێراقچی " یه‌کانی نووسیوه ، به‌ڵام له واقیعدا هه‌ر ئه‌وانه‌ی نووسیوه که ناسیونی و له زانکۆ پێکه‌وه فه‌رمانبه‌ر بوون وه‌ک کاک ئه‌شره‌ف تاڵه‌بانی و حه‌سه‌ن حه‌مه‌خان . به‌نیسبه‌ت ناوی من و فازیلیشه‌وه ، ئه‌وه ئێمه وه‌ک دوو ئه‌ندامی کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵه که جیابووینه‌وه ، بۆ ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه ناسراوبووین و ئاساییه که ئه‌ویش بزانێت ئیتیجاهی ئێمه چی بووه ؛ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له ناوهێنانی ئه‌کبه‌ری زاوای کاک ئه‌شره‌ف تاڵه‌بانیدا ، له‌لایه‌ک به هه‌ڵه ناوی باوکی نووسیوه که ( عه‌لی ) نییه ( مه‌حمود ) ه‌و ، له‌لایه‌کیتره‌وه ئه‌کبه‌ر نه کۆمه‌ڵه بوو نه سه‌ر به هیچ گرووپ و حزبێکی سیاسی بوو ، ئه‌و که‌سێکی سیاسی نه‌بوو .
3 ) ئه‌گه‌ر سه‌رنج بدرێته ئه‌و قسانه‌ی خۆی وته‌نی " موهاته‌رات و بێتام " ه راست ده‌کات و ، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکو ده‌بینین له قسه‌ی منداڵ ده‌چێت و فڕیان به‌سه‌ر ده‌ربڕینی بیروڕاو شێوازی گفتوگۆ‌و مشتومڕی سیاسییانه‌وه نییه . من کاک عارف به که‌سێکی راستگۆ ده‌زانم ، بۆیه ناتوانم سه‌داسه‌د بڵێم هه‌ندێ له‌و قسانه نه‌کراوه ، چونکه ده‌شێت تاک و ته‌رایه‌ک له ناو ئه‌م گرووپه‌دا هه‌بووبن به‌و شێوازه دوابن ، به‌ڵام به‌گشتی و به‌پێچه‌وانه‌ی رای کاک عارفه‌وه که گوایا جگه له‌من که‌سیان رۆشنبیر نه‌بوون ، هه‌ر هه‌موویان که‌سانێکی سیاسی و رۆشنبیر‌و تێکۆشه‌رو خاوه‌ن فیکر‌و هه‌ڵوێست بوون که له نێویاندا ، بۆ نموونه ، که‌سێکی وه‌ک فازیلی مه‌لا مه‌حمودی تێدا بوو که تێکۆشه‌رێکی جه‌ربه‌زه‌و شاعیر‌و رۆشنبیرێکی به توانا‌و که‌سێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر چالاک بوو ؛ بۆخۆشی ئاگاداره که چه‌ند ساڵێک و تا یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵی پارتی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سکرتارییه‌ت و پاشان سکرتێری یه‌کێتیی قوتابیانی کوردستان بوو .
4 ) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌ی کاک عارف به‌پاڵ هاوڕێکانمی داوه له‌ڕاده‌به‌ده‌ر منداڵانه‌ن و له که‌سانێکی سیاسی ناوه‌شنه‌وه ، زێتر بۆ ئه‌وه ده‌چم تاکه که‌سێک یان دووان که سوعبه‌تیان له‌گه‌ڵ کاک عارفدا هه‌بووبێت ، له‌و میانه‌یه‌ی براده‌رایه‌تیدا ، وه‌ک سوعبه‌ت هه‌ندێ له‌و قسانه‌یان کردبێت .
5 ) سه‌باره‌ت به‌و قسانه‌شی داویه‌ته پاڵ فازیلی مه‌لا مه‌حمود ، ئه‌وا خۆی نه‌ماوه تا راستییه‌کان ساخببێته‌وه ، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من فازیلم ناسیبێ له‌و قسه‌وقسه‌ڵۆکانه دوور بووه‌و ، ئه‌و کاته له قیاده‌ی مه‌رکه‌زیدا کاریده‌کرد و هیچ پێویستییه‌کی به‌وه نه‌بووه ئه‌و قسه بێتام و منداڵانانه بکات ، بۆیه به‌دووری نازانم نه‌یارانی فازیل ئه‌وه‌یان هه‌ڵبه‌ستبێ و ناڕاسته‌وخۆ و به‌شێوه‌ی ته‌بلیغاتی دژه فازیل به کاک عارفیان گه‌یاندبێ .
فۆبیای قیاده‌ی مه‌رکه‌زی
کاک عارف له په‌ره‌گرافێکی دواتردا ده‌ڵێت : " هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ئه‌وان ئه‌وه‌بوو ئێمه که‌سپ بکه‌ن و به‌ره‌و قیاده‌ی مه‌رکه‌زی حزبی شیوعی عێراقمان به‌رن که بڕوامان پێیان نه‌بوو چونکه له‌و کاته‌دا حزب و رێکخراویتر ناوی نه‌بوو ، ئه‌گه‌ر وانییه ناوه‌که‌ی چی‌بوو ؟ کوانێ به‌یانی دامه‌زراندنه‌که‌ی ؟ کوانێ به‌یانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ؟ کوانێ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و حزب و رێکخراوه ؟ " .
لێره‌شدا زۆر به‌ڕوونی دیاره که کاک عارف ئاگاداری هیچ نه‌بووه‌و ، ته‌نها پشتی به‌و قسانه به‌ستووه که به شێواوی بۆیگوێزراوه‌ته‌وه ،ئه‌گینا وه‌ک له چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا باسمکردووه ، له‌نێو ئێمه‌دا ته‌نها فازیل به قیاده‌ی مه‌رکه‌زی حزبی شیوعی عێراقه‌وه په‌یوه‌ست بوو ، ئه‌وانی دیکه دوای تێپه‌ڕبوونی نزیکه‌ی نؤ مانگ به‌سه‌ر وازهێنانیاندا له کۆمه‌ڵه و خۆئاماده‌کردن بۆ کارێکی نوێ له رۆژانی یه‌ک و دووی ئایاری ساڵی 1972 داکۆبوونه‌وه‌یه‌کیان سازدا که ناوی ( کۆنفرانس ) یان لێناو تیادا رێکخراوێکی مارکسی لێنینی ماویستییان پێکهێنا .
ئێمه به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌که‌ی کاک عارفه‌وه بۆ یه‌کجاریش هه‌وڵمان نه‌دا ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینی بۆ ریزه‌کانی خۆمان که‌سپ بکه‌ین ، به‌ڵکو هه‌موو ئه‌ندامانی رێکخراو پابه‌ندی رێنماییه‌کی ده‌سته‌ی سه‌رکردایه‌تی رێکخراوه‌که بوون که به‌دوور بن له‌و کاره‌وه . ئه‌گه‌ر به ویژدانیشه‌وه هاوڕێیانی ئه‌وسای کۆمه‌ڵه بدوێن شایه‌تی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ده‌ن که دۆستیان بووین و هه‌رگیز هه‌وڵمان نه‌داوه په‌یوه‌ندییه شه‌خسییه‌کانی نێوانمان به‌هۆی ناکۆکییه فیکری و سیاسییه‌کانه‌وه ئاڵۆزبکه‌ین .
لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه‌ش بکه‌م که هاوڕێیانی ئێمه هه‌رگیز سه‌رچاوه‌ی موهاته‌رات نه‌بوون به‌ڵکو هه‌ندێ جار دووچاری فشار‌و چاودێری و . . . هتد ده‌بوون که به‌سه‌رچوون و پێویست به زیندووکردنه‌وه‌یان ناکات .
کۆمه‌ڵه وایانده‌زانی له‌گه‌ڵ قیاده‌ی مه‌رکه‌زیدا کار ده‌که‌ین ، بۆیه ئه‌وه بوو بووه تۆمه‌تێکی گه‌وره‌و ته‌بلیغاتیان به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا ده‌کرد ، ته‌نانه‌ت به نووسینیش که باسی یه‌که‌م ناکۆکی نێو کۆمه‌ڵه‌یان ده‌کرد جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کرده‌وه که ئه‌و ناکۆکییه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی قیاده‌ی مه‌رکه‌زی بووبێت . به‌م جۆره قیاده‌ی مه‌رکه‌زی بوو بووه بابه‌تی فۆبیایه‌ک له نێو ئاووهه‌وای سیاسی ئه‌و کاته‌دا .
له ڕاستیدا یه‌کێک له ناکۆکییه‌کانی ئێمه‌و هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه هه‌ڵسه‌نگاندنی قیاده‌ی مه‌رکه‌زی بوو ، دو‌اتریش که ده‌ستمان له‌کارکێشایه‌وه دۆستی قیاده‌ی مه‌رکه‌زی بووین . قیاده نزیکترین رێکخستن بوو له فیکری ئێمه‌وه ، دواییش که رێکخراوه‌که‌ی ئێمه تووشی بنبه‌ستبوو و هه‌ڵوه‌شایه‌وه ، زۆربه‌ی دانیشت و چه‌ند هاوڕییه‌کیش به‌و رێکخستنه‌وه په‌یوه‌ستبوون که به ناوی ( وحدة القاعدة ) وه کاریانده‌کرد .
پڕکردنه‌وه‌ی که‌موکورتی هه‌ندێک زانیاری
کاک عارف له وتاره‌که‌یدا هه‌ندێ زانیاری به هه‌ڵه گه‌یاندووه یان که‌موکورتییان تێدایه ، لێره‌دا ئه‌وه‌نده‌ی زانیاریم له‌سه‌ریان هه‌بێت پشتڕاستیانده‌که‌مه‌وه :
1 ) ناوی ته‌واوی ( سازمان انقلابی ایران ) به‌م جۆره بوو : " سازمان انقلابی حزب توده ایران در خارج از کشور " .
2 ) ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ( سازمان انقلابی ) که ساڵی 1968 هاتن بۆ کوردستان و له به‌کره‌جۆ بوون ، جگه له‌وانه‌ی که کاک عارف ناویهێناون ، دکتۆر جه‌واد ( سیاوش پارسانژاد ) ودکتۆر ئیبراهیم ( عه‌لی صادقی ) یشی تێدابوو . ( لاشایی ) ش له چاوپێکه‌وتنێکدا ده‌ڵێت : ئه‌وانه‌ی هاتینه به‌کره‌جۆ" من و علی صادقی ، سیامک مؤیدزاده ، عطا کشکولی ، ایرج کشکولی ، سیاوش پارسانژاد ، خسرو صفایی ، محسن خاتمی " بووین . [ حمید شوکت ، نگاهی از درون به جنبش چپ ایران - گفت‌وگو با کورش لاشایی ، ل 145 ]
3 ) ره‌هبه‌ری گه‌وره‌ی ( سازمان انقلابی ) محسن رضوانی بوو . مهدی خان بابا تهرانی ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تییان بوو که بۆ ماوه‌یه‌ک به‌رپرسی به‌شی فارسی رادیۆی په‌کین بوو .
4 ) لاشایی به نهێنی له‌ڕێی خه‌لیجه‌وه بۆ ئێران گه‌ڕایه‌وه . ئه‌و کاته سکرتێری ( سازمان انقلابی ) بوو . دوای ماوه‌یه‌ک له‌لایه‌ن (ساواک ) ه‌وه ده‌ستگیرکراو ، هێنده‌ی نه‌برد رووخا‌و هێنایانه سه‌ر ته‌له‌فزیۆنی تاران . ( سازمان انقلابی ) به‌یاننامه‌یان له‌سه‌ر ده‌رکرد و به خائین له‌قه‌ڵه‌میان دا . دواتر لاشایی بووه یه‌کێک له کاربه‌ده‌سته نزیکه‌کانی ده‌ربارو ده‌سه‌ڵاتی شاهه‌نشاهی له ئێران‌دا. دوای شۆڕشی ساڵی 1979 و رووخاندنی حوکمی حه‌مه ره‌زا شا ، خۆی شارده‌وه‌و له ئێران هه‌ڵات و گه‌یشته وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ، له‌وێ به کاری پزیشکییه‌وه خه‌ریک بوو تا له ئۆکتۆبه‌ری 2002 دا به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه مرد. 5) نامیلکه‌که‌ی ( لین پیاو ) له‌سه‌ر شه‌ڕی پارتیزانی و ستراتیژی شۆڕشی جیهانی دژی ئیمپریالیزمی جیهانی به‌سه‌رکردایه‌تی ئه‌مریکا بوو . ناوی نامیلکه‌که " بژی سه‌رکه‌وتنی جه‌نگی گه‌ل " بوو . کاک نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ریگێڕایه سه‌ر زمانی کوردی و دوای به‌یاننامه‌ی 11 ی مارسی 1970 له به‌غدا چاپ‌کرا ، فازیلی مه‌لامه‌حمود سه‌رپه‌رشتی چاپکردنی ده‌کرد و منیش بۆ هه‌ڵه‌بڕی یارمه‌تیم ده‌دا . 6 ) شازاد صائب خاوه‌نی ئیمتیازی ( رزگاری ) نه‌بوو به‌ڵکو سه‌رنووسه‌ر بوو ، هه‌روه‌ها کاک نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رنووسه‌ر نه‌بوو به‌ڵکو خاوه‌ن ئیمتیاز بوو .
7) ئه‌و کوتله‌یه‌ی لقی سلێمانی که له به‌شی دووه‌مدا باسکراوه ، کاک ره‌فعه‌تی مه‌لای تێدا نه‌بوو . له‌م باره‌یه‌وه کاک ره‌فعه‌ت ده‌ڵێت : " زۆربه‌ی هاوڕێیانی حه‌له‌قه‌ی رۆشنبیری له به‌غدا بووین به‌به‌رده‌وامی قسه‌مان ده‌رباره‌ی دروستکردنی پارتییه‌کی مارکسی لێنینی کوردستانی ئه‌کرد و دابه‌ش بووین به دوو گروپه‌وه ، گروپی یه‌که‌م : نه‌وشیروان مسته‌فا ، مه‌حموی مه‌لا عیززه‌ت ، شازاد صائب . من په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵیان زۆر چاک بوو به‌ڵام هیچ کۆبوونه‌وه‌یه‌کم له‌گه‌ڵ نه‌کردن " [ ره‌فعه‌تی مه‌لا ، رۆژه ته‌ماوییه‌کان ، ل 26 ]
8 ) نووسینگه‌که‌ی ( شارع فه‌له‌ستین - به‌غدا ) باره‌گای مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو که دوایی بوو به پارتی شۆڕشگێڕی کوردستان .
9 ) هه‌ر له به‌شی دووه‌مدا باسی کتێبخانه‌ی ( الفکر الجدید ) ده‌کات که گوایا هی ( سازمان انقلابی ) بووه ، به‌ڵام راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که شه‌هید شه‌هاب خاوه‌نی بوو .
10 ) کاک عارف له په‌ره‌گرافێکی به‌شی دووه‌مدا ده‌ڵێت : " . . . که کۆمه‌ڵه چووه‌ته شاخ و داش عێراقیان خستۆته سه‌ر ناوه‌که‌ی و په‌یڕه‌وی مارکسیزم - لێنینزم و بیروباوه‌ڕی ماوتسیتۆنگ نه‌کراوه ، ئه‌مه‌یان راسته‌و من و کاک فوئاد لێره‌دا یه‌کده‌گرینه‌وه " نازانم کاک عارف ئه‌مه‌ی له کوێوه هێناوه ؟ من به‌و شێوه‌یه باسی شاخم نه‌کردووه . کوا له‌شاخ داش عێراق خراوه‌ته سه‌ر ناوی کۆمه‌ڵه ! ئه‌وه‌نده‌ی ئاگاداربم سه‌ره‌تا رادیۆکه‌یان له شاخ ناوی " ده‌نگی شۆڕشی عێراق " بوو و ، ناوی کۆمه‌ڵه‌شیان گۆڕی به " کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان " .
له کۆتاییدا ده‌ڵێم : ئه‌وانه‌ی له نزیکه‌وه کاک عارف ده‌ناسن ده‌زانن له‌سه‌رده‌می هه‌رزه‌کاری و لاوی‌دا تێکۆشه‌رێکی راست و پاک و خۆنه‌ویست و دڵسۆز بوو ، قسه‌له‌ڕوو و بێ غه‌ل و غه‌ش بوو ، هه‌تا راده‌یه‌کی زۆر دڵساف و خۆشباوه‌ڕ بوو . زۆربه‌ی ئه‌م سیفه‌تانه که پێچه‌وانه‌ی سیفاتی باوی که‌سایه‌تیی تاکه‌که‌سه له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ده‌ره‌به‌گیی خێڵه‌کی موتوربه به ئه‌خلاقی بۆرژوازییدا ، بۆ مرۆڤه سه‌رڕاست و دڵپاکه‌کان گرفت دروست ده‌که‌ن . سه‌رباری ئه‌وه موعاناتی خۆی و خێزانه‌که‌یان که چه‌ند جارێک ئاماژه‌ی پێداوه‌و من له نزیکه‌وه ئاگاداریانم، کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر بێزاری و تووڕه‌بوونی هه‌بووه ، بۆیه هۆکارێکی سه‌ره‌کی گرفتی کاک عارف له‌گه‌ڵ هاوڕیکان و رێکخستندا چ له ناوه‌وه‌و چ له سوریا بۆ ئه‌م هۆکارو کاریگه‌رێتییه ده‌گێڕمه‌وه که نه‌یتوانیوه له‌و په‌یوه‌ندییانه‌یدا به وریایی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات ، له‌به‌ر ئه‌وه کاتی خۆی ناچار به سه‌فه‌رو به‌جێهێشتنی کۆمه‌ڵه‌و شۆڕش بووه‌و ، ئه‌مڕۆش دوای چه‌ند ده‌ساڵێک ئه‌و موعاناته‌ی رابردوو کاریگه‌رێتییان له شێوازی نووسینه‌که‌ی کردووه‌و ، نه‌یتوانیوه به تیری ره‌خنه‌کانی ئه‌و نیشانه‌ی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه بپێکێ .
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Tuesday, July 8, 2008
ناکرێت بێ دۆکیۆمێنت مێژوو بنووسیته‌وه
کاک عارف ده‌رباره‌ی پشتبه‌ستن به دۆکیۆمێنت بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینی کوردستان ده‌ڵێت : " به‌ڵام ده‌رباره‌ی نووسین و دۆکیۆمێنت ، فوئاد ده‌زانێ کۆمه‌ڵه له‌و کاته‌دا رێکخستنێکی زۆر نهێنی بوو ، خاوه‌نی ده‌ستوورێکی به‌رگ سوور بوو که من دانه‌یه‌کیم لابوو له سلێمانی ، دو‌اتریش بڵاوکراوه‌یه‌کی هه‌بوو به‌ناوی ئاڵای شۆڕش . . . ململانێکانیش له‌سه‌ر ناسنامه‌ی کۆمه‌ڵه به‌شێک بوو له چالاکییه‌کان . . .ئیتر نازانم فوئاد قه‌ره‌داخی مه‌به‌ستی چییه له دۆکیۆمێنت و نوسراو " [ به‌شی دووه‌م ]
ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا له نێوه‌نده ئه‌کادیمییه‌کانی مێژوودا باوه‌و ، به‌گشتی میتۆدی نووسینه‌وه‌ی مێژوو جه‌ختی له‌سه‌رده‌کات ، ده‌ربازکردنی مێژووه له حیکایه‌تخوانی و گێڕانه‌وه‌ی شه‌فه‌وی و به‌بیرهاتنه‌وه‌ی شه‌خسی . ئه‌وه‌نده‌ی بلوێت و بکرێت مێژوونووسه‌کان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر شێوازی پشتبه‌ستن به دۆکیۆمێنت وه‌ک شێوازێکی سه‌ره‌کی ؛ خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه ده‌ستنه‌که‌وت ، ئینجا په‌نا ده‌به‌نه به‌ر دۆکیۆمێنتی شه‌فه‌وی و یاده‌وه‌ریی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌شداریی رووداوه مێژووییه‌کانیان کردووه دوای ئه‌وانیش ئه‌و که‌سانه‌ی له‌سه‌رده‌مه‌که‌دا ژیاون ، شاهیدی رووداوه‌کان بوون یان له‌هه‌مان سه‌رده‌مدا بیستوویانه . واته زنجیره‌یه‌ک هه‌یه که پاش و پێشی تێدایه له‌ڕووی موتمانه‌و پله‌ی ئیعتیبارکردنی راستگۆیی له گێڕانه‌وه‌دا . له‌م دۆکیۆمێنتانه‌دا که پشت به‌یاده‌وه‌ریی که‌سه‌کان ده‌به‌سترێت توانای بیرهاتنه‌وه‌و کات و رۆژ و ساڵ و دوورونزیکی له رووداوی سروشتی و کۆمه‌ڵایه‌تی و شوێن و راده‌ی په‌یوه‌ندی که‌سه‌کان به رووداوه‌کانه‌وه حسابی بۆ ده‌کرێت ، هه‌روه‌ک رابردووی شه‌خسی و پرنسیپه ئه‌خلاقییه‌کانی وه‌ک راستگۆیی ره‌چاوده‌کرێت .
دۆکیۆمێنته‌کان به‌هه‌ردوو شیوه‌که‌یه‌وه چ نووسراوو چ ئه‌وانه‌ی ده‌ماوده‌م ، راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ، وه‌رده‌گیرێن ، به‌ر ئه‌زموونی میتۆدی نووسینه‌وه‌ی مێژوو ده‌درێن ، هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ناوه‌کی و ده‌ره‌کییان بۆ ده‌کرێت تا ساخبکرێنه‌وه‌و راستییه‌کان تۆماربکرێن .
پاساودانی نه‌بوونی دۆکیۆمێنت خه‌وشێکی کاری رێکخراوه‌یی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌و هه‌موومان لێی به‌رپرسیارین . راسته بارودۆخی ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فاشیستی به‌عس ، هۆیه‌کی راسته‌و بگره هۆی سه‌ره‌کییه ، به‌ڵام له تۆژینه‌وه ئه‌کادیمییه‌کاندا به هۆکارێکی لاواز داده‌نرێت ، چونکه تۆژیاران چه‌ند ئه‌گه‌ر له‌به‌رده‌میدا داده‌نێن ، گریمانه‌کانی بۆ ریزده‌که‌ن به‌وه‌ی که بۆچی بیر له پاراستنی دۆکیۆمێنته‌کان ، وه‌ک یه‌کێک له کاره نهێنییه‌کان ، نه‌کراوه‌ته‌وه ، یان بیریان بۆ ئه‌وه ده‌چێت که بۆ مه‌به‌ستێکی سیاسی شاردرابێتنه‌وه یان له‌ناوبرابن ، یان سیاسه‌ت و ململانێیه‌کی نوێ هاتبێته‌کایه‌وه پێویستی به‌وه کردبێت دۆکیۆمێنتی دروستکراو بخرێته جێگه‌ی دۆکیۆمێنته ئه‌سڵییه‌کان و ئیستیغلالی بێئاگایی زۆربه‌ی خه‌ڵکیی له‌و باره‌یه‌وه بکرێت و ... هتد .
ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌ی باسمانکرد ده‌بێته مایه‌ی جیاوازی له گێرانه‌وه‌داو ، هه‌ڵبه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی یان رێکخراوه‌یی ( ماددی و مه‌عنه‌وی ) ده‌خاله‌ت ده‌کات و رۆڵی خۆی له‌م بواره‌دا ده‌گێڕێت . به‌ڵام به‌هۆی پێشکه‌وتنی شیوازه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوونی ده‌قه‌کان و رووداوه‌کاندا ، ساخکردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی سه‌ره‌وه له ده‌ستی تۆژیارانی مێژوو ده‌رناچێت . شێوازی ساخکردنه‌وه‌و تۆژینه‌وه‌ی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی دۆکیۆمێنته‌کان و په‌نابردنه به‌ر شێوازی به‌راوردکاری ، راستییه‌کان یه‌کلاییده‌کاته‌وه . بۆ نموونه کاک عارف دێت و ده‌ڵێت کۆمه‌ڵه له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه هه‌ر ناوی ( کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینی کوردستان ) بوو ، داش عێراقی له‌سه‌ر نه‌بوو وه‌ک فوئاد له چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا " ئیددیعاده‌کات " . دیاره ده‌توانرێت بۆ ساخکردنه‌وه‌ی ئه‌م ئیددیعایه میتۆدی مێژوویی په‌یڕه‌وبکرێت ، به‌پێی ئه‌م میتۆده چه‌ند گریمانێک ( فرضیات ) دابنرێت وه‌ک :
أ - فوئاد هه‌ر له‌سه‌ر باوه‌ڕی " عێراقچێتی " ماوه‌و ، له‌وه‌دا راست ناکات که ( داش عێراق ) به پاشکۆی ناوی کۆمه‌ڵه‌وه بووبێت .
ب - فوئاد به حوکمی ته‌مه‌ن و به‌سه‌رچوونی ئه‌و مێژووه که بۆ نزیکه‌ی چل ساڵ ده‌چێت مێشکی لاوازبووه‌و کۆنترۆڵی یاده‌کانی له‌ده‌ستداوه .
ج - دوای ناکۆکی نێو کۆمه‌ڵه‌و ده‌رچوونی " عێراقچی " یه‌کان و مانه‌وه‌ی " کوردستانی " یه‌کان ، ده‌ستکاریکراوه‌و ( داش عێراق ) ه‌که‌ی لێکراوه‌ته‌وه‌و جارێکی دیکه چاپکراوه‌ته‌وه .
د - فوئاد سه‌باره‌ت به‌وه راستده‌کات که په‌یڕه‌وه‌که خۆی نووسیویه‌تی و به‌و هۆیه‌وه که‌سێک له‌و له‌پێشتر نییه بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری له‌م باره‌یه‌وه وه‌ک دۆکیۆمێنت لێوه‌ربگیرێت .
له نێو ئه‌م خاڵانه‌دا ( ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌که بهێنێ و کارگه‌رێتییه‌کی چاره‌نووسسازی هه‌بێت ) ، ده‌کرێت خاڵی ( ب ) له‌ڕێی ئه‌زموونی تایبه‌تی نێو تاقیگاکانی سایکۆلۆژیی فیسیۆلۆژییه‌وه ، یان له‌ڕێی کلینیکه‌کانی چاره‌سه‌رکردنی ده‌روونییه‌وه ساخبکرێته‌وه ، ئه‌وسا ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌رێیانه بوو ، ئه‌وا ئه‌م خاڵه وه‌رناگیرێت و ده‌بێت خاڵێکی دیکه بهێنرێته پێشه‌وه ، بۆ نموونه : شێوازی داڕشتنی به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وه‌که له‌لایه‌ن شاره‌زایانی بواری ساخکردنه‌وه‌ی ده‌ق و دۆکیۆمێنته‌کان به نووسینه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی فوئاد به‌راوردده‌کرێت و ، به‌مه حه‌قیقه‌ته‌که ده‌که‌وێته‌ڕوو و ئه‌وه یه‌کلاییده‌بێته‌وه که ( داش عێراق ) به‌ناوه‌که‌وه بووه له‌یه‌که‌م چاپدا ، وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێت ، یان پێوه‌ینه‌بووه ، وه‌ک ئه‌وه‌ی دواتر خراوه‌ته به‌ر ده‌می ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌وه .
هه‌ر ئه‌م شیکاره بۆ دۆکیۆمێنته‌که ( به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆ ) یان ئه‌نجامه‌که‌ی ( ئه‌رێیانه بێت یان نه‌رێیانه ) ده‌شێت به‌کاربهێنرێت بۆ ساخکردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕگه‌یه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی کاک فه‌ره‌یدون له رۆژنامه‌ی ( میدیا ) دا له ده‌ڵێت : " من و خاڵه شه‌هاب و فازیلی مه‌لا مه‌حمود کۆمه‌ڵه‌مان دروستکرد " ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌توانرێت له لۆژیکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی رێکخراوه‌یی پێکهێنانی کۆمه‌ڵێک رێکخراوی جیاجیا بکۆڵرێته‌وه تا بزانرێت : ئایا راسته به سێ که‌س ئه‌م رێکخراوه دروستکراوه ؟! هه‌روه‌ها ده‌توانرێت زانیاری له هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه وه‌ربگیرێت ، هه‌رکه‌سه په‌یوه‌ندی به‌کێوه کردووه ؟ کێی رێکخستووه ؟ له رێکخستنی کۆمه‌ڵه‌دا به‌رپرسی کێ و کێ بووه‌و کێش به‌رپرسی ئه‌و بووه؟ خۆ ئه‌گه‌ر تۆژیارێک بیه‌وێت تۆژینه‌وه‌که‌ی تۆکمه‌تر بێت ، ئه‌وا ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ هه‌ر دۆکیۆمێنتێکی نووسراو یان کۆڕێک که کاک فه‌ره‌یدون له دوای راپه‌ڕینه‌وه تێیاندا ده‌رباره‌ی کۆمه‌ڵه دوابێت وه‌ک ئه‌و کۆڕه‌ی ده بۆ دوازده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له مه‌ڵبه‌ندی رێکخستنی سلێمانیی یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان به‌ستی و به ده‌یان کادیرو ئه‌ندامی یه‌کێتیی ئاماده‌یبوون و تیادا ئاماژه‌ی به رۆڵی فوئاد قه‌ره‌داغی کرد له دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌دا و دو‌اتریش هه‌ر له‌وسه‌روبه‌نده‌دا له رۆژنامه‌ی ( کوردستانی نوێ ) دا بڵاوکرایه‌وه ؛ یان تۆژیار ده‌توانێت زێتر به دوایدا بچێت و له‌و ئیددیعایه‌ی قه‌ره‌داغی بکۆڵێته‌وه که ( گوایا ) چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر کاک فه‌ره‌یدون ویستوویه‌تی شتێک ده‌رباره‌ی کۆمه‌ڵه بنووسێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش میواندارییه‌کی فوئادی کردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێک زانیاری ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه لێوه‌رگرێت یان به‌بیریبهێنێته‌وه . . . هتد .
ئه‌وه‌ی له جیهانی سیاسه‌ت و حزبایه‌تیدا باوه ، دامه‌زراندنی ره‌سمیی رێکخستنێک له‌و دانیشتنه ره‌سمییه‌وه ده‌ستپێده‌کات که بڕیاری ده‌ستبه‌کاربوون ده‌درێت و به‌رنامه‌و پێره‌وی رێکخستنه‌که بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت و کۆمیته‌یه‌کی ناوه‌ندی هه‌ڵده‌بژێردرێت و کار له‌نێوانیاندا دابه‌شده‌کرێ ، جا ئه‌و دانیشتنه کۆنفرانسێک یان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گشتی بێت ، یان له‌به‌ر بارودۆخێکی تایبه‌تی ، دانیشتنی ده‌سته‌یه‌ک بێت له‌وانه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری بۆ دامه‌زراندنی رێکخراوه‌که ده‌که‌ن . دیاره ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش ره‌تناکرێته‌وه ، به‌ڵکو پڕۆسه‌که هه‌رده‌بێت وه‌ها بچێته پێشه‌وه ، که به‌ر له بڕیاری رێکخستن ، گرووپ گرووپ ، دوو دوو ، سێ سێ ، ئه‌م کوتله‌و ئه‌و کوتله سه‌ریان به‌یه‌که‌وه نابێت و یه‌کێکیان پێشتر‌و ئه‌ویدییان دواتر جووڵابێت ؛ به‌ڵام کاتێک ئاماده‌کارییه‌کان به ئه‌نجام ده‌گه‌ن و کاری تیۆری ده‌چێته قۆناغی پراکتیکه‌وه ، ئه‌و کاته رۆژی دامه‌زراندن و ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رو به‌رپرسیارێتی ره‌سمی ده‌چه‌سپێ و شێوه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت .
پرنسیپی شیکردنه‌وه‌ی دیاریکراو بۆ بارودۆخی دیاریکراو
له ره‌خنه‌یه‌کی دیکه‌دا کاک عارف ده‌ڵێت : " فوئاد قه‌ره‌داخی حه‌زی به دامه‌زراندنی به‌دیلێک کردووه وه‌کو کۆمه‌ڵه به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی له باڵی ( م . س ) بپچڕێنێ ... له‌گه‌ڵ رێزمدا چۆنچۆنی فوئاد قه‌ره‌داخی که خۆی به چه‌پ و مارکسی ده‌زانێ ، خۆی له دوو حزبدا ، یه‌کێکیان بۆرژوازی و ئه‌وی تریان مارکسی کۆده‌کاته‌وه . " [به‌شی دووه‌م ]
سه‌رده‌مێک من و کاک عارف که خۆمان به مارکسی ده‌زانی بڕوامان به‌وه هه‌بوو که سیاسه‌ت هونه‌ری مومکیناته‌و ، پرنسیپێکی لێنینی بۆ کاری سیاسی هه‌بوو ده‌قه‌که‌یمان له‌به‌ربوو که ده‌ڵێت : " شیکردنه‌وه‌ی دیاریکراو بۆ بارودۆخی دیاریکراو " . دیاره کارکردن بۆ پێکهێنانی رێکخراوێک یان حزبێکی نوێ بۆ که‌سێک که په‌یوه‌ندی رێکخراوه‌یی نه‌بێت ئاسانتره‌و زۆر جیاواز ده‌بێت له‌گه‌ڵ کارکردنی که‌سێک که به‌رپرسیارێتی له حزبێکدا هه‌بێت ، به‌ڵام باوه‌ڕی پێنه‌مابێت و هه‌وڵبدات به‌شێوه‌یه‌ک لێی داببڕی که زیان به هاوبیرو هاوڕێکانی له‌و حزبه‌دا نه‌گه‌یه‌نێت ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره ئه‌وپه‌ڕی نهێنی بخوازێت . ئه‌مه ئه‌و واقیعه‌یه که به‌ره‌وڕووی هه‌موو ئه‌ندامه چه‌پ و ماوییه‌کانی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی بووبووه‌وه و ناچار بوون بۆ ماوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵیدا بڕۆن . خۆ ئه‌گه‌ر کاک عارف میتافیزیکیانه بۆ مه‌سه‌له‌که‌ی نه‌ڕوانیایه‌و ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی له جووڵاندندا ببینیایه ئه‌و گله‌ییه‌ی نه‌ده‌کرد چونکه سه‌ره‌نجام هه‌موو هاوڕێیانمان له کۆمه‌ڵه‌دا ، به کاک عارف خۆشیه‌وه ، له پارتی پچڕان و به خه‌باتی کۆمه‌ڵه‌وه په‌یوه‌ستبوون ؛ دو‌اتریش ئه‌و هه‌ڵوێسته کاتییه به‌په‌سه‌ند زانرا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ کوردستان و کارکردن له ریزه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ، ئه‌گه‌رچی به‌ش به حاڵی خۆم ئه‌و کاره دووسه‌ره‌ییه ئازاری ویژدانی ده‌دام و وه‌ک بڕیارێکی رێکخستن و به‌مه‌به‌ستی ئاوه‌ڵابوونی ئاووهه‌وای کار له‌به‌رده‌می هاوڕێیانماندا قبووڵمکردو پاشان هه‌ر ئه‌و مانگه‌ی ئیلتیزامم به کۆمه‌ڵه‌وه نه‌ما له پارتیش وازمهێنا . کاک عارف له‌وه‌ش ئاگاداره که ئه‌م شێوازه دووسه‌ره‌ییه پێشینه‌ی له چین و له کوردستانیشدا هه‌بوو . له‌ساڵه‌کانی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی حزبی کۆمۆنیستی چین له بیسته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا به‌پێی رێنماییه‌کانی ستالین و کۆمێنترن حزبی کۆمۆنیستی چین چووه نێو حزبی کۆمینتانگه‌وه بۆیه ده‌توانین پرسیاره‌که‌ی کاک عارف له ستالین و کۆمێنترن و ماوتسیتۆنگ و سه‌رکرده‌کانی ئه‌و کاته‌ی حزبی کۆمۆنیستی چین بکه‌ین و بلێێن : ئایا ده‌شێت حزبێکی شیوعی بچێته نێو حزبێکی بۆرژوازییه‌وه ؟ دیاره هه‌رگیز نابێت به‌ڵام بارودۆخی دیاریکراو‌و تایبه‌ت له سیاسه‌تدا به‌پێی سه‌رده‌م و کات و شوێنی خۆی حوکمێکی دیکه ده‌دات . له کوردستانیشدا ساڵی 1965 و تا دوای ماوه‌یه‌کی زۆریش له هه‌ڵاتنی چه‌ند ئه‌ندامێکی پارتی ( م . س ) له ( دۆڵه‌ڕه‌قه ) وه بۆ به‌غدا ، له زۆر ناوچه‌ی کوردستاندا که له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی ( باڵی بارزانی ) دا بوو ، لیژنه‌کانی ناوچه‌و رێکخستنه‌کانی پارتی دووسه‌ره بوون ، واته بۆ هه‌ردوو باڵی پارتی کاریان ده‌کرد . ( ئایا ده‌بێت و ده‌شێت یه‌ک لیژنه له هه‌مان کاتدا یه‌ک کاری رێکخستن و سیاسی بۆ دوو حزبی نه‌یار به‌یه‌کتری بکات ؟! ) وه‌ڵامی لۆژیکی ئه‌وه‌یه که نه‌خێر ناشێت و ئه‌مه ناشیرین‌ترین شێوه‌ی کاری سیاسی و حیزبییه ، به‌ڵام له ململانێی حزبیی ئه‌و کاته‌دا کراوه .
هه‌ڵبه‌ت به هێنانه‌وه‌و بیرخستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو نموونه‌یه مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه پاساو‌بهێنمه‌وه ، چونکه هه‌میشه ئه‌وه به کارێکی ناڕه‌واو نامه‌بده‌ئی ده‌زانم ؛ بۆ ئاگاداری کاک عارف و ئه‌و به‌ڕیزانه‌ش که وتاره‌که‌ی ئه‌ویان خوێندۆته‌وه ، ساڵی 1966 به مامۆستایی چووم بۆ قه‌ڵادزێ . ئه‌ندامێکی ئه‌و کاته‌ی لقی سلێمانی پارتی ( م . س ) داوایلێکردم له‌وێ په‌یوه‌ندیم به لیژنه‌ی ناوچه‌ی قه‌ڵادزێوه هه‌بێت ، که زانیم لیژنه‌یه‌کی دووسه‌ره‌یه داواکه‌یمره‌تکرده‌وه‌و ، دوایی له قه‌ڵادزێ لیژنه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی نهێنیم پێکهێنا بۆ کاری حزبی و کاری یه‌کێتیی مامۆستایانیش . ئه‌وه‌ی له‌بیرم مابێ شه‌هید جه‌زا عه‌بدولقادر ره‌شید و مامۆستا محه‌مه‌د سابیر ناسراو به حه‌مه‌ی عه‌تێ و مامۆستا ره‌سول ده‌روێش ئه‌ندامی لیژنه‌که بوون ، دواتر که هێزه‌کانی حزب به فه‌رمانده‌یی ره‌ئیس حه‌مه ئه‌مین مه‌لا فه‌ره‌ج گه‌یشتنه قه‌ڵادزێ و ، لیژنه‌ی ناوچه که ئه‌و کاته میرزا باپیری میرزا سه‌عید لێپرسراوی بوو ، خۆیان ئاشکراکرد ، پێیانه‌وه په‌یوه‌ستبووین .
کاک عارف دواتر دێت لایه‌نه ئیجابییه‌کانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی ریزده‌کات و ده‌ڵێت : " من به‌ش به حاڵی خۆم هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پارتی ناوبراوم به چاکده‌زانی ... " [ به‌شی دووه‌م ]
من نازانم کاتی تێکه‌ڵبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵی پارتی ئه‌و ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه بووه یان نه ؟ به‌ڵام ئه‌وه هه‌ڵوێستی ره‌سمی کۆمه‌ڵه بوو که کار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پارتی شۆڕشگێڕی کوردستان ( پارتی - م . س ) بکه‌ین . ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تیدا جه‌ختمان له‌سه‌رکرده‌وه ، ته‌بلیغاتمان بۆ کرد‌و چه‌ند ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه که له کۆنگره‌دا بوون و به‌نده یه‌کێکیان بوو ، قسه‌یان له‌سه‌رکردو ده‌ستیان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌رزکرده‌وه . ئیتر نازانم کاک عارف له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک ئه‌مه‌ی هه‌ڵهێنجاوه که رووی ده‌میم تێده‌کات و ده‌ڵێت : " ئایا ئه‌مه پابه‌ندبوون ناگه‌یه‌نێت به پارتی شۆڕشگێڕی کوردستانه‌وه؟!! " [ به‌شی دووه‌م ]
کاک عارف ئه‌م پرسیاره‌ی له په‌ره‌گرافێکی دواتردا نووسیوه ، ره‌نگه له چاپکردندا تێکه‌ڵ بووبێت له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌یه‌کی دیکه‌یدا که‌لێیگرتووم و له‌گه‌ڵ مه‌نتیقی په‌ره‌گرافه‌که‌دا ده‌گونجێ ، به‌ڵام ئه‌م ره‌خنه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌نتیقی په‌ره‌گرافی پێشوودا گونجاوه .[به‌شی دووه‌م ]
رێکخستنی نوێ و پێویستیی ره‌خنه‌گرتن له رابردوو
کاک عارف له ره‌خنه‌یه‌کی دیکه‌دا که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م بۆ کرد ده‌ڵێت : " جگه له‌وه کاتی خۆی له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی کۆمه‌ڵه‌دا یه‌کێک له ره‌خنه‌کانی لای من ئه‌وه‌بوو که گوایا مام جه‌لال ئاماده نییه ره‌خنه له رابردووی خۆی بگرێت ! ئایا ئه‌مه‌ی فوئاد ده‌یڵێت لێدان نییه له ته‌لی عاتیفه ؟ " [ به‌شی دووه‌م ]
له‌ڕاستیدا نازانم ئه‌و ره‌خنه‌یه‌م لای کاک عارف گرتووه یان نه ؟ که‌ی گرتوومه‌و ساڵی چه‌ند ؟ به‌ڵام دڵنیام ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی وه‌ها هاتبێته پێشه‌وه دوای ده‌ستکێشانه‌وه‌م له‌کۆمه‌ڵه بووه ، چونکه ئه‌وه نه‌گونجاوه له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یوه‌ندییه باشه‌ی له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌دا له‌گه‌ڵ مام جه‌لال هه‌مبوو ، له‌سه‌رێکی دیکه‌وه ئه‌وه پێچه‌وانه‌ی پرنسیپێکی رێکخستنه که ره‌خنه له نێو رێکخستندا ده‌گیرێت و له ده‌ره‌وه‌ی رێکخستندا باس ناکرێت ، ئه‌وه پرنسیپێکه هه‌موو ئه‌وانه‌ی کاریان له‌گه‌ڵ کردووم چ له کۆمه‌ڵه‌دا و چ له پارتیدا ده‌زانن چۆن مه‌بده‌ئیانه پابه‌ندی بووم ، پاشان من له سه‌ره‌تای پێکهێنانی کۆمه‌ڵه‌دا تا دوای ده‌رچوونم و له‌و چه‌ند جاره‌ی چاوم به کاک عارف که‌وتووه هیچ باسێکی کۆمه‌ڵه له نێوانماندا نه‌بووه چونکه کاک عارف ئه‌و کاته هێشتا " به‌دیل " ێکی نوێی پێنه‌بوو . دواییش که ململانێی " عێراقی " و " کوردستانی " هاته کایه‌وه ره‌خنه‌گرتنمان له یه‌کتری زۆر ئاسایی بوو . ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌موومان یه‌کتری و خه‌ڵکیمان زۆر ده‌بینی . مشتومڕی سیاسی چ به توندی یان به میانڕه‌وی له نێوانماندا روویده‌دا ، ده‌شێت قسه‌ی رێک و هێمن و ژیرانه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌کتر کردبێت و ده‌شێت قسه‌ی ره‌ق و نه‌کڵۆک و به‌رزو نزم و هه‌ڵه‌شمان کردبێت ، ره‌نگه پاشمله‌ش له‌یه‌کتریمان خوێندبێ و په‌ندی کوردی له مێژه ده‌ڵێت کورد له پاشمله سه‌ری شا ده‌بڕێت ! به‌ڵام بیروڕاو ناکۆکی و بۆچوون و تێکڕای قسه ئیجابی و سه‌لبییه‌کانمان له‌سه‌ر یه‌کتری نه‌ده‌کرد به ماڵ وه‌ک ئه‌وه‌ی کاک عارف دوای نزیکه‌ی چل ساڵ له‌بیری ماوه‌و به‌ڕوومیدا ده‌داته‌وه . ئه‌و سه‌رده‌مه‌و تائێستاش له‌نێوان خه‌ڵکی به پرنسیپدا ، پرنسیپێکی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بووه‌و هه‌یه که عه‌ره‌به‌کان پێی ده‌ڵێن : " المجالس أمانات " . ئه‌گه‌ر تێکۆشه‌رانی سیاسی به‌م شێوه‌یه قسه‌ی یه‌کتری هه‌ڵبگرن و ئه‌مه بکه‌نه شێوازی کارکردن و په‌یوه‌ندییان ، ئه‌وا هه‌ر یه‌که ده‌توانێت له توێی یاده‌کانیدا سه‌دان قسه له‌وانه تۆمار بکات که به درێژایی ژیانیان خاڵی گرژی و ناکۆکی بن و نه‌توانن له هیچ پڕۆژه‌یه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌گه‌ڵ هاوڕێ کۆن و نوێیه‌کانیاندا یه‌کبگرن .
به‌هه‌ر حاڵ من گریمان ( فرضية ) ی ئه‌وه داده‌نێم که ئه‌و ره‌خنه‌یه‌م گرتووه ، ره‌خنه‌ش هێڵی سووری بۆ نییه‌و له هه‌موو که‌س ده‌گیرێت .
سه‌باره‌ت به ره‌خنه‌له‌خۆگرتن ، لای ئێمه‌ی ئه‌ندامانی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه ، بایه‌خێکی گرنگی هه‌بوو ، بۆیه چه‌ند جار دانیشتنی ره‌خنه‌و ره‌خنه‌له‌خۆگرتن له‌نێوان هه‌ندێ له هاوڕێیاندا ده‌کرا تیادا هه‌ر یه‌که ره‌خنه‌ی له هه‌ڵسوکه‌وت و ره‌فتاره بۆرژوازییه‌کانی خۆی ده‌گرت یان هاوڕێکه‌ی ره‌خنه‌ی لێده‌گرت . من بۆخۆم چه‌ند جار وه‌ک شێوازێک بۆ خۆپاککردنه‌وه له ئه‌خلاقی بۆرژوازییانه ، ره‌خنه‌کانم له‌سه‌ر خۆم ده‌نووسییه‌وه‌و ناو به ناو پێداده‌چوومه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ره‌فتاری رۆژانه‌مدا به‌راوردم ده‌کرد . ئه‌م شێوازه له خۆبیناکردنه‌وه ، ئه‌گه‌رچی کارێکی زۆر رۆمانسییانه بوو به‌ڵام به‌ڵگه‌ی گیانێکی نوێی کاری سیاسی بوو . ئێمه به گیانێکی شۆڕشگێڕانه‌و به هیوایه‌کی گه‌شه‌وه ده‌مانویست گه‌شه‌بکه‌ین و که‌موکووڕییه‌کانمان نه‌هێڵین ، به‌ڵام به‌ره‌وڕووی واقیع بووینه‌وه‌و ، پێداگرتنمان له‌سه‌ر ره‌خنه‌گرتن گه‌یشته راده‌ی ره‌خنه‌گرتن له کاری زۆرشه‌خسی که ساردی و زویربوونی تێده‌که‌وت و ده‌رکه‌وت زێده‌ڕۆییمان تێدا کردووه‌و ئه‌وه‌مان ره‌چاونه‌کردووه که هێشتا زووه بۆ په‌یڕه‌ویکردنی ئه‌م شیوازه‌و هێشتا ئه‌وه‌نده نییه پێمان له شوێنی راوه‌ستانی حزبێکی بۆرژوازی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ترازاوه .
کاتێک حزبێک یان رێکخراوێکی نوێ داده‌مه‌زرێ ، به‌رنامه‌ی نوێ و ئامانجی نوێ ده‌خاته ئه‌ستۆی خۆی و ، ده‌بێت ئه‌ندامه‌کانی بۆ خه‌باتکردن له‌پێناوی به‌دیهێنانی به‌رنامه‌و ئامانجه نوێیه‌کاندا په‌روه‌رده بکات . مه‌سه‌له‌ی په‌روه‌رده‌کردنێکی نوێی ئه‌ندامان گرنگییه‌کی زۆری هه‌یه . ئه‌م گرنگییه بۆ ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌و کاته چه‌ند جاره گرنگ بوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی کۆمه‌ڵه خۆی به رێکخراوێکی کۆمۆنیستی پێناسه‌کردبوو ، به‌ڵام ئه‌ندامه‌کانی له حزبێکی بۆرژوازی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه هاتبوون که له‌سه‌رێکه‌وه هه‌موو داب و نه‌رێت و خوو و ره‌فتاره‌کانی بۆرژوازییان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنابوو ، له‌سه‌رێکی تره‌وه ئه‌و حزبه‌ی لێوه‌یهاتبوون رابردووی شه‌ڕێکی ناوخۆی شه‌ش ساڵه‌ی هه‌بوو ، تانه‌ی هاوکاریی ده‌سه‌ڵاتێکی شۆڤێنیستی و فاشستیی به‌عسیشی به‌دواوه‌بوو ، بۆیه له‌م باری سه‌رنجه‌وه ره‌خنه‌له‌خۆگرتن بۆ هه‌موومان ، له‌سه‌ره‌وه تا خواره‌وه زه‌رووره‌ت بوو ؛ ئه‌گه‌ر ئه‌و کاته هه‌ڵمه‌تێکی له‌و جۆره بکرایه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ره‌خنه‌گرانه‌ی مارکسییانه له‌سه‌ر ئه‌و رابردووه بنووسرایه‌و جله چڵکنه‌کانی رابردوومان له‌به‌رده‌می خۆمان و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان و مێژوودا هه‌ڵبخستایه ، ململانێکان خاوده‌بوونه‌وه ، یان لانی که‌م به ئاڕاسته‌یه‌کدا ده‌ڕۆیشتن که یه‌کگرتوویی رێکخستن بهێڵنه‌وه‌و ، جیاوازی لێکدانه‌وه‌ی سیاسی و رێکخراوه‌ییش راست و چه‌پی به‌سه‌ردا نه‌ده‌هات و نه‌ده‌کرایه ده‌ره‌وه‌و ، ئێستا " ره‌نگه " ئه‌زموونی وه‌رچه‌رخانی حزبێکی بۆرژوازیی نه‌ته‌وه‌یی به حزبێکی مارکسی لێنینی له‌به‌رده‌ستماندا بووایه !!
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Sunday, July 6, 2008
له ژماره‌کانی ( 427 ، 428 ، 429 ، 430 ، 431 ) ی رۆژنامه‌ی ( هاوڵاتی ) دا که رێکه‌وتی رۆژه‌کانی ( 1 ، 4 ، 8 ، 11 و 15 ) ی حوزه‌یرانی 2008 ی کرد ، هاوڕێی دێرینم کاک عارف که‌ریم زنجیره‌یه‌ک وتاری ده‌رباره‌ی ناوه‌رۆکی دوو دیمانه‌ی من و کاک فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر نووسیوه که به‌دوای یه‌کدا له ( هاوڵاتی ) ژماره 411 و 412 ی رێکه‌وتی 6 و 9 ی نیسانی 2008 و ( میدیا ) ی ژماره ( 334 ) ی رۆژی 15 ی نیسانی 2008 بڵاوکراونه‌ته‌وه ، تێیاندا هه‌وڵیداوه به‌شداریی له نووسینی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینی کوردستان بکات تا " هه‌ندێک له دیوه شاراوه‌کانی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه و فاکته‌ره جیاجیاکانی رێگه‌خۆشکردن بۆ دامه‌زراندنی ئاشکرا " بکات به‌تایبه‌تی ساڵه‌کانی 970 - 975 . [ به‌شی یه‌که‌م ، هاوڵاتی ، ژماره 427 ی رۆژی 1ی حوزه‌یرانی 2008 ] به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستاوه ، به‌ڵکو گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ساڵه‌کانی 1967 - 1970 و ، دوای ئه‌وه‌ش وه‌ک ده‌ڵێت : باسی ئه‌و 13 مانگه بکات که له سوریا ( شام ) دا به‌سه‌ریبردووه و هۆکاری دوورکه‌وتنه‌وه‌و وازهێنانی له یه‌کێتی و کۆمه‌ڵه روونبکاته‌وه . [ به‌شی یه‌که‌م ]
کاک عارف به پاساوی وه‌ڵامی هه‌ردوو وتاره‌که‌ی من و فه‌ره‌یدون ، به‌ڕێگایه‌ک که دووره له میتۆدی زانستی و بێ په‌یڕه‌ویکردنی رێساکانی نووسینه‌وه‌ی مێژوو ، کۆمه‌ڵێک مه‌سه‌له‌ی ورووژاندووه ، که‌مێکی نه‌بێ ، زۆربه‌ی په‌یوه‌ندی به‌و دوو وتاره‌وه نییه . ئه‌وه‌ی که‌مترین پشکی له‌م پێنج ئه‌ڵقه‌یه‌دا به‌رده‌که‌وێ مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌یه ، ئه‌و مێژووه‌ی له ده‌رچوونی به‌یاننامه‌ی 11 ی مارسی 1970 وه ده‌ستپێده‌کات و له مانگی ئابی 1971 دا کۆتایی دێت . ئاماژه‌کردن به‌و زه‌مینه‌یه‌ی له‌پێش به‌یاننامه‌ی مارسدا بۆ پێکهێنانی ئه‌م رێکخراوه ساز‌و ئاماده کراوه‌و ، ئه‌وه‌شی که په‌یوه‌ندی به ساڵه‌کانی دوای 1971 وه هه‌یه ، ده‌شێت ته‌نها بۆ لێکۆڵینه‌وه‌و روونکردنه‌وه‌ی زێتری مێژووی دامه‌زراندنه‌که به‌کاربهێنرێت که ئێستا بۆته موڵکی مێژووی حزبایه‌تی و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی له کوردستانداو که‌سێک نییه له‌سه‌ر ئه‌و رێبازه مابێت و په‌یڕه‌وی ئایدیا‌و شێواز‌و پرنسیپه‌کانی بکات و له‌ڕووی بابه‌تییه‌وه خاوه‌نی بێت .
له‌هه‌ردوو چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا باس له مێژووی ( دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه ) کراوه نه‌ک مێژووی کۆمه‌ڵه که له دامه‌زراندنه‌وه تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ده‌گرێته‌وه . بۆیه ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌یت و بپرسیت : ئه‌م به‌زاندنه‌ی مێژووی دامه‌زراندن بۆچی و ، بۆ چ ئامانجێک و ، ئایا له‌ڕووی مێژووییه‌وه چ سوودێک ده‌گه‌یه‌نێت ؟ یان چ بۆ نووسه‌ر( کاک عارف ) و چ بۆ هاوڕێ دێرینه‌کانی ئاکامێکی ئه‌رێیانه ده‌گه‌یه‌نێت؟
من له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا که‌مێکم ده‌رباره‌ی میتۆدی نووسینه‌وه‌ی مێژوو نووسی که لێره‌دا به‌پێویستی نازانم دووباره‌ی بکه‌مه‌وه . هه‌ر له‌و چاوپێکه‌وتنه‌شدا ئاماژه‌م به‌وه کرد که ته‌نها ئاگاداری به‌شێکم له‌مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و ، له‌وه بترازێ په‌یوه‌ندیم پێوه‌ی نییه‌و ناشێت خۆم بکه‌م به خاوه‌نی و له‌سه‌ری بدوێم له‌به‌ر ئه‌وه له‌م نووسینه‌شمدا به هه‌مان رێچکه‌دا ده‌ڕۆمه‌وه‌و وه‌ڵامی ئه‌و خاڵانه ده‌ده‌مه‌وه که کاک عارف ره‌خنه‌و لێدوانی تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ریان هه‌بووه . هه‌روه‌ها له نێوانی وه‌ڵامه‌کانیشمدا ده‌ستنیشانی ئه‌و میتۆد‌و شێوازه نادروستانه ده‌که‌م که به‌گشتی سیمای نووسینی ئه‌و هاوڕێیه‌می شێواندووه .
ناونیشان و ناوه‌رۆک
ئه‌وه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی تێکڕای نووسینه‌که‌دا سه‌رنجڕاده‌کێشێ ، ئه‌و که‌له‌به‌ره گه‌وره‌یه‌ی نێوان ناونیشان و ناوه‌رۆکی بابه‌ته‌که‌یه . له کاتێکدا ناونیشانه سه‌ره‌کییه‌که‌ی نووسه‌ر " ئاشکراکردنی دیوه شاراوه‌کانی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه " یه ، هه‌ر زوو له نووسینه‌که‌یدا په‌لی بۆ زۆر مه‌سه‌له‌ی دیکه بردووه‌و ، ئه‌م ئامانجه سه‌ره‌کییه‌ی نووسینه‌که‌ی له‌بیرچۆته‌وه‌و ، جگه له چه‌ند خاڵێک که ئاڕاسته‌ی کردووین ، سه‌رتاسه‌ری نووسینه‌که‌ی هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی نه به ناونیشانه‌که‌وه هه‌یه‌و نه به مێژووی ئه‌و ساڵ و چه‌ند مانگه‌ی پڕۆسه‌ی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی - لێنینی خایاندی و دوای ئه‌وه قۆناخێکی دیکه‌ی خه‌باتی ده‌ستیپێکرد .
کاک عارف له‌به‌شی یه‌که‌مدا باسێکی خه‌باتی گه‌لی کوردی کردووه هه‌ر له رووخاندنی کۆماری کوردستانه‌وه له مه‌هاباد تا ساڵی 1970 که کۆمه‌له دامه‌زراوه . ئه‌و مه‌به‌ستی بووه ئه‌و مێژووه به مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌وه ببه‌ستێته‌وه ، به‌ڵام له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتوونه‌بووه چونکه رایه‌ڵێکی تێدانییه ئه‌و په‌یوه‌ندییه پێکه‌وه گرێبدات . له‌و نمایشه‌ی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا که نووسه‌ر نیشانیداوه ، ته‌نها ئه‌و ماوه‌یه ده‌که‌وێته خانه‌ی په‌یوه‌ندی به مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌وه که ده‌که‌وێته نێوان ساڵانی ( 1967 - 1970 ) وه که هه‌لومه‌رجێک ، یان ئاووهه‌وایه‌کی چه‌پانه لق و ناوچه‌ی سلێمانیی پارتی دیموکراتی کوردستان ( م . س ) و خوێندکارانی کوردی زانکۆی به‌غدای گرتبۆوه .
نووسه‌ر که‌ی به‌ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌وه په‌یوه‌ستبووه؟
کاک عارف ده‌ڵێت :" فوئاد قه‌ره‌داغی و فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر دوو براده‌ری نزیکن به من و له نزیکه‌وه یه‌ک ده‌ناسین و پێکه‌وه کارمانکردووه ، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی خودی فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی کۆمه‌ڵه‌دا په‌یوه‌ندی به منه‌وه کرد بۆ چوونه ناو ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه " . لێره‌دا نووسه‌ر کاتی چوونی بۆ نێو ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی به ته‌واوی دیارینه‌کردووه ، ئایا له‌ساڵی یه‌که‌می دامه‌زراندنیدا بووه یان له ساڵه‌کانی دواتردا . هه‌ر لێره‌دا ئه‌و پرسیاره روویتێده‌کات : بۆچی فوئاد قه‌ره‌داغی که ئه‌و کاته ( ساڵی 1970 ) نزیکترین هاوڕێی بوو ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته په‌یوه‌ندی پێوه نه‌کردووه ، وه‌کو زۆر هاوڕێی دیکه‌ی که ئه‌و ساڵه چه‌ند جار له‌به‌غداوه بۆ په‌یوه‌ندیکردن پێیانه‌وه ده‌هاته سلێمانی و سه‌ردانی ده‌کردن ؟
له‌ڕاستیدا دوو یان سێ جار له‌و ساڵه‌دا له‌گه‌ڵ کاک عارفدا بیروڕامان ده‌گۆڕییه‌وه ، باسی ئاسته‌نگیی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و رۆڵی بۆرژوازی کورد‌و فه‌شه‌لی هه‌ردوو باڵی پارتیمان ده‌کرد ، به‌ڵام ئه‌و هێشتا به‌دیلی حزبێک یان رێکخراوێکی نوێی له‌لا گه‌ڵاڵه نه‌بوو بوو . بۆیه رێیتێده‌چێت دوای ده‌رچوونمان له کۆمه‌ڵه ( ئابی 1971 ) هه‌ڵمه‌تێکی په‌یوه‌ندیکردن کرابێت و ئه‌ویش یه‌کێک بووبێت له‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان پێوه‌کردووه‌و به رێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌وه په‌یوه‌ست بووبێت .
کاک عارف ، وه‌ک له هه‌ر پێنج به‌شی وتاره‌که‌یدا ده‌رده‌که‌وێت ، زانیارییه‌کی وردی له‌سه‌ر ئه‌و ماوه‌یه نییه‌و ، پتر له‌باره‌ی ساڵانی دواتر تا راوه‌دوونانی و هه‌ڵاتنی بۆ سوریا نووسیویه‌تی و ، ئه‌و ساڵ و چه‌ند مانگه‌ی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی به‌ژێر ته‌مومژی زانیاری ساڵانی دواتردا کردووه .
شۆڕشی لاوان 1968
کاک عارف ده‌رباره‌ی چه‌مکی " شۆڕشی لاوان " ده‌ڵێت :" به‌بڕوای من ئه‌مه شؤڕشی لاوان نه‌بوو . . . چونکه نه‌یتوانی گۆڕانکاریی له سیستمی سه‌رمایه‌داریدا بکات . ئه‌مه ته‌نیا چالاکی و هه‌ڵچوونێکی چه‌پ بوو بۆ ماوه‌یه‌کی کورت ، وا بزانم شۆڕش مانایه‌کی فراوانتری هه‌یه . " [به‌شی یه‌که‌م ]
سه‌ره‌تا ئه‌وه ناوێک نییه من له‌و بزووتنه‌وانه‌ی ساڵی 1968 م نابێت ، ئه‌وه ناوێکه له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا له‌و کاته‌وه هه‌تا ئێستا به‌کارده‌هێنرێت و بووه‌ته ناسنامه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وانه . به‌ڵگه‌ی نووسه‌ریش بۆ ئه‌وه‌ی به‌شۆڕشی له‌قه‌ڵه‌م نه‌ده‌ین هه‌ڵه‌یه ، چونکه به‌پێی ئه‌و بڕوایه‌ی نووسه‌ر بێت ، سه‌رکه‌وتن و سه‌رنه‌که‌وتن ناسنامه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌ک دیاریده‌کات که ئایا شۆڕشه یان شۆڕش نییه . واته ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وت شۆڕشه‌و ئه‌گه‌ر ژێرکه‌وت شۆڕش نییه ، به‌م پێیه کۆمۆنه‌ی پاریس و شۆڕشی کرێکارانی فه‌ڕه‌نسا له ساڵی 1848 دا‌و شۆڕشی کرێکارانی ئه‌ڵمانیا به‌سه‌رکردایه‌تی سپارتاکۆسییه‌کان دوای شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر و ده‌یان شۆڕشی نیشتمانی و کرێکاری ناچنه خانه‌ی شۆڕشه‌وه .
له‌ڕاستیدا شۆڕش گۆڕانکارییه‌کی ریشه‌ییه له سیستمی سیاسی - ئابووری - کۆمه‌ڵایه‌تی - رۆشنبیریی . . . هتد دا . به مانایه‌کی فراوانتریش شۆڕش گواستنه‌وه‌یه له پێکهاته‌یه‌کی مێژوویی ئابووریی - سیاسییه‌وه بۆ پێکهاته‌یه‌کی دیکه ، وه‌کو گواستنه‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا له سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و حوکمی خانه‌دانه‌کان و ئیکلیڕوسه‌وه بۆ فه‌ڕه‌نسای دیموکراتیی بۆرژوازیی ، ئه‌و وه‌رچه‌رخاندنه‌ی له مێژوودا به‌شؤڕشی بۆرژوازی ده‌ناسرێت ؛ یان گواستنه‌وه‌ی روسیا له حوکمی ئیستیبدادیی تزارییه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تی سۆسیالیستی سۆڤیه‌تی که به شۆڕشی سۆسیالیستی ئۆکتۆبه‌ر ناسرا ، هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ی چین له سیستمی نیمچه کۆلۆنی - نیمچه ده‌ره‌به‌گییه‌وه بۆ سیستمێکی دیموکراتیی میللی که خۆیان ناوی شۆڕشی دیموکراتیی نوێیان لێناوه . ئه‌م پێناسه‌یه بۆ شۆڕش ، هه‌وڵه‌کانی شۆڕش بۆ ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ش ده‌گرێته‌وه جا هه‌وڵه‌که سه‌رکه‌وتوو بێت یان سه‌رکه‌وتوو نبێت .
ئه‌و شۆڕشه‌ی ئه‌و کاته‌و هه‌تا ئێستاش له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا ناوی " شۆڕشی لاوان " ی لێنراوه ، ئامانجی گۆڕانکارییه‌کی ریشه‌یی بوو له جیهاندا . سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپا بووه مه‌یدانی جه‌نگێکی ده‌سته‌ویه‌خه له نێوان خوێندکاران و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا ، دو‌اتریش کرێکاران به بزووتنه‌وه‌که‌ی خوێندکارانه‌وه په‌یوه‌ستبوون ، ئامانجی هه‌مووانیش یاخیبوون له کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری و سه‌رکه‌وتنی سۆسیالیزم بوو . ده‌زگاکانی سیستمی سه‌رمایه به‌ڕاستی که‌وتنه به‌ر مه‌ترسی رووخاندنه‌وه ، له‌وانه سیستمی خێزان پێینایه قۆناغی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و لاوان خێزانه‌کانیان به‌جێده‌هێشت ؛ هه‌روه‌ها یاخیبوونێکی بێوێنه مێژوویی له زانکۆکان و به‌رامبه‌ر به‌رنامه‌کانی خوێندنیان روویدا . زانکۆکان به بونیاد‌و به‌رنامه‌کانیانه‌وه به‌ر هێرشی خوێندکاران که‌وتن ، خوێندن له زانکۆکان‌دا راگیرا . خوێندکاران ده‌ستیان به‌سه‌ر زانکۆکان‌دا گرت و مامۆستایانی سه‌ر به حزب و رێکخراوه چه‌په‌کانیش پشتگیرییانکردن . کرێکاران و خوێندکارانی راپه‌ڕیو سه‌ر به حزب و رێکخراوه ( ماوییه‌کان ، گیڤاریسته‌کان ، ترۆتسکییه‌کان ، ستالینییه‌کان ، چه‌پی نوێ و مارکۆزییه‌کان ، گرووپ و ده‌سته‌ی سه‌ر به ولهلم رایخ و شۆڕشی سێکسی و .. هتد ) بوون . ئه‌م شۆڕشه‌ی لاوان په‌ره‌یسه‌ندوو سیستمی سه‌رمایه‌ی هێنایه له‌رزین به تایبه‌تی له فه‌ڕه‌نسا که ده‌وڵه‌ت بۆ به‌رگرتن له رووخاندنی په‌نای برده به‌ر سوپا‌و تانکه‌کانی دابه‌زانده سه‌ر شه‌قامه‌کان و شۆڕشه‌که‌ی سه‌رکوتکرد ؛ له‌ولاشه‌وه‌و پێشتریش له شۆڕشه‌که‌ی ئه‌وروپا ، ( شۆڕشی گه‌وره‌ی رۆشنبیریی پڕۆلیتاریا) له چین به‌رپابووبوو ، ملیۆنه‌ها لاوی کرێکار‌و جووتیار‌و خوێندکار رۆژانه ده‌ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان و له بست به بستی چیندا لێپرسراوه حکومی و حزبییه گه‌نده‌ڵه‌کانیان داده‌گرته خواره‌وه‌و جه‌ماوه‌ر و پاسه‌وانه سووره‌کان و کۆمیته شۆڕشگێڕییه‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا ده‌گرت . ئه‌و شۆڕشه له‌ژێر سایه‌ی دیکتاتۆرییه‌تی پڕۆلیتاریادا کراو نموونه‌یه‌کی په‌سه‌ندکراوی لاوانی جیهان بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا . له کوردستانیشدا ، ئه‌و شۆڕشه‌ی ساڵی 1968 ی لاوانی ئه‌وروپاو پێشتریش چین ، یه‌کێک له هۆکاره‌کانی وه‌رچه‌رخاندنی گه‌نجانی کورد بوو به‌ره‌و رێبازی چه‌پ به گشتی و ، مارکسیزم - لینینیزم به تایبه‌تی ؛ ئه‌و رێبازه‌ی چاویکردنه‌وه‌و به‌ره به‌ره‌و رۆژ له دوای رۆژ گۆڕانکاریی به‌سه‌ر فیکریاندا ده‌هێنا . ئێمه‌ی گه‌نجانی ئه‌و کاته‌ی نێو ریزه‌کانی پارتی به‌ڕاده‌یه‌ک کاریگه‌ریی ئه‌و شۆڕشه جیهانییه‌مان له‌سه‌ربوو که خۆمان له‌نێو حزبدا به نامۆ ده‌زانی ، تا ئاکام توانیمان بۆ ماوه‌یه‌ک خه‌ونه‌کانمان له کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی - لێنینیدا بهێنینه‌دی .
فاکته‌ره‌کانی بڵاوبوونه‌وه‌ی فیکر‌و رێبازی نوێ
کاک عارف له زۆر شوێنی نووسینه‌که‌یدا " به‌بڕوای من " یان " پێموایه " به‌کارده‌هێنێت که‌ده‌شیت بۆ ده‌ربڕینی رای شه‌خسی له هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی تایبه‌تی و دیاریکراودا به‌کاربهێنرێن ، به‌ڵام میتۆدی لێکۆڵینه‌وه له زۆر بواری زانسته‌کاندا به زانسته مرۆییه‌کانیشه‌وه ، مه‌رجی ( بۆ ) یان هه‌یه‌و به‌بێ مه‌رج سه‌ره‌نجامه‌کان هه‌ڵه ده‌رده‌چن و وه‌رناگیرێن . ده‌بێت تۆژیار له‌به‌ر تیشکی واقیع و زانیاری و لێکدانه‌وه‌ی لۆژیکی و راستییه زانستییه‌کاندا سه‌باره‌ت به‌هه‌ر بابه‌تێک بڕیاری خۆی بدات و قه‌ناعه‌ته‌کانی بونیادبنێت . ئه‌و ده‌ڵێت :" به بڕوای من فاکته‌ری سه‌ره‌کیی بڵاوبوونه‌وه‌ی ماویزم له کوردستانداده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هاتنی گرووپه‌که‌ی سازمانی ئیقیلابی " [به‌شی یه‌که‌م ]
شێوه‌ی ئه‌م بڕوایه له لێکۆڵینه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا ، جگه له‌وه‌ی به پێچه‌وانه‌ی پرنسیپه‌کانی تۆژینه‌وه‌ی ئه‌و زانستانه‌یه ، چونکه هۆکارێک وه‌رده‌گرێت به‌بێ لێکۆڵینه‌وه‌ی هه‌موو فاکته‌ره جیاجیاکان ؛ حوکمێکی خودیانه به‌ره‌نجامی ده‌بێت و ، له‌ڕووی میتۆدیشه‌وه په‌یڕه‌وی میتافیزیک ده‌کات و لێکدانه‌وه‌ی دیالێکتیکی ده‌سڕێته‌وه .
کاک عارف چه‌ند جار‌و له سیی ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه بابه‌تی ( فاکته‌ری ناوه‌وه‌و فاکته‌ری ده‌ره‌وه ) و ( ناکۆکی سه‌ره‌کی و ناکۆکی لاوه‌کی ) له دیالێکتیکدا خوێندووه‌و ده‌بوایه نه‌که‌وێته ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه که فاکته‌رێکی ده‌ره‌کی بۆ گۆڕانکارییه‌کی فیکریی ریشه‌یی له کوردستاندا به بنچینه‌یی دابنێت ؛ هه‌روه‌ها نه‌ده‌بوو رۆڵی ناکۆکیی سه‌ره‌کیی ( سیاسی - رێکخراوه‌یی ) ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی گه‌نجه‌کانی کوردستانی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حزبیی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورددا فه‌رامۆش بکردایه .
له کوردستاندا زه‌مینه‌ی سیاسی ته‌واو له‌باربوو تا کارلێکی کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر گۆڕانکاریی فیکریی لێبڕسکێ ، هه‌روه‌ک ئه‌م زه‌مینه ناوخۆییه فاکته‌ری کاریگه‌رێتی هۆکاره ده‌ره‌کییه‌که بوو که بریتی‌بوو له هاتنی هاوڕێیانی ( سازمان انقلابی حزب توده ) بۆ کوردستان و مانه‌وه‌یان له‌نێوماندا بۆ ماوه‌ی یه‌ک دوو ساڵ ؛ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌و به‌و لۆژیکه ، گۆڕانه چه‌ندایه‌تییه‌کان که‌ڵه‌که‌ده‌بوون و چۆنایه‌تییه‌کی نوێی له‌نێو نه‌وه گه‌نجه‌که‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌هێنایه‌کایه‌وه که بۆ ئێمه‌ی " ده‌روێشانی " سیاسه‌تی شۆڕشگێڕانه له‌و ساڵانه‌دا هه‌وێنی فیکرێکی نوێ بوون .
لێره‌دا نازانم کاک عارف به‌ڵگه‌ی چییه که فاکته‌ره‌کانی ( شه‌هیدبوونی گیڤارا ، شۆڕشی گه‌وره‌ی رۆشنبیریی پڕۆلیتاریا له‌چین ، ناکۆکی سیاسیی سۆڤیه‌ت له‌گه‌ڵ چین و ئه‌لبانیا وه‌ک به‌شێکی سه‌ره‌کی و به‌رچاوی ته‌ییاری دژه ریڤیژنیزمی خرۆچۆڤی ، ناکۆکی مه‌کته‌بی سیاسی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو باڵه‌که‌ی حزبی شیوعی عێراقدا . . . هتد ) ، " هه‌مووی لاوه‌کین و به‌بڕوای ( ئه‌و ) هۆی سه‌ره‌کی نه‌بوون " [ هاوڵاتی ، ژماره ( 428 ، رۆژی 4 ی حوزه‌یرانی 2008 ، به‌شی دووه‌م ]
دیسان ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ دیالێکتیک و به‌بیری کاک عارفی ده‌هێنمه‌وه که فاکته‌ره‌کان ، ناکۆکییه‌کان هه‌میشه له جووڵاندان و به‌بارودۆخی ئابووری ، سیاسی ، کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌وه گرێیانخواردووه . هه‌میشه له‌نێوانیانداو له کات و شوێنێکی دیاریکراودا فاکته‌رێک سه‌ره‌کییه‌و ئه‌وانیدیکه لاوه‌کین ، ناکۆکییه سه‌ره‌کییه‌که‌ش دوو لایه‌ن له خۆیدا کۆده‌کاته‌وه‌و له‌نێویاندا لایه‌نێکیان بنچینه‌یی و بڕیارده‌ره .ئه‌م فاکته‌رانه جێگۆڕکێ ده‌که‌ن و هه‌ر یه‌که‌یان رۆڵی خۆی له کاتی خۆیدا ده‌بینێت . له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و فاکته‌رانه‌ی له‌لیکدانه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه سیاسییه‌دا ریزمکردبوون و زه‌مینه‌ی بۆ دامه‌زراندنی رێکخراوێکی مارکسی لێنینی خۆشکرد ، هه‌ر یه‌که‌یان که‌م و زۆر کاریگه‌رێتییان له‌سه‌رمان به‌مشێوه‌یه هه‌بووه :
•- رێبازی گیڤاریستی ، تیۆریی ناوه‌کیی شۆڕشگێڕانه ( البؤرة الثورية ) ئه‌لف و بێی رووکردنه خه‌باتی چه‌کدارانه‌ی چریکی لێوه‌فێربووین . سه‌رکه‌وتنی گه‌لێکی بچووکی وه‌ک گه‌لی کوبا و چه‌ند چه‌کدارێک به‌سه‌ر دیکتاتۆرێکی وه‌ک پاتێستادا له‌ناو جه‌رگه‌ی ده‌وڵه‌تێکی ئیمپریالیستی وه‌ک ئه‌مریکادا ، ئیلهامی شۆڕشگێڕیی پێده‌به‌خشین . بانگه‌وازی گیڤارا بۆ پیاده‌کردنی چه‌ند ڤێتنامێک دژی ئه‌مریکا مانیفێستێک بوو بۆ هه‌موو گه‌نجه‌کانی جیهان به ئێمه‌ی گه‌نجانی ئه‌م گۆشه له‌بیرکراوه‌ی ئه‌وسای جیهانه‌وه که ناوی کوردستانه .
•- کاریگه‌ریی شۆڕشی گه‌وره‌ی رۆشنبیریی پڕۆلیتاریای چین له‌سه‌ر جیهان ، به تایبه‌تی جیهانی سۆسیالیستی و هه‌ردوو بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی و رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له جیهاندا ، ناتوانرێت نکوولی لێبکرێت . به‌شیک له ئێمه‌ی گه‌نجانی ئه‌و سه‌رده‌مه له ساڵی ( 1965 و 1966 ) وه سۆراخی ئه‌و شۆڕشه‌و ره‌وتی چینییه‌کانمان ده‌کرد ، هه‌ر له گوێگرتن له به‌شی عه‌ره‌بی رادیۆی ( په‌کین ) ه‌وه تا کڕین و موتابه‌عه‌ی گۆڤاری ( بنا‌ء الصین ) و ( الصین المصورة ) و بڵاوکراوه‌کانی ( ناوه‌ندی رۆشنبیریی چین ) له به‌غدا به‌ر له‌وه‌ی هاوڕێیانی ( سازمان انقلابی ) له‌ناوماندا بن.
•- خه‌باتی حزب و رێکخراوه گیڤاریستی و ماوییه‌کان دژی ئیتیجاهی ریڤیژنیستی ( ئۆرۆشیوعی ) که له سێ کوچکه‌ی حزبه شیوعییه‌کانی ( فه‌ڕه‌نسا ، ئیتالیا ، ئیسپانیا ) پێکهاتبوو ، دیسان کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر چه‌سپاندنی فیکری دژه ریڤیژنیستی خرۆچۆڤی هه‌بوو . به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌لبانیاو حزبی کاری ئه‌لبانی فاکته‌رێکی دیکه‌ی قووڵبوونه‌وه‌ی مه‌یلی دژه ریڤیژنیستی سۆڤیه‌ت و لادان به‌لای هێڵی چینییه‌کاندا بوو له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیی جیهانیدا .
•- ناکۆکی نێوان پارتی ( باڵی مه‌کته‌بی سیاسی ) و حزبی شیوعی به هه‌ردوو باڵه‌که‌یه‌وه ، فاکته‌رێکی دیکه بوو بۆ زێتر ره‌تکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ره‌سمیی ئه‌و دوو حزبه که ئه‌و کاته هه‌ردوولایان پابه‌ندی سیاسه‌ته‌کانی سۆڤیه‌ت بوون . ئه‌م فاکته‌ره ورده ورده بیرۆکه‌ی خه‌باتی سه‌ربه‌خۆ له‌و دوو حزبه‌ی ده‌هێنایه گۆڕێ به‌تایبه‌تی دوای توندبوونه‌وه‌ی ناکۆکییه شاراوه‌کانی نێوان مه‌کته‌بی سیاسی و ئیتیجاهه ماویستییه‌که‌ی نێو لق و ناوچه‌ی سلێمانی له ساڵه‌کانی 1968 - 1970 دا .
ئه‌م فاکته‌رانه ، هیچیان لاوه‌کی نه‌بوون . هه‌ر یه‌که‌یان له ماوه‌یه‌کدا فاکته‌ری سه‌ره‌کی بووه و ، له ئه‌نجامی ئاوێته‌بوونی کاریگه‌رێتی و به‌ره‌نجامه‌کانی هه‌موویان ده‌سته‌یه‌ک له نێو ریزه‌کانی پارتی ( م . س ) پێگه‌یشت که رێکخستنێکی نوێ دابمه‌زرێنێ و هه‌نگاو هه‌نگاو خۆی له حزبه ته‌قلیدییه‌که بپچڕێنێت .
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Tuesday, June 17, 2008
ئاڵای ئازادی : له زه‌مین و زه‌مانی ئێستای کوردستانی رزگارکراوماندا ، که حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته ، به‌ڕای جه‌نابتان ئه‌رکی رۆشنبیری راسته‌قینه له‌وه‌دایه که به‌شداری بکا له ده‌سگا جیاجیاکانی ، چونکه حکومه‌ته‌که ئاواتی دێرینی میلله‌ته‌که‌مانه‌و ، هێشتا ساوایه‌و ، دوژمنان و داگیرکه‌رانی وڵاته‌که‌مان به‌گشتی له پیلان سازدانن بۆ سه‌ربڕینی ، یان ئه‌بێ هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌گرانه‌یان هه‌بێ ، چونکه ده‌سه‌ڵات به‌گشتی واتای توندی نواندن وبیروکراسییه‌ت ده‌گه‌یه‌نێ ، به‌تایبه‌تی له وڵاتێکی دواکه‌وتو وه‌کو وڵاته‌که‌ی خۆمان ؟
قه‌ره‌داغی : هه‌ڵوێستی راست و دروست له‌سه‌ر بنچینه‌ی سۆز وه‌رناگیرێت .ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێسته‌کان پشت به کاریگه‌رێتی سۆز ببه‌ستن ، ساردبوونه‌وه‌و که‌مته‌رخه‌مبوون ئاکامیان ده‌بێت . بۆیه ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندنی باری ئێستای ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له کوردستاندا له‌سه‌ر بنچینه‌ی شیکردنه‌وه‌ی واقیع بێت نه‌ک به‌و پێیه‌ی که ده‌ڵێن : " حکومه‌ته‌که ئاواتی دێرینه ... هێشتا ساوایه ... سه‌ربڕینی سازده‌ده‌ن ... هتد " چونکه ئه‌م به‌هانانه‌ی له سۆزه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن ، یه‌ک هه‌نگاو به‌رپێمان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنێکی راست رۆشنناکه‌نه‌وه . له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت شیکردنه‌وه‌یه‌کی بابه‌تییانه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له کایه‌دا بێت و له‌به‌ر تیشکی ئه‌وه‌دا هه‌ڵوێستی لێوه‌ربگیرێت . ئه‌م شیکردنه‌وه‌یه هه‌ندێ راستی له‌به‌رچاو ده‌گرێت ، وه‌کو :-
1 ) ته‌نها به‌شێکی باشووری کوردستان له داموده‌زگاکانی سه‌رکوتی رژێم پاککراوه‌ته‌وه‌و وجودی عه‌سکه‌ری و ئیداریی رژێمی تێدانه‌ماوه .
2 ) کوردستان وڵاتێکی وێرانه‌یه‌و ژێرخانی ئابووری هه‌ڵته‌کاوه‌و سه‌رخانی کۆمه‌ڵایه‌تیشی هه‌ره‌سێکی گه‌وره‌ی تێدایه .
3 ) گرانی و هه‌ژاری و برسێتی و دزی و راووڕووت وبازاڕی ره‌ش و نه‌بوونی ئاسایش باڵی ره‌شیان به‌سه‌ر کوردستاندا کێشاوه‌و حکومه‌تی هه‌رێم تا هه‌نووکه له‌ئاستیاندا ده‌سته‌وسانه .
4 ) باری سیاسی و عه‌سکه‌ری به‌هۆی گرێخواردنیان به چه‌کوشه ئاماده‌که‌ی هاوپه‌یمانه‌کان له‌نگه‌رێکیان بۆ خۆیان گرتووه‌و کێشه‌کانی گه‌لی کورد هه‌روا به هه‌ڵپه‌سێردراوی ماوه‌ته‌وه .
5 ) له ئاستی په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێمدا ، واته له ئاستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و یاساییدا ، جه‌ماوه‌ری گه‌لی کورد کاریگه‌رێتییه‌کی نییه‌و بواری ده‌سه‌ڵاتدارێتی راسته‌وخۆی نه‌دراوه‌تێ و به‌و پێیه ئاستی دیمو‌کراسی بۆ راده‌ی ده‌سه‌ڵاتی دوو حزب به‌رته‌سککراوه‌ته‌وه ؛ ئه‌مه‌ش کارێکی ئه‌وتۆی کردووه که جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان ده‌ستپێشکه‌ری و هه‌ڵسووڕانیان بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی کێشه نه‌ته‌وایه‌تییه‌که‌یان تا ئاستێکی نزم دابه‌زێت .
6 ) ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه له هه‌ندێ ده‌زگای باڵا بترازێ به‌ده‌ستی پیاوانی رژێمه‌وه‌یه‌و پاکسازی خه‌ریکه ده‌بێته مایه‌ی لاقرتێ و گاڵته‌جاڕی ، له‌ولاشه‌وه چاوی گورگه‌که‌ی له‌مه‌ڕ گیسکه‌که‌ی هه‌یاسی خاس زیته‌یان دێت و هێشتا مه‌ترسی جه‌نگ و کوشتارو کیمیاباران و ئه‌نفال و ره‌وو قڕکردنی جه‌سته‌یی و سڕینه‌وه‌ی بوونی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد به‌رۆکی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کوردستانیان به‌رنه‌داوه .
ئه‌م راستییانه له ئاستی عێراق و کوردستاندا دوژمنی سه‌ره‌کی گه‌لی کورد دیاریده‌که‌ن ، ئه‌ویش رژێمی فه‌رمانڕه‌وای به‌غدایه . بۆیه لووله‌ی تفه‌نگه‌کان و هاندانی سیاسی و زمان و قه‌ڵه‌می تیژی گشت چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و حزب و رێکخراوه سیاسییه‌کانی نوێنه‌ریان ، ده‌بێت ئاڕاسته‌ی ئه‌م دوژمنه سه‌ره‌کییه بکرێت .
به‌یه‌کچاو سه‌یرکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئیمڕۆی کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی به‌عس هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه . حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ، ئه‌گه‌رچی حکومه‌تی چینی بۆرژوازی کورده ، به‌ڵام له‌ڕووی مێژووییه‌وه رۆڵێکی له‌پێشترو پێشکه‌وتووانه‌تری هه‌یه له‌چاو حکومه‌تی بۆرژوا ناسیۆنالیستی شۆڤێنی عه‌ره‌ب له به‌غدا . ئه‌م حکومه‌ته‌ی دواییان ( حکومه‌تی سه‌رمایه‌داریی به‌عس ) رۆڵێکی کۆنه‌په‌رستانه له‌ڕه‌وتی مێژووی عێراق و ناوچه‌که‌دا ده‌بینێت ، له‌به‌رئه‌وه نابێت ده‌سه‌ڵاتێکی بۆرژوازیی نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌لێکی ژێرده‌ست و ، تا راده‌یه‌ک لیبرالی ، له‌تای ته‌رازوویه‌کدا به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی فاشستی و شۆڤێنیی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست رابگیرێت . بۆیه ئه‌رکی هه‌موو چین و توێژه‌کانه - نه‌ک هه‌ر رۆشنبیران - له به‌ره‌ی دژی رژێمدا بن و توانایان له خزمه‌تی ئه‌م هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه‌دا بێت . له‌سه‌رێکی دیکه‌وه هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌گرانه‌یان و چاوی تیژی ره‌خنه‌یان ئاڕاسته‌ی که‌موکووڕیی وه‌زعه سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که بکه‌ن و ، له پێناوی ئازادی بێ قه‌یدوشه‌رتی سیاسی و ، پراکتیکی ته‌واوی دیمو‌کراسی و، دیموکراتیزه‌کردنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستان خه‌بات بکه‌ن و ، داواکاری ده‌سه‌ڵاتی راسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان بن له به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری خۆیان و پراکتیکی ئه‌و مافانه‌دا که خۆیان بۆی راپه‌ڕین .
( کۆتاییهات )
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Monday, June 16, 2008
ئاڵای ئازادی : له‌بارودۆخی ئێستای کوردستانی رزگارکراوماندا ، پاش وێرانکردنی ژێرخانێکی وێرانکراودا ، له وه‌زعێکی سیاسی هه‌ڵپه‌سێردراودا ، ئایا چه‌مکی چه‌پ چ چین و توێژێک ده‌گرێته‌وه‌و ، ئه‌رکی هه‌نووکه‌یی چه‌په‌کان چییه؟
قه‌ره‌داغی : سه‌باره‌ت به‌به‌شی یه‌که‌می پرسیاره‌که : دیاره هه‌ر چین و توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ئاستی بارودۆخه جیاجیاکاندا وه‌ڵامی جیاجیان ده‌بێت . حزب و رێکخراوه سیاسییه‌کان وه‌ک نوێنه‌ری ئه‌و چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییانه به‌رنامه‌ی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و ... هتد تایبه‌تی خۆیان بۆ هه‌ر بارودۆخێک ده‌بێت . له‌به‌ر تیشکی ئه‌م راستییه‌دا ، حزب و رێکخراوه‌کانی گۆڕه‌پانی سیاسی له کوردستاندا - به جیاوازی پێکهاته‌ی چینایه‌تییانه‌وه - به‌رنامه‌ی دوور‌و نزیکیان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان پێویسته . هه‌ڵبه‌ت وه‌زعی سیاسی هه‌ڵپه‌سێردراوی عێراق و کوردستان فاکته‌رێکی گرنگی چۆنیه‌تی داڕشتنی ئه‌و به‌رنامانه ده‌بێت . به‌ڵام چ ئه‌م فاکته‌ره‌و چ ژێرخانی وێران‌کراو شوناسنامه‌ی چه‌پ دیاری ناکه‌ن . تێکه‌ڵکرنی ئه‌و دوو فاکته‌ره ، له‌دواشیکردنه‌وه‌دا ، ره‌تکردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی چه‌پی سۆسیالیستی لێده‌ڕسکێ و پاساوی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی بۆرژوازی پێده‌درێته‌وه .
چه‌پ ، نه‌چینه‌و نه توێژاڵی چینێکه . به‌کارهێنانی زاراوه‌که له سیاسه‌تدا به‌م شێوه‌یه ، مایه‌ی سه‌رلێشێوان و چه‌واشه‌ییه .
چه‌پ ، مه‌یلێکی گشتییه به‌ره‌و گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تیی کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و پێشه‌وه ، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی چینه زه‌حمه‌تکێشه‌کان . ئه‌م شه‌قڵه گشتییه‌ی زاراوه‌ی چه‌پ ، دوو روانگه‌ی جیاوازی له هه‌ناویدا حه‌شارداوه : یه‌که‌میان خستنه‌ڕووی به‌رنامه‌ی گۆڕانکارییه به‌ناوی ئه‌و چینانه‌ی لێی به‌هره‌مه‌ندن ، ئه‌ویدیکه‌شیان به‌رنامه‌ی خودی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانه بۆ گۆڕانکاریی ریشه‌یی کۆمه‌ڵگا ؛ به‌واته‌یه‌کی دیکه ، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ زانستییانه ناسنامه‌ی چه‌پ بناسین ، پێویسته سنووری چینایه‌تی نێوان ئه‌و دوو روانگه‌یه‌ی سه‌ره‌وه دیاریبکه‌ین . به‌مه‌ش دوو چه‌پ ، دوو مه‌یلی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینین ئه‌وانه‌یش : چه‌پی کرێکاری و چه‌پی ورده‌بۆرژوازییه ، ئه‌ویان دیدێکی سۆسیالیستی و ئه‌میان دیدێکی ناسیۆنالیستیی رادیکالی هه‌یه .
له ئاستی جیهانی ئیمڕۆو بارودۆخی عێراق و کوردستاندا ، ئه‌م دوو مه‌یله‌ی چه‌پ به‌رنامه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆیان هه‌یه . ئه‌م به‌رنامانه به‌پێی دیدگا‌و بیروبۆچوونی جیاواز داڕێژراون یان داده‌ڕێژرێن . له‌م به‌رنامانه‌دا ستراتیژ‌و تاکتیکی سیاسی دیاریده‌کرێن . ئه‌م دوو چه‌په له‌ڕووی ستراتیژه‌وه له‌سه‌ر دوو هێڵی پێچه‌وانه‌ن و به یه‌کتری ناگه‌ن ؛ به‌ڵام له بواری ئه‌رکه هه‌نووکه‌ییه‌کاندا ، له نێوان به‌رنامه‌ی گۆڕانکاریی دیموکراتی و لانیکه‌م ، خاڵی ناوکۆیی له نێوانیاندا دێته‌گۆڕێ و توانای به‌یه‌کتری گه‌یشتنیان ده‌بێت .
له‌بارودۆخی ئیمڕۆی کوردستاندا ، پێکهێنانی به‌ره‌ی یه‌کگرتووی چه‌په‌کان پڕۆژه‌یه‌کی شیاوی کاری سیاسییه بۆ هه‌ردوو باڵی چه‌پ له‌سه‌ر بنه‌مای په‌سه‌ندکردنی به‌رنامه‌یه‌کی هاوبه‌شی لانیکه‌م بۆ ته‌واوی ئه‌و قۆناغه‌ی ده‌ستیپێکردووه‌و هه‌تا رووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس پێیدا راده‌بوورین .
ئاڵای ئازادی : بۆ داڕشتنی تیۆرێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمانی ره‌سه‌ن و زانستی ، ده‌کرێ رێبازی مارکس و ، رۆڵی فاکته‌ری ئابووری وه‌کو کۆڵه‌که " standard " به‌کاربهێنرێت و ، سوود وه‌ربگیرێت له رۆڵی فاکته‌ری غه‌ریزه‌ی سێکس ، وه‌کو فاکته‌رێکی ده‌روونی ، که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قوتابخانه‌ی ده‌روون شیته‌ڵ - ی فرۆید ، فاکته‌ری ئازادی تاکه‌که‌س ، که ناوه‌رۆکی فیکری وجودی پێکدێنێ ... به پێویستمان زانی بزانین کاک فوئاد چۆن هه‌وڵێکی ئاوها هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ؟
قه‌ره‌داغی : له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره گه‌لێک لقی لێده‌بێته‌وه‌و شیته‌ڵکردنه‌وه‌ی هه‌ریه‌کێکیان کاتێکی زۆر‌و نووسینێکی زۆری ده‌وێت که به‌م ده‌موده‌سته ئاماده‌نابێت ، به چه‌ند خاڵێکی کورت بیروبۆچوونه‌کانم روونده‌که‌مه‌وه .
1 ) سه‌ره‌تا هه‌وڵدانێکی وه‌ها ، به سه‌رلێشێواوییه‌کی فیکری و نیشانه‌ی هه‌بوونی که‌له‌به‌رێکی سیاسیی گه‌وره داده‌نێم . کارێکی وه‌ها له سنووری هه‌وڵدانێکی رۆشنبیرانه‌ی فه‌ردییانه‌ی ورده‌بۆرژوازیی نا‌ئومێد تێناپه‌ڕێ و ، وه‌ک پێشینه‌کانی له فیکری دنیای سه‌رمایه‌داریدا ، بێ‌ئاکام ده‌مێنێته‌وه .
2 ) ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست تیۆرییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمانیی ره‌سه‌ن و زانستی بێت ! من ده‌پرسم و ده‌ڵێم : ئایا تیۆرییه‌ک پێوه‌ره‌که‌ی رێبازی مارکسی بێت و سوود له فرۆیدیزم وه‌ربگرێت و فیکری وجودی تێیدا بنه‌مای ئازادی تاکه‌که‌س بێت ، ده‌توانێت نیشتمانی بێت ؟ ئایا ره‌سه‌نێتی تێدا ده‌بێت ؟ ده‌کرێ ئه‌م هه‌ڵبژارده‌کارییه ( الإنتقائية ) زانستی بێت ؟
3 ) مه‌به‌ست له تیۆری نیشتمانی چییه ؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه بێت تایبه‌تمه‌ندیی نه‌ته‌وایه‌تی له سنووری نیشتمانی نه‌ته‌وه‌دا پێکبهێنێ ، ئه‌وا سیستمی سه‌رمایه‌داری له جیهاندا بواری قه‌تیسبوونی فیکریی مرۆڤی له چواردیواری نیشتمانه‌که‌یدا نه‌هێشتۆته‌وه ؛ به‌ڵام ده‌شێت تیۆرییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و زانستیی جیهانی به‌شێوه‌یه‌کی داهێنه‌رانه په‌یڕه‌وبکرێت و ببێته هێزێکی ماته‌ری زیندوو له سنووری نیشتمانێکی دیاریکراودا .
4 ) تیۆریی کۆمه‌ڵایه‌تی ره‌سه‌ن چیده‌گه‌یه‌نێ ؟ ره‌سه‌نایه‌تی به که‌له‌پووری تیۆری و رۆشنبیرییه‌وه په‌یوه‌سته . لێره‌دا راده‌ی توانایی که‌له‌پووری تیۆری پێشینان - گریمان گه‌ر ئه‌و تیۆرییه‌شمان هه‌بێت - چییه له‌چاو سامانێکی تیۆری ئێجگار ده‌وڵه‌مه‌ند که له ئاستی جیهانیدا هه‌یه ؟ پاشان ئه‌گه‌ر توانای بیناکردنی چه‌مکێکی تیۆری له بواری ژیاندا بڕه‌خسێ ، تا چ راده‌یه‌ک له کاریگه‌رێتی ئه‌ملاو ئه‌و‌لا به‌دوورده‌بێت و ، چه‌ند ده‌توانێ له‌به‌ر شاڵاوی په‌یتا په‌یتای تیۆری جۆراوجۆری جیهانیدا خۆیڕابگرێ ؟ له جیهانی ئیمڕۆدا ئاسۆی پێکهێنانی تیۆرییه‌کی " نیشتمانی " و " ره‌سه‌ن " و " زانستی " ی سه‌ربه‌خۆ له سنووری کوردستاندا نابینم و ، ئه‌م هه‌وڵدانه مۆرکی خۆشخه‌یاڵی به دیداریه‌وه دیاره .
5 ) کاتێک باس له فاکته‌ری ئابووری ( ژێرخانی ئابووری ) وه‌کو کۆڵه‌که یان پێوانه ده‌کرێ ، نابێت ( سه‌رخان ) ی لێجیابکرێته‌وه ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رخانی فه‌لسه‌فی و رۆشنبیری و حقوقی و ... هتد له‌سه‌ر ژێرخانه ئابوورییه‌که راده‌وه‌ستێت و ، ئه‌م چۆنایه‌تییان دیاریده‌کات . بۆیه فاکته‌ری سێکسی فرۆیدی و ئازادیی فه‌ردیی وجودییه‌ت راسته‌ڕاست ئاوه‌ژووی ئامانجێکه مارکس تیۆریی ئابووری له‌پێناودا داناوه‌و هه‌رگیز مارکسیزم و فرۆیدیزم ئاوێته‌ی یه‌کتری نابن .
6 ) کرداری سێکس سروشتیترین په‌یوه‌ندی نێوان ئافره‌ت و پیاوه . له‌سایه‌ی کۆمه‌ڵگا چینایه‌تییه‌کان و خاوه‌ندارێتی تایبه‌تیدا ئه‌م سروشتیبوونه‌ی له‌ده‌ستداوه . خودی فرۆیدیزم هه‌وڵدانێکی ئایدیالیستییه له‌م بواره‌داو مه‌سه‌له‌که‌ی شێواندووه‌و ته‌نها بوعدێکی سێکسی به مرۆڤ داوه . له‌به‌ر ئه‌وه کاتێک شێوه سروشتییه‌که بۆ سێکس ده‌گه‌ڕێته‌وه که خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی نه‌مێنێت و کۆمه‌ڵگای بێ چین و چه‌وساندنه‌وه ، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی کردبێته کارێکی ته‌واو تایبه‌تیی ژنان و پیاوانی ئازاد .
7 ) ئازادی تاکه‌که‌س چ له فیکری وجودیداو چ له فیکر‌و فه‌لسه‌فه‌و تیۆری و پراکتیکی کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریدا درۆیه‌کی زه‌قی بێ په‌شته‌ماڵه‌و له سنووری ئازادیی حقوقی تێپه‌ڕناکات . له هیچ بوارێکی ژیانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا تاکه‌که‌س له کارکردی گیرفان و کیسه‌ی سه‌رمایه‌داری ئازاد نییه . ژیانی تاکه‌که‌س به چه‌ندین رایه‌ڵی ئاڵۆز به قاسه‌ی که‌ڵه‌که‌بووی سه‌رمایه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه . ئه‌م په‌یوه‌ندییه له هه‌ندێ بواردا رووت و قووت به‌به‌رچاوه‌وه‌یه‌و له هه‌ندێ بواری دیکه‌دا شاراوه‌یه . ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی په‌یوه‌ندی تاکه‌که‌س و پوول له‌سیستمی سه‌رمایه‌داریدا به‌رده‌وام ده‌بێت و شێوه‌ی نوێ و هاوچه‌رخانه‌تر له‌گه‌ڵ نوێبوونه‌وه‌و خۆرێکخستنه‌وه‌ی سیستمه‌که‌دا به‌خۆیه‌وه‌ده‌گرێت . بۆیه ئازادی تاکه‌که‌س نه به فیکری وجودی و نه به هیچ فیکرێکی دیکه‌ی بۆرژوازی دابین ناکرێت . ئه‌و ئازادییه ته‌نها به ئازادی کاری کرێگرته‌و نه‌هێشتنی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و بنیادنانی کۆمه‌ڵگای په‌ره‌سه‌ندووی سۆسیالیزم دێته‌دی .
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Sunday, June 15, 2008
ئاڵای ئازادی : سه‌باره‌ت به مارکسییه‌ت ، سارته‌ر ده‌ڵێت : تا ململانێی چینایه‌تی " الصراع الطبقي " وه‌کو کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بمێنێ ، مارکسییه‌ت وه‌کو تیۆری سه‌رده‌م ده‌مێنێ .. عطیة مسوح - یش ده‌ڵێت : مارکسییه‌ت تیۆر نییه ، به‌ڵکو رێبازه ، چونکه تیۆر نه‌گۆڕه‌و ، گه‌شه پێی نادرێت و ، ئه‌گه‌ر ناوه‌رۆکی خۆیشی له‌ده‌ست بدات و ، هاوده‌نگ نه‌بێت له‌گه‌ڵ واقیعه‌که‌دا ، ئه‌وا تیۆرێکی تر جێی ده‌گرێت و ، ره‌تیده‌کاته‌وه ... مارکس‌یش به پشت به‌ستن به رێبازه‌که ، تیۆری " زێده‌بایی " و " دیکتاتۆریای پڕۆلیتاری " داڕشت ... پێمان خۆشه بزانین کاک فوئاد قه‌ره‌داغی چی ده‌ڵێت ده‌رباره‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ؟
قه‌ره‌داغی : ئه‌گه‌ر له وه‌رگێڕاندا ئه‌م قسه‌یه‌ی سارته‌ر به هه‌ڵه نه‌هێنرابێت ، ئه‌وا له دوو جه‌مسه‌ره‌وه گوته‌که‌ی هه‌ڵه‌یه‌و ده‌بێت راستبکرێته‌وه . له‌لایه‌ک خه‌باتی چینایه‌تی وه‌ک کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خاته‌ڕوو نه‌ک وه‌ک واقیعێکی بابه‌تی کۆمه‌ڵگا فره‌چینه‌کان که له خودی کێشه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ره‌نگده‌داته‌وه ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌م ململانێیه رسکاوی دابه‌شبوونی کار‌و سه‌رهه‌ڵدانی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تییه . واته مه‌سه‌له‌که رێک به پێچه‌وانه‌وه ده‌که‌وێته‌وه چونکه خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی ماکی پێکهاتنی چینه‌کان و ، بوونی چینایه‌تیش - سه‌باره‌ت به شوێنی جیاجیان له پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا - ماکی کێشه‌و ململانێیه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه ، نه‌ک وه‌ک ئه‌و بۆچوونه‌ی سارته‌ر که عه‌ره‌بانه‌که‌ی له‌به‌رده‌می ئه‌سپه‌کاندا داناوه له بری ئه‌وه‌ی ئه‌سپه‌کان له‌به‌رده‌م عه‌ره‌بانه‌که‌دا دابنێ !
جه‌مسه‌ری دووه‌می هه‌ڵه‌ی ئه‌و داڕشتنه له فه‌رامۆشکردنی ئه‌و راستییه‌دایه که خه‌باتی چینایه‌تی به هه‌زاران ساڵ به‌ر له بوونی مارکس هه‌بووه‌و ، دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م واقیعه‌ی مێژوو داهێنانی مارکس نییه . ئه‌وه‌ی مارکس له‌م بواره‌دا سه‌لماندی ئه‌وه‌بوو که خه‌باتی چینایه‌تی بزوێنه‌ری جووڵانه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندن و چوونه‌پێشه‌وه‌ی مێژووه‌و ، ئه‌و راستییه‌ی ده‌رخست که مێژووی کۆمه‌ڵگا مێژووی ململانێی چینایه‌تییه .
ئه‌و به‌شه‌ی له رایه‌که‌ی سارته‌ردا راستیی پێکاوه ئه‌وه‌یه که ده‌ڵێت مارکسیزم وه‌ک تیۆری سه‌رده‌م به زیندوێتی ده‌مێنێته‌وه ، هه‌رچه‌نده زاراوه‌ی سه‌رده‌م زاراوه‌یه‌کی زانستی نییه‌و سنووره چینایه‌تییه‌کانی ئه‌م جیهانه تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ ده‌کات . مارکسیزم تیۆری بزووتنه‌وه‌یه‌که له هه‌ناوی سیستمی سه‌رمایه‌داریدا ، سه‌باره‌ت به ناکۆکییه‌کانی خودی ئه‌م سیستمه ، هه‌یه . له هه‌ناوی ئه‌م سیستمه‌دا ، وێڕای گه‌لێک ناکۆکی جیاجیا ، یه‌ک ناکۆکی سه‌ره‌کی هه‌یه ئه‌ویش ناکۆکیی کار‌و سه‌رمایه‌یه . ئه‌م ناکۆکییه دوو چینی دژ به یه‌کتری و پێکه‌وه گرێخواردوو ، دوو جه‌مسه‌ری پێکده‌هێنن . ئه‌م دوو چینه بۆرژوازی و پڕۆلیتاریان . مارکسیزم تیۆری و ئاڵای ئه‌و بزووتنه‌وه واقیعی وبابه‌تییه‌ی پڕۆلیتاریایه‌و تا سه‌ره‌نگرێکردنی سه‌رمایه‌داری و دامه‌زراندنی ئه‌ڵته‌رناتیڤی مێژوویی خۆی ، واته سۆسیالیزم له سه‌رانسه‌ری جیهاندا ، وه‌ک تیۆری پێشڕه‌و ده‌ژی و مه‌رگ زه‌فه‌ری پێنابات . له‌به‌ر ئه‌وه چوارچێوه دانان بۆ مارکسیزم و کردنی به تیۆری یه‌ک " سه‌رده‌م " به‌و مانایه‌ی که هاتووه راست نییه ، چونکه ئه‌م تیۆرییه به‌رپه‌رچدانه‌وه‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌رتاپاگیری قووڵ بۆ سیستمی سه‌رمایه‌داری ئاڕاسته‌ده‌کات . هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه سنووری توانای ئه‌م تیۆرییه له‌سه‌رده‌می ئه‌م کۆتاییه‌ی چه‌رخی بیسته‌م تێده‌په‌ڕێ به‌ره‌و سه‌رده‌مێکی داهاتووش که سه‌رمایه‌داری تێیدا باڵاده‌ست بێت .
ده‌شێت قسه‌که‌ی سارته‌ر ته‌نها به‌م لێکدانه‌وه‌یه تێبگه‌ین ئه‌ویش جه‌ختکردنه‌وه‌ی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه که مارکسیزم تیۆرییه‌کی مێژوویی وئاڵای خه‌باتی چینایه‌تی پڕۆلیتاریایه له پێناوی بنبڕکردن و هه‌ڵته‌کاندنی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و کاری کرێگرته‌و زێده‌بایی و که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه ، واته هه‌ڵته‌کاندن و سپاردنیان به مۆزه‌خانه‌ی مێژوو .
یاریکردن به وشه‌و زاراوه فیکری و سیاسییه‌کان ، یه‌کێکه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی نووسه‌رانی بۆرژوا . ئه‌وان هه‌میشه و بۆ هه‌ر سات و کاتێک ، له هه‌گبه‌ی چه‌واشه‌کردندا ورده جیاوازییه‌کی نێو زاراوه‌کان قه‌به‌ده‌که‌ن و ناڕۆشنیی بیروبۆچوونیان به‌سه‌ر وشه‌کاندا ساخده‌که‌نه‌وه ؛ ده‌نا تیۆر‌و رێباز دوو ئه‌ڵقه‌ن پێکه‌وه تێهه‌ڵکێشن . ئه‌گه‌ر تیۆری رێسا‌و بنه‌ماو پرنسیپی لێکدانه‌وه‌و شیکردنه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌ک ، واقیعێک ، دیارده‌یه‌ک بێت ، ئه‌وا پڕۆسێسی کرده‌وه‌یی و کارکردی تیۆرییه‌که له یه‌کێک له بواره‌کانی ژیاندا رێباز پێکده‌هێنێت . له دیدگای مارکسیزمه‌وه هه‌موو دیارده ماته‌ری و ئایدیاییه‌کان ، به مارکسیزم خۆشیه‌وه ، له جووڵه‌دان و راوه‌ستانیان بۆ نییه ؛ بۆیه هه‌ر هه‌موویان له په‌ره‌سه‌ندندان . مارکسیزم بۆ خۆی میراتگرو په‌ره‌پێدانی فه‌لسه‌فه‌ی کلاسیکی ئه‌ڵه‌مانی و ئابووریی سیاسی ئینگلیزی و سۆسیالیزمی فه‌ڕه‌نسه‌یی بوو ، له زه‌مینه‌ی واقیعه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه‌و ، ئیمڕۆش ئه‌و واقیعه به شێوه‌یه‌کی په‌ره‌سه‌ندووتر به‌رده‌وامه‌و ، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه دانه‌ماوه‌و ، تا ئێستا هیچ تیۆرییه‌کی دیکه له‌م جیهانه‌دا جێێ پێلێژنه‌کردووه .
زێده‌بایی جه‌وهه‌ری تیۆری ئابووریی مارکسه . له دیدگای مارکسیزمه‌وه زێده‌بایی به‌ره‌نجامی کاری کرێگرته‌یه‌و سه‌رچاوه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌و که‌ڵه‌که‌کردنی سه‌رمایه‌یه . هێزی کار له‌سایه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داریدا ده‌بێته کاڵاو ئاڵوگۆڕده‌کرێت . کرێکاران به‌های راسته‌قینه‌ی هێزی کاریان وه‌رناگرن و به‌شیکی لێده‌بێته‌وه پوولی مفت و ده‌چێته گیرفانی سه‌رمایه‌دارانه‌وه . ئه‌و به‌شه به زێده‌بایی ناوده‌برێت . ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌ی به‌ر له سه‌د ساڵی مارکس تا ئێستا راستیی خۆی سه‌لماندووه‌و واقیعێکه به‌به‌رچاوانه‌وه . ئیمڕۆ زێده‌بایی له ئاستێکی جیهانیدا که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه بۆ مۆنۆپۆله جیهانییه فره‌ناسنامه‌کان پێکده‌هێنێت . پێشکه‌وتنی زانست و ته‌کنه‌لۆژیا زێده‌بایی پترکردووه‌و چه‌ندجاره که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه‌ی به‌ره‌و سه‌رووتر بردووه ؛ هه‌تا زانست و ته‌کنه‌لۆژیاش زیاتر گه‌شه‌بکه‌ن و ، سه‌رمایه‌داری جیهانیتربێته‌وه‌و باڵاده‌ست بێت ، پڕۆسه‌ی که‌ڵه‌که‌ی سه‌رمایه هه‌ر له بره‌ودا ده‌بێت .
چه‌مکی دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا ( استقراء ) ێکی مێژووی خه‌باتی چینایه‌تییه ، به‌ره‌نجامی ناسینی سروشتی چینایه‌تی ده‌وڵه‌ته . مارکس به‌م چه‌مکه پێناسه‌ی سروشتی ده‌وڵه‌تی ئه‌و قۆناغه‌ی گواستنه‌وه ده‌کات که ده‌که‌وێته نێوان سیستمی سه‌رمایه‌داری و کۆمه‌ڵگای کۆمۆنیزمه‌وه . بێ ئه‌م شێوه " ده‌وڵه‌ته " سۆسیالیزم سه‌قامگیرنابێت و به‌ره‌و قۆناغێکی باڵاتر نه‌ک هه‌ر هه‌نگاو نانێت به‌ڵکو شکستده‌هێنێت و به‌ره‌و سه‌رمایه‌داری ده‌گه‌ڕێته‌وه .
له دیدگای مارکسیزمه‌وه هه‌موو ده‌وڵه‌تێک ( دیکتاتۆری و دیموکراتی ) له‌خۆیدا کۆده‌کاته‌وه . هه‌موو ده‌وڵه‌تێک دیموکراتییه بۆ چینێک و دیکتاتۆرییه بۆ چینێک یان چه‌ند چینێکی دیکه ، ته‌نانه‌ت دیموکراتیترین ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داری که پلورالیزم رێڕه‌وی بێت له‌م حه‌قیقه‌ته به‌ده‌ر نییه .
ده‌وڵه‌ت له جیهانی ئیمڕۆدا ، له ناوه‌رۆکی چینایه‌تی خۆیدا ، یان دیکتاتۆریی بۆرژوازی ده‌بێت یان دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا ، ئیتر چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری ( پێشکه‌وتوو و دواکه‌وتوویان ) چ ناوێک بۆ ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن ، ئازادن و ئه‌و نازناولێنانه په‌یوه‌ندی به جه‌وهه‌ری ده‌وڵه‌ته‌که‌یانه‌وه نییه .
رۆژنامه‌ی ( ئاڵای ئازادی ) ژماره ( 72 ) به‌رواری 9 ی ئایاری 1993
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Saturday, June 14, 2008
یه‌کێک له‌و پرسیارانه‌ی خوێنه‌رێکی گۆڤاری ( دواڕۆژ ) ئاڕاسته‌یکردووین ئه‌م پرسیاره‌یه : " بۆچی کۆمۆنیسته‌کان دروشمی ( کرێکارانی جیهان یه‌کگرن ) هه‌ڵده‌گرن ؟ بۆچی له‌جیاتی ئه‌وه دروشمی ( کرێکارانی کوردستان یه‌کگرن ) هه‌ڵناگرن ؟ "
له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا ده‌ڵێین : ئه‌گه‌رچی شێوه‌ی پرسیاره‌که یه‌کسه‌ر ناسنامه‌ی ئایدیۆلۆژیی خاوه‌نه‌که‌ی وه‌ک که‌سێکی نه‌ته‌وه‌یی ده‌خاته‌ڕوو ، به‌ڵام بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌مومژه ئایدیۆلۆژییه‌ی به‌ر بینایی چه‌پی نه‌ته‌وه‌یی ده‌گرێت و ئاسۆی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی راستی لێده‌شێوێنێ ، به‌پێویستی ده‌زانین بنه‌مای ئه‌م دروشمه باس بکه‌ین وگونجاوییه‌که‌ی بۆ بزووتنه‌وه‌ی چینی کرێکار بسه‌لمێنین .
به‌پێی پرنسیپی مارکسییه‌کان ، ده‌بێت بۆ داڕشتنی هه‌ر دروشمێک ، شیکردنه‌وه‌یه‌کی ئابووری - سیاسیی ورد بۆ واقیعه‌که بکرێت ، بۆ ئه‌وه‌ی دروشمه‌که راست بێت و بۆ ئه‌و واقیعه گونجاوبێت . ده‌بێت ناوه‌رۆکی سیاسی دروشم ئامانجه‌کان ده‌رببڕێت ، ئه‌و ئامانجانه‌ی بۆ قۆناغێکی مێژوویی ، له‌پێناویاندا خه‌بات ده‌کرێت .
له‌ڕاستیدا ئه‌م دروشمه ، دروشمی بزووتنه‌وه‌ی چینایه‌تی پڕۆلیتاریایه ، دروشمێکه هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌م نه‌ته‌وه‌و ئه‌و نه‌ته‌وه‌و ، ئه‌م گه‌ل و ئه‌و گه‌له‌وه نییه . بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌رنج له هه‌ردوو دروشمه‌که بده‌ین ، واته " کرێکارانی جیهان یه‌کگرن " و " کرێکارانی کوردستان یه‌کگرن " ئه‌وا دوو روانگه‌ی جیاواز بۆ جیهان ده‌بینین : یه‌که‌میان گیانی ئینته‌رناسیۆنالیستی پڕۆلیتاری و ، دوومیان گیانی ده‌مارگیریی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌رده‌بڕێت ، که دوو باری سه‌رنجی ناکۆکن و له هیچ خاڵێکدا به‌یه‌کتری ناگه‌ن .
ده‌مارگیریی نه‌ته‌وایه‌تی ، که له‌م دروشمه‌دا ، ئه‌رکی یه‌کگرتنی کرێکاران له سنووری کوردستاندا دیاریده‌کات و خۆی له جیهان داده‌بڕێت ؛ ده‌بێته مایه‌ی ده‌به‌نگی و به‌سته‌ڵه‌کی هوشیاری له‌نێو کرێکارانداو ، ریزه‌کانیان که‌رت که‌رت ده‌کات و ، جڵه‌وی رابه‌ریکردنیان به‌ده‌ست بۆرژوازییه‌ته‌وه ده‌دات ، له کاتێکدا ئاسۆیه‌کی رووناک و به‌رین و مه‌ودایه‌کی فراوانتر بۆ خه‌بات و دواڕۆژو چاره‌نووسی ئاده‌میزاد له دروشمی یه‌که‌میاندا به‌رچاو ده‌که‌وێت .
چینی کرێکار له سه‌رانسه‌ری جیهاندا به کوردستانه‌که‌ی خاوه‌ن پرسیاریشه‌وه یه‌ک بزافی چینایه‌تی پێکده‌هێنن که سنووره‌کان ده‌بڕێت و ئامانجه‌کان و هیواکان له‌یه‌کتریدا ده‌توێنێته‌وه ، ئه‌ویش ئامانجی هێنانه‌کایه‌ی کۆمه‌ڵگای سۆسیالیستی و هه‌نگاونانه به‌ره‌و کۆمۆنیزم ؛ له‌به‌ر ئه‌وه کرێکارێکی سۆسیالیست له دیدگایه‌کی فراوانتره‌وه ، که دیدگای سۆسیالیستییه ، ده‌ڕوانێته دواڕۆژی ئه‌م جیهانه‌و له سنووری یه‌ک وڵات‌دا خۆی و بزووتنه‌وه‌که‌ی قه‌تیس ناکات . دواڕۆژی ئه‌م جیهانه‌ش به شۆڕشی جیهانیی پڕۆلیتاریاوه به‌نده‌و ، سۆسیالیزم به‌بێ ئه‌م شۆڕشه جیهانییه نایه‌ته‌دی ، ئه‌وه‌ش به‌بێ گیانی ئینته‌رناسیۆنالیستی و بزووتنه‌وه‌یه‌ک که ئه‌م گیانه له‌خۆیدا به‌رجه‌سته‌بکات له توانادا نییه . ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ش هه‌ر ده‌بێت کۆکه‌ره‌وه‌ی وزه‌ی شۆڕشگێرانه‌ی پڕۆلیتاریای جیهانی و ، ئامرازی ئاڕاسته‌کردنی شۆڕشه جیهانییه‌که بێت ، بۆیه مه‌رجێکی سه‌ره‌کی و هه‌ره پڕ بایه‌خی خه‌بات بۆ سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی پڕۆلیتاریای جیهانی ، به‌لاوه‌نانی ده‌مارگیریی نه‌ته‌وه‌ییه ، واته خۆنه‌به‌ستنه‌وه‌یه به‌چوارچێوه‌ی نیشتمان و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌وه .
( کرێکارانی جیهان یه‌کگرن ) دروشمێکه کۆمۆنیسته‌کان به‌رزیده‌که‌نه‌وه ، دروشمێکه ره‌وتی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی و ناسنامه‌که‌ی دیاریده‌کات ، دروشمی شۆڕشێکه که به‌بێ هاوپشتی و خه‌باتی یه‌کگرتووی هه‌موو کرێکارانی جیهان نایه‌ته‌دی . جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاریکاریی ئینته‌رناسیۆنالیستی هه‌موو کرێکارانی جیهان مه‌رجێکی زیندووی سه‌رکه‌وتنه ، ده‌بێت شانبه‌شانی یه‌کتر ریزه‌کانی چینه‌که‌ی خۆیان رێکبخه‌ن و به هه‌ڵگرتنی ئه‌م دروشمه یه‌کپارچه‌یی ریزه‌کانیان بپارێزن و ، به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تی خۆیان ، برایه‌تیی چینایه‌تییان به‌هێزبکات و ، وه‌ک هێزێکی یه‌کگرتووی پڕ توانا به‌گژ دێوی سه‌رمایه‌دا بچن و دوائاکام ته‌ختیبکه‌ن .
کۆمۆنیزم بۆخۆی بزووتنه‌وه‌یه‌که له جه‌وهه‌ردا ئینته‌رناسیۆنالیستی . هیچ جۆره ده‌مارگیرییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له‌نێو ئاووهه‌وای ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا ناژی . یه‌کگرتوویی کرێکارانیش به‌خه‌باتی بێ‌وچان دژی ژه‌هری نه‌ته‌وه‌په‌رستیی پێکدێت و ده‌مێنێته‌وه ، چونکه تێکۆشانی ئینته‌رناسیۆنالیستیی کرێکاران ئامرازێکه بۆ به‌رهه‌ڵستیکردنی رکوکینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی که هه‌میشه چه‌کی ده‌ستی سیستمی سه‌مایه‌داریی جیهانی بووه بۆ تێکدان و گه‌نده‌ڵکردنی یه‌کگرتوویی چینایه‌تی پڕۆلیتاریا . کرێکارانی هوشیار له‌ڕووی چینایه‌تییه‌وه‌و ، که‌سه پێشڕه‌وه‌کانیشیان ، واته کرێکارانی سۆسیالیست ، هه‌میشه ئه‌رکه پڕۆلیتارییه‌کان له‌ڕیزی پێشه‌وه‌دا داده‌نێن ، چونکه ده‌زانن که به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌میشه‌یی کار دژی سه‌رمایه‌و ، به‌رژه‌وه‌ندیی رزگاربوونی مرۆڤایه‌تی و بنبڕبوونی هه‌موو شێوه‌کانی چه‌وساندنه‌وه له‌به‌دیهێنانی ئه‌و ئه‌رکانه‌دایه . ئه‌و ئه‌رکانه‌ش یه‌کگرتوویی چینایه‌تییان ده‌خوازێت . هه‌ر له‌به‌ر تیشکی ئه‌م راستییه‌شدایه که شۆڕشی کرێکاریی پێویستی به په‌روه‌رده‌کردنی چینایه‌تی پڕۆلیتاریایه به گیانی هاوپشتی و یه‌کسانی ، به‌جیاوازی نه‌ته‌وه‌کانیانه‌وه . دیسان هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م پێویستییه‌یه که یه‌کگرتوویی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و رێکخراوه‌یی کرێکاران له سنووری یه‌ک ده‌وڵه‌تدا مه‌رجی سه‌ره‌تایی به‌دیهاتنی دروشمی ( کرێکارانی جیهان یه‌کگرن ) ه له ئاسته جیهانییه‌که‌دا .
دروشمی ( کرێکارانی جیهان یه‌کگرن ) گونجاوترین دروشمێکه که خه‌باتی چینی کرێکار سه‌ر راسته‌ڕێگای مێژوویی خۆی ده‌خات ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆرژوازییه‌ت له ئاستی جیهانیدا ، له‌نێو سیستمی جیهانیی سه‌رمایه‌داریدا ، له به‌رامبه‌ر دوژمنه مێژووییه‌که‌یدا یه‌کگرتووه . برایه‌تیی چینایه‌تیی بۆرژوازییه‌ت له هه‌موو جیهاندا دژی چینی کرێکار راستییه‌که نکوولی لێناکرێت و هه‌موو رۆژێک به‌چاوی خۆمان له هه‌زاران په‌یوه‌ندی و رووداو‌و دیارده‌ی هه‌مه‌چه‌شنه‌دا ده‌یبینین . هاوکاری و که‌سایه‌تیی بۆرژوازییه خۆجێییه‌کان له‌گه‌ڵ بۆرژوازییه‌تی جیهانیی و هاوسۆزییان بۆ یه‌کتری ، بۆ کرێکارانی هوشیارو پێشڕه‌و شاردراوه نییه . له‌به‌ر ئه‌وه ، ئه‌رکی هاریکاریی چینایه‌تیی کرێکاران و گشت چه‌وساوه‌کان دژی ئه‌م کامپه بۆرژوازییه یه‌کگرتووه ، چ له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر وڵاتێکداو چ له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا ، به‌پله‌ی یه‌که‌م دێت و بێ به‌دیهێنانی سه‌رکه‌وتن زامن ناکرێت .
سیستمی سه‌رمایه‌داریی جیهانی ، رۆژ له دوای رۆژ زیاتر جیهانیده‌بێته‌وه ، له‌مپه‌ره نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ناهێڵێت ، دیواره نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌ڕووخێنێت ، به‌زه‌بری سه‌رمایه‌و یه‌کگرتوویی سیستمی ئابووری ، له‌لایه‌ک نه‌ته‌وه‌کان هه‌رسده‌کات و له‌یه‌کتریدا ده‌یانتوێنێته‌وه ، له‌لایه‌کی دیکه‌وه یه‌کگرتنێکی سیاسیی جیهانی بۆ سیستمه‌که‌ی داده‌ڕێژێت ؛ بۆیه له به‌رامبه‌ردا ده‌بێت بزووتنه‌وه‌ی چینی کرێکاریش زیاتر جیهانیبێته‌وه ، له‌مپه‌ره نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌جێبهێڵێت ، به‌یه‌کگرتوویی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و رێکخراوه‌یی ، به‌ڕابه‌ری ناوه‌ندێکی ئینته‌رناسیۆنالیستی ، خۆی بۆ شه‌ڕێکی مه‌زنی سه‌روماڵ له‌گه‌ڵ بۆرژوازییه‌تی جیهانیدا ئاماده‌بکات .
کرێکاران نیشتمانیان نییه چونکه وه‌ک ( لێنین ) ده‌ڵێت ؛
•- سیستمێکی ئابووری که له سایه‌یدا ده‌ژین ، واته کاری کرێگرته سیستمێکی نه‌ته‌وه‌یی نییه به‌ڵکو جیهانییه.
•- دوژمنه چینایه‌تییه‌که‌یان ، دوژمنێکی جیهانییه .
•- مه‌رجه‌کانی رزگاربوونیشیان دیسان هه‌ر جیهانییه ، بۆیه یه‌کگرتنی جیهانییانه‌شیان له یه‌کگرتنی نه‌ته‌وه‌یی گرنگتره .[ لینین - نصوص حول الوطن والوطنیة - ل 165 ]
له‌م دیدگا مارکسییه‌وه ، دروشمی " کرێکارانی کوردستان یه‌کگرن " له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستیی کرێکاراندا جێگه‌ی نابێته‌وه‌و ، کرێکارانی کوردستان ده‌بێت وه‌ک هاوچینه‌کانیان له هه‌موو دنیادا دروشمی" کرێکارانی جیهان یه‌کگرن " به‌شه‌کاوه‌یی رابگرن .
هه‌ولێر / کانوونی یه‌که‌می 1997
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Friday, June 13, 2008
مارکسییه‌کان باوه‌ڕیان وایه که کۆمه‌ڵ له پێکهاته‌یه‌کی سیاسی - ئابووری - کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بۆ پێکهاته‌یه‌کی دیکه ، به‌ڕێگای توندوتیژیی و شۆڕش ده‌گوێزرێته‌وه . ئایا ئه‌م یاسایه له قۆناغی گواستنه‌وه‌دا بۆ کۆمه‌ڵگای کۆمۆنیزم چیلێدێت ؟ ئایا ئه‌م پێکهاته‌یه به شۆڕش دێته‌دی ؟ ئه‌گه‌ر وه‌هایه چ چینێک شۆڕش ده‌کات و دژی چ چینێک ده‌کرێت ؟
ئه‌م پرسیاره له‌نێو چه‌په‌کان و له‌نێو ناسیۆنالیسته‌کانیشدا ده‌کرێت . له‌نێو سۆسیالیسته‌کاندا وه‌ک شۆڕشی کۆمۆنیستی ناوده‌برێت و ، له‌ناو ناسیۆنالیسته‌کانیشدا بۆ نکوولیکردن له‌و قۆناغه‌ی مێژوو ، واتا قۆناغی کۆمۆنیزم ، باسده‌کرێت . ئه‌م وتاره لێکدانه‌وه‌یه‌کی کورتی رۆژنامه‌وانییه له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا . *
شیکردنه‌وه‌ی مارکسییانه بۆ گۆڕانکاریی کۆمه‌ڵایه‌تی و گواستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا له قۆناغێکه‌وه بۆ قۆناغێکی دیکه ، په‌یوه‌ندیی به ململانێی نێو ژێرخانی ئابوورییه‌وه هه‌یه ، کاتێک که هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێناندا ناگونجێن و ، ئه‌م په‌یوه‌ندییانه کۆسپ له‌به‌رده‌م گه‌شه‌کردنیدا داده‌نێن . به واتایه‌کی دیکه کاتێک هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان ناکۆکی و ململانێی به‌ره‌وڕووی په‌یوه‌ندییه‌کانی خاوه‌ندارێتی ده‌بێته‌وه‌و ، چیتر بێ گۆڕانکاریی له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا گه‌شه‌ناکات ، ئه‌وا مارکس گوته‌نی : " سه‌رده‌می شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستپێده‌کات " [مارکس ، پێشه‌کی به‌شدارییه‌کی ره‌خنه‌گرانه له ئابووریی سیاسی ]
به‌م پێیه گه‌شه‌کردنی ناکۆکییه‌کانی نێو شێوازێکی مێژوویی به‌رهه‌مهێنان ، رێگایه‌کی مێژوویی چاره‌سه‌رکردنی ناکۆکییه‌کانه‌و ، به‌بێ ئه‌مه شێوه‌ی نوێی به‌رهه‌مهێنان سه‌رهه‌ڵنادات . ئه‌م رێگا مێژووییه ، له‌ڕێی توندوتیژیی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌و چینانه‌وه که نوێنه‌ری هێزه نوێیه‌کانی به‌رهه‌مهێنانن ، ده‌گیرێته‌به‌رو ، له‌ڕێی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیی چینی پێشڕه‌وی ئه‌و قۆناغه مێژووییه‌وه ، کۆمه‌ڵگای نوێ و قۆناغی نوێ و شێوه‌ی نوێی په‌یوه‌ندییه‌کانی خاوه‌ندارێتی له‌دایک ده‌بن . ئه‌مه له مێژووی هه‌موو کۆمه‌ڵگا چینایه‌تییه‌کاندا یاسای گۆڕان و گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵایه‌تی بووه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێی سه‌رنجه ، جیاکردنه‌وه‌ی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمه وه‌ک دوو قۆناغی مێژوویی و دوو شێوازی به‌رهه‌مهێنانی جیاواز ، چونکه ئه‌و گواستنه‌وانه‌ی هه‌تا ئێستا له مێژوودا روویانداوه به‌و شیوه‌یه بووه ، وه‌ک گواستنه‌وه له قۆناغی کۆیله‌یه‌تییه‌وه بۆ قۆناغی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و ، گواستنه‌وه له قۆناغی ده‌ره‌به‌گایه‌تییه‌وه بۆ قۆناغی سه‌رمایه‌داری و له‌م قۆناغه‌شه‌وه بۆ سۆسیالیزم .
زۆرکه‌س هه‌مان ره‌وتی گۆڕانکاریی نێوان ده‌ره‌به‌گایه‌تی و سه‌رمایه‌داری یان پڕۆسه‌ی گواستنه‌وه له سه‌رمایه‌دارییه‌وه بۆ سۆسیالیزم گشتیده‌که‌نه‌وه‌و وه‌ک یاسایه‌ک بۆ گواستنه‌وه له سۆسیالیزمه‌وه بۆ کۆمۆنیزم ده‌یخه‌نه‌ڕوو ؛ وه‌ک سه‌لمێنراوه‌یه‌ک سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم له‌یه‌کتری داده‌بڕن ، بۆیه وه‌هاش بۆیده‌چن که یاسای شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی و گواستنه‌وه له قۆناغ و پێکهاته‌یه‌که‌وه بۆ قۆناغ و پێکهاته‌یه‌کی دیکه ، ده‌بێت ئه‌م گواستنه‌وه‌یه‌ش بگرێته‌وه . بنچینه‌ی تێگه‌یشتنی هه‌ڵه له‌و گۆڕانکارییه ئالێره‌وه ده‌ستپێده‌کات ، بۆیه ده‌بێت ئه‌م خاڵه شیبکرێته‌وه تا هیچ ئاڵۆزییه‌ک له تێگه‌یشتنیدا نه‌مێنێت و ، یاسا راسته‌کانی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی و گۆڕانکاریی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌شیوێندرێت .
مارکس سه‌باره‌ت به قۆناغی سۆسیالیزم ده‌ڵێت : " له‌نێوان کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری و کۆمۆنیزمدا ماوه‌کی گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانه هه‌یه . له‌م ماوه‌یه‌دا کۆمه‌ڵگا له سه‌رمایه‌دارییه‌وه بۆ کۆمۆنیزم ده‌گوێزرێته‌وه . هاوشانی ئه‌م ماوه‌یه ، ماوه‌یه‌کی گۆڕانکاریی سیاسی له ئارادا ده‌بێت که تیادا ده‌وڵه‌ت دیکتاتۆریی شۆڕشگێڕانه‌ی پڕۆلیتاریا ده‌بێت . " [ مارکس ، ره‌خنه له به‌رنامه‌ی گۆتا ]
( لێنین ) یش سه‌باره‌ت به‌م ماوه‌یه ده‌ڵێت : " گواستنه‌وه له کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌دارییه‌وه بۆ کۆمۆنیزم به‌بێ ماوه‌یه‌کی گۆڕانکاریی سیاسی هه‌رگیز روونادات . ده‌وڵه‌تیش له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌رده‌بێت دیکتاتۆریی شۆڕشگێڕانه‌ی پڕۆلیتاریا بێت . " [ لێنین ، ده‌وڵه‌ت و شۆڕش ] که‌واته ئه‌وه‌ی به سۆسیالیزم ناوده‌برێت ، ماوه‌یه‌کی مێژووییه که دوابه‌دوای سیستمی سه‌رمایه‌داری دێته‌کایه‌وه‌و ، بۆ خۆی سه‌ره‌تای رێکخستنێکی نوێی ژیانه که کۆمۆنیزمی پێده‌ڵێن ، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌شێت شۆڕشی سۆسیالیستی که دژی سه‌رمایه‌داری ده‌کرێ ، به‌شۆڕشی کۆمۆنیست‌یش ناوببرێت چونکه هه‌ردوو ناوه‌که شێوه‌و ناوه‌رۆکی یه‌ک شۆڕش ده‌رده‌بڕن . له‌م شۆڕشه‌دا ، سه‌ره‌تا که به سۆسیالیزم ناوده‌برێت ، ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داری وردوخاشده‌کرێت و ، پڕۆلیتاریا وه‌ک چینێکی باڵاده‌ست ، له کۆمه‌ڵگایه‌کدا که ئامانجی سه‌ره‌کی نه‌هێشتنی چینایه‌تییه ، کۆمه‌ڵگا به‌ڕێوه‌ده‌بات .
ماوه‌ی سۆسیالیزم له پڕۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا له سه‌رمایه‌دارییه‌وه بۆ کۆمۆنیزم ، ماوه‌یه‌که پێویستیی به ده‌وڵه‌ت هه‌یه . ئه‌م ده‌وڵه‌ته بۆخۆی ، میراتی کۆمه‌ڵگا چینایه‌تییه‌کانه ، ده‌وڵه‌تی بۆرژوازییه به‌بێ بۆرژوازییه‌ت و ، له‌ژێر سایه‌ی پڕۆلیتاریادا ده‌بێته ئامرازی هاڕینی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازییه‌ت و ، زه‌مینه‌ی نه‌مانی ده‌وڵه‌ت یان پووکانه‌وه‌ی خۆشده‌کات .
له‌م بۆچوونه‌وه ده‌توانرێت پڕۆسه‌ی گۆڕانکاریی و گه‌یشتن به کۆمۆنیزم بزانرێت ، که پڕۆسه‌یه‌که سه‌ره‌تا دیکتاتۆرییه‌تی ره‌های چینی پڕۆلیتاریای ده‌وێت و ، له‌ڕه‌وتی خۆیدا ، به‌ره به‌ره له‌سه‌ر ئاستی جیهانیی پڕۆسه‌که ده‌باته‌پێشه‌وه ؛ واته کاری توندوتیژیی شۆڕشگێڕانه ، یان شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ گۆڕینی پێکهاته‌یه‌ک به پێکهاته‌یه‌کی دیکه‌ی تێدا نییه ، چونکه ئه‌و گۆڕانکارییه‌ی که ده‌کرێت له کۆمه‌ڵگایه‌که‌وه‌یه که مافه بۆرژوازییه‌کان له دروشمی " هه‌رکه‌س به‌پێی کاری خۆی " دا به‌رجه‌سته‌ده‌بێت ، بۆ کۆمه‌ڵگایه‌ک که مافی بۆرژوازییانه‌ی تێدا ده‌پووکێته‌وه‌و " هه‌رکه‌س به‌پێی پێداویستییه‌کانی خۆی " له به‌رهه‌مهێنانی گشتی وه‌رده‌گرێت . له‌سه‌ر ئاستی ژێرخانی ئابووریش ، پێویستیی به شه‌ڕی چینایه‌تی و کاری توندوتیژیی نییه ، بۆیه یاسای شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی و گۆڕانکاریی له شێوازی به‌رهه‌مهێناندا ، له‌م گواستنه‌وه‌یه‌دا گؤڕانی به‌سه‌ردا دێت و له ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌ی گواستنه‌وه‌دا ململانێکان له سه‌رخانی کۆمه‌ڵدا کۆده‌بنه‌وه .
* ساڵانی 1994 - 1998 سکرتێری نووسینی گۆڤاری ( دواڕۆژ ) بووم . دوای ده‌رکردنی چه‌ند ژماره‌یه‌ک کۆمه‌ڵیک نامه‌مان له خوێنه‌رانه‌وه بۆ ده‌هات که هه‌ندێکیان له شیوه‌ی پرسیاردا بوون له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له فیکرییانه‌ی له گۆڤاره‌که‌دا بڵاوده‌کرایه‌وه . وه‌ڵامی زۆربه‌ی پرسیاره‌کانم له‌شێوه‌ی وتاری کورت‌دا دایه‌وه ، به‌ڵام راگرتنی گۆڤاره‌که له کۆتایی ساڵی 1998 دا بواری بڵاوکردنه‌وه‌یانی نه‌دا . ئه‌م وتاره وه‌ڵامی یه‌کێک له‌و پرسیارانه‌یه .
هه‌ولێر / کانوونی دووه‌م 1998
درێژه‌ی باسه‌که
کۆمینته کان0 |
Thursday, June 12, 2008
ئه‌مڕۆ رۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی دیارده‌ی کارکردنه به منداڵان . رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی کار رۆژی 12 ی حوزه‌یرانی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌ستنیشانکردووه . هه‌ر ئه‌مڕۆ به ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌م رێکخراوه‌و یه‌کێتیی جیهانیی سه‌ندیکاکان ، که ئێستا رێکخراوه‌که ( 28 ئایار - 13 حوزه‌یران ) نه‌وه‌دوحه‌وته‌مین کۆنگره‌ی خۆی له جنێف ده‌به‌ستێت ، دانیشتنێکی تایبه‌تی به‌م بۆنه‌یه‌وه ده‌کرێت بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرته‌ی ده‌رباره‌ی دیارده‌ی کارکردنی منداڵان له جیهاندا ئاماده‌کراوه . دوای ئه‌وه‌ش خۆنیشاندانێک بۆ به‌رده‌م ( کۆشکی نه‌ته‌وه‌کان ) له جنێف سازده‌که‌ن تیادا ژماره‌یه‌کی به‌رچاو منداڵان و که‌سایه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی و سه‌ندیکایی و سه‌رۆکی حکومه‌تی کانتۆنی جنێف و سه‌رۆکی شاره‌وانی به‌شدارییده‌که‌ن و ، له‌ژێر دروشمی " نابێت منداڵان کاریان پێبکرێت " دا ، له‌سه‌ر یاداشتێکی گه‌وره ، بۆ پشتگیریی ئه‌و دروشمه ده‌ست به ئیمزاکۆکردنه‌وه ده‌کرێت .
ئه‌مڕۆ شه‌ست ده‌وڵه‌ت به‌ڕه‌سمی ، له‌ڕێی چه‌ندین چالاکیی جۆراوجۆره‌وه به‌شداریی له‌م بۆنه‌یه‌دا ده‌که‌ن ، پاشان هه‌ڵمه‌تێکی کۆکردنه‌وه‌ی یارمه‌تی بۆ دابینکردنی کتێبی تایبه‌ت بۆ منداڵان به‌رپاده‌کرێت تا رێکخراوه‌کانی نێوده‌وڵه‌تی کار‌و یۆنسکۆو یونسیف له به‌رنامه‌کانی فێرکردنی منداڵاندا به‌کاریبهێنن و هه‌وڵی رزگارکردنی منداڵان له بازاڕی کار بده‌ن .
ئه‌م هه‌ڵمه‌ته جیهانییه بۆ نه‌هێشتنی دیارده‌ی کارکردن به منداڵان به‌شێکه له هه‌ڵمه‌تێکی گشتی‌تر که رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی کار له پێناوی یه‌کسانیی گشتی له کاردا سازیده‌دات ، له‌ڕێی زامنکردنی کاری شیاوی یه‌کسان بۆ هه‌موو که‌سێک به ژن و پیاوه‌وه .
ئه‌م به‌رنامه‌یه دژی کارکردن به منداڵان راده‌وه‌ستێت و ، ده‌یه‌وێت له‌ڕێی زامنکردنی خوێ